رێگەنادرێت تەڤگەری ئازادی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات
2018-07-03 11:39:22
(درەو میدیا):
لەسەر سكاڵایەكی سیروان گەردی, كادری پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگی رێكخراوەكان، رێگە بە تەڤگەری ئازادی كوردستان نادرێت بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات.
سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان بە " درەو میدیا"ی راگەیاند لەلایەن ئەو دادگایەی كە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی كوردستان پێكیهێناوە، بەشداریكردنی تەڤگەری ئازای كۆمەڵگای كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا رەتكراوەتەوە".
ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد دادگاكەی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان لەسەر سكاڵایەكی سیروان ئیدریس ئەبوبەكر " سیروان گەردی" سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگی رێكخراوەكان بڕیاریداوە كە بەشداری تەڤگەری ئازای رەتبكرێتەوە".
لە لێدوانێكیدا بۆ " درەو میدیا" سیروان گەردی رایگەیاند وەك تۆڕی هەماهەنگگی رێكخراوەكان سكاڵایان لەسەر تەڤگەری ئازادی تۆماركردووە و سكاڵاكەشیان لەسەر دوو خاڵە، یەكەمیان ئەوەیە تەڤگەری ئازادی مۆڵەتی یاسایی بە حكومەتی هەرێم وەرنەگرتووە و دووەمیش پەیوەندی بە فۆرمی ژمارە 102 ەوە هەیە كە تایبەتە بە وەرگرتنی ئیمزای 500 كەس.
تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان كە نزیكە لە پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە"ەوە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێدا هاوپەیمانی كرد و بە گوێرەی ئەو ئەنجامانەی كە تائێستا لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە پەسەندنەكراون، ژنە كاندیدێكی تەڤگەر سەركەوتنی بەدەستهێناوە و كورسییەكی پەرلەمانی عێراقی مسۆگەركردووە.
سیروان گەردی سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگی رێكخراوەكان فۆتۆ- فەیسبوكی سیروان گەردی