موچەی ئەم مانگەی مامۆستایان پەیوەستە بە هاتنی پارەكەی بەغداوە
2018-07-03 12:56:38
( درەو میدیا):
بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسانی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتەكانی تر، حكومەتی هەرێمی چاوەڕوانی پارەی بەغدایە.
ئەمڕۆ 3سێی تەمموز وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی دابەشكردنی موچەی مانگی نیسانی 2018ی وەزارەتەكانی راگەیاند.
بە گوێرەی ئەو راگەیەنراوەی كە بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویكردوەتەوە دابەشكردنی موچە تاوەكو رۆژی 16ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و بەمشێوەیە موچەی وەزارەتەكان دەدرێت:
چوارشەممە 4-7-2018:
دیوان و لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگە
پێنجشەممە 5-7-2018:
یەكەكانی 70 و 80ی وەزارەتی پێشمەرگە
یەكشەممە 8-7-2018:
زێرەڤانی و هێزی ئامادە
دووشەممە 9-7-2018:
1.وەزارەتی تەندروستی
2.وەزارەتی دارایی و ئابووری
سێشممە 10-7-2018: ئەنجوومەنی ئاسایش
چوارشەممە 11-7-2018: دەزگای ئاسایش
پێنجشەممە 12-7-2018:
1.وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراون
2.كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی
3.وەزارەتی داد
4.ئەنجوومەنی دادوەری
5. وەزارەتی كارەبا
یەكشەممە 15-7-2018:
1.وەزارەتی شارەوانی
2.وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن
3.وەزارەتی پلاندانان
4.وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
5.دیوانی چاودێری دارایی
6.دەستەی مافی مرۆڤ
7.دەستەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
8.دەستەی ژینگە
9.دەستەی وەبەرهێنان
10دەستەی دەستپاكی
11.كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی
12.دەزگای مین
دووشەممە 16-7-2018:
1.وەزارەتی ئەوقاف
2.وەزارەتی كشتوكاڵ
3.وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی
4.وەزارەتی رۆشنبیری
5. وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە
وەزارەتی پەروەردە كە لە لیستی مانگی پێشوودا یەكەمین وەزارەت بوو بۆ وەرگرتنی موچە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەم لیستەی نوێیەی موچەی مانگی نیساندا دانەنراون، ئەوەش ناڕەزایەتی بەرفراوانی مامۆستایانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتەوە.
دوای ئەو ناڕەزایەتییە وەزارەتی دارایی و ئابووری یەوە لە رونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی و مامۆستایان دەڵێت:" لە سەرەتای راگەیاندنی سیستمی نوێی دابەشكردنی مووچە ئەوە راگەیاندرا كە بنەمایی ئەم سیستمە لە سەر دوو بڕە پارەیە، ئەوانیش 378 ملیار دیناری داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ 317 ملیار دینارەیە كە بەغداد دەینێرێت، بۆیە مانگانە مووچە لەكاتی خۆی دابەشدەكرێت بە دوو لیست، لە لیستی دووەم لەگەڵ گەیشتنی بڕە پارەكەی بەغدا یەكەم وەزارەت، وەزارەتی پەروەردە دەبێت".
تائێستا پارەی تاقیكردنەوەكان نەدراوە
تاقیكردنەوەكانی خولی یەکەمی قۆناغی ئامادەیی و نۆی بنەڕەتی ساڵی 2018ی هەرێمی كوردستان رۆژی 27ی ئایاری رابردوو دەستیپێكرد و رۆژی 10 حوەزیران كۆتایی هات و ئەنجامەكانیش راگەیەندران، بەڵام تا ئێستا پارەی پاداشتی بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێر و كارگوزارەكانی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە نەدراوە.
بەڕێوەبەری هۆڵێكی قۆناغی ئامادەیی لە پەروەردەی سلێمانی كە بۆ " درەو میدیا" قسەیكرد رایگەیاند مامەڵەی پارەی پاداشتی چاودێر و خەرجیی هۆڵەكانی تاقیكردنەوەیان پێشكەشی پەروەردە كردووە و وردبینی كراوە و پێیان ڕاگەیەنراوەن ئێستا پارە لە بەردەستدا نییە، هەر كاتێك پارە هەبوو دابەشیدەكەن.
لەلایەن خۆشیەوە سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیس بووك وەك رای تایبەتی خۆی نوسیویەتی"
پاساوەكەی وەزارەتی دارایی سەبارەت بەدواخستنی موچەی مامۆستایان، پاساوێكی بێ بنەما و نالۆژیكانەیە، سوكایەتیە بەئیرادەی بەرزی مامۆستایان، نابێت قبوڵ بكرێت"