Draw Media

كارەبا... قەیرانێك كە بەرۆكی هاوڵاتیان بەرنادا

كارەبا... قەیرانێك كە بەرۆكی هاوڵاتیان بەرنادا

2018-07-03 10:56:35


راپۆرتی: محەمەد رەئوف
" ئێستا وەزارەتی كارەبا 2700 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت بەڵام خواستی بەكارهێنانی كارەبا بۆ 4500 مێگاوات بەرزبووەتەوە بەم بڕە كارەبایەش دەتوانرێت 12 كاتژمێر كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكرێت" ئەمە رونكردنەوەی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمە كە داوا لەهاوڵاتیانی دەكەن هاوكاریان بن لە كەمكردنەوەی زیاد بەكارهێنانی كارەبا.
كێشەی بەردەوامی كارەبا بە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئامێرەكانی كارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە چارەسەر نابێت، چونكە جەوهەری كێشەكە پەیوەستە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەبوونی پلانی ستراتیژی بۆ چارەسەری كێشەی كارەبا، كە لە ئێستادا بەشێكی زۆری یەكەكانی وێستگەكانی كارەبا لەكار كەوتوون بەهۆی دابیننەكردنی سوتەمەنی بۆیان، كە بەپێی رونكردنەوەیەكی عەلی حەمە ساڵح ئەندامی لیژنەی نەوتی غازی پەرلەمانی كوردستان" بە هۆی دابیننەكردنی سوتەمەنی ٦٠٪ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كە ١٨ یەكەی ١٢٥ مێگاواتیە كارناكات" عەلی حەمە ساڵح رونكردنەوەی زیاتر دەدات"  ١٠ یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبای كۆمپانیای ماس كارناكات،كە توانای بەرهەمهێنانی ١٢٥٠ مێگاوات كارەبای هەیە، ٤یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبای بازیان كە توانای بەرهەمهێنانی ٥٠٠ مێگاوات كارەبای هەیە، تەنیا یەك دانەیان بۆ كەركوك كاردەكات، حكومەتی هەرێم سوتەمەنی بۆ دابینناكات، ٤ یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە كەڵەك بەهۆی دابیننەكردنی سوتەمەنی كارناكات كە توانای بەرهەمهێنانی ٥٠٠ مێگاوات كەرەبای هەیە، بەشێكی بۆ موسڵ كاردەكات" 
 

حكومەت ماڵ ئاوایی نەكرد
10 ساڵ تێپەردەبێت بەسەر وتە بەناوبانگەكەی بەرپرسێكی ئەم وڵاتە كە وتی(ئەگەر تا ساڵێكی تر كێشەی كارەبا چارەسەر نەكرێت پێویستە ئەم حكومەتە ماڵئاوایی بكات و بروات ) ئەم وتەیە لە ساڵی 2008 دا وتراوە ئێستا 2015 یەو 7 ساڵ بەسەر ئەو وتە بەناوبانگەدا تێپەریوەو كارەبا لەوسا خراپترەو حكومەتیش وەك خۆی ماوەو نیازی نیە ماڵئاوایی بكات ، كێشەو قەیرانی كارەبا بۆ نەبوونی پلانی ستراتیژی روونی حكومەت دەگەرێتەوە بۆ كارەبا بەو پێیەی حكومەت ساڵانە ( 4 ملیار و 500 ملیۆن  دۆلار) بە كارەبا دەدات و كێشەی كارەباش چارەسەر نەكراوە، لە كاتێكدا تەنها بەو پارەیە دەتوانێت زیاتر لە 9 وێستگەی كارەبایی 500 مێگاواتی پێ دابمەزرێنێت كە دەكاتە ( 4500 مێگاوات) كارەبا كە بەتەواوی بەشی پێداویستی هاوڵاتیان دەكات، لە كاتێكدا ئێستا رەوشی كارەبا زۆر خراپە و هیچ ئاسۆیەكیش نیە بۆ چارەسەری یەكجارەكی، ئەمە لە كاتێكدایە هاوڵاتیانیش بە چوار رێگە پارەی كارەبا دەدەن، پارەی كارەبای ماڵەكەی راستەوخۆ دەیدات پارەی مۆلیدە راستەوخۆ دەیدات، پارەی كڕینی كارەبا كە حكومەت دەیدا لە داهاتی گشتیەو لە بەشی هاوڵاتیانە، پارەی گازئۆیل و غاز بۆ وێستگەكان لە پارەی گشتیە و لە بەشی هاوڵاتیانەو حكومەت دەیدا ئێستاش كە كارەبا لە قەیرانێكی گەورەدایە كە بەشێكی كێشەكە بۆ نەبوونی سوتەمەنی بۆ وێستگەكان دەگەرێتەوە.
 
هاوڵاتی و كارەبا 
بەردەوام خواستی هاوڵاتیان بۆ كارەبا زیاد دەكات و لەبەرامبەریشدا حكومەت وەك خۆی بەبێ پلان و دەستەوەستانە لە ئاستی كێشەكەدا،  بەپێی راپۆرتی وەزاری كارەبا كە لە 29/12/2014 لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان خوێندیەوە  لە ئێستادا ( 1 ملیۆن و 149 هەزار و 790 )بەشداربووی كارەبا هەیە و  گەشەی خواست لەسەر كارەبای هەرێم ( 15.2% )ەوە كە لەسەر ئاستی جیهانی گەشەی كارەبا لە ( 4% بۆ 6% ) زیاتر نییە، لە ئێستاشدا ژمارەی بەشداربوان زۆر زیادی كردووە.
ئەگەر پارێزگای سلێمانی وەك نمونە وەربگرین ساڵی 2010 كە ( 378 هەزارو 250 ) بەشداربووی كارەبا هەبووە بەڵام تا 31/12/2011 ئەو ژمارەیە دەبێت بە ( 418 هەزارو 744 ) بەشداربووی كارەبا ، واتا ( 40 هەزارو 494 ) بەشداربوو زیادی كردووە لە یەك ساڵدا ، ‏ هاوكات هاوبەشانی كارەبا  لەڕێكەوتی (31-12-2012)دا بووە بە ( 458 هەزارو 421 ) واتا ( 40 هەزار ) هاوبەشی كارەبا زیادی كردووەو لەڕێكەوتی (31-12-2013) بووە بە ( 497 هەزارو 951 ) بە هەمان شێوە نزیكەی ( 40 هەزار ) هاوبەشی كارەبا زیادی كردووە، لە ساڵی 2014شدا زیاتر لە ( 40 هەزار ) هاوبەشی كارەبا زیادی كردووە، واتا لەماوەی 5 ساڵدا 2010 بۆ 2015 زیاتر لە ( 200 هەزار ) هاوبەشی كارەبا زیادی كردووە. 
ئەمەلە كاتێكدایە كە وەزارەتی كارەبا ساڵانە نزیكەی 250 ملیار دینار داهاتی هەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە كەمتر هاولاتیان پارەی كارەبایان داوە،  كە لە ساڵی 2014 داداهاتی كارەبای هەرێمی كوردستان ( 232 ملیارو 176 ملیۆن دینار)  بووە. هەروەها ( 249 ملیارو   899 ملیۆن) دیناری لە قەرزە كە ( 136 ملیۆن و 849 ملیۆن) دینار قەرز لای هاووڵاتیانە و ( 113 ملیارو 50 ملیۆن )دیناریش قەرزە لەلای دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

بەرهەمهێنانی كارەبا 
لە ئێستادا خواستی هاولاتیانی هەرێم بۆ كارەبا لە ئێستادا ( 4500 بۆ 5000 مێگاواتە ) بەڵام  ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا تەنها ( 2700 مێگاواتە) بەو پێیەش ( 1800 مێگاوات ) كورتهێنان هەیە، لە ئێستادا سێ ویستگەی كارەبای سەرەكی كە هەر یەكەیان ( 1000 مێگاوات) كارەبا دەدات، جگە لە چەند وێستگەیەكی دیكە ،  كۆمپانیای ( ماس )ی ئەحمەد ئیسماعیل لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك، هەرەیەكەی 8 یەكەیە هەر یەكەیەك 125 مێگاوات كارەبا بەرهەمدێنێت، كە لە ئێستادا 10 یەكەی كارناكات، واتا 1250 میگاواتی لەكاركەوتووە، ئەم یەكانە بەشێكی گۆراوە بۆ غازی سروشتی بەلام  ( 12 یەكەی) بە گاز ئۆییل كار دەكەن كە هەر لیترێكی ( 1100 دینار ) لەسەر حكومەت دەكەوێت، كە هەر یەكەیەك لە شەو رۆژێكدا نزیكەی ( 1 ملیۆن لیتر ) گاز ئویلی دەوێت، واتا هەر یەكەیەك شەو رۆژێك بایی ( 1 ملیار و 100 ملیۆن دینار ) گاز ئۆیلی دەوێت كە مانگانە ( 33 ملیار و ) ساڵانە ( 396 ملیار) دیناری دەوێت، كە دەكاتە ( 330 ملیۆن دۆلار ) بەو پێیەش تەنها ئەو 12 یەكەیەی كە بە گاز ئۆیل كاردەكەن ساڵانە تەنها پارەی گاز ئۆیلەكەیان نزیكەی ( 3 ملیارو 960 ملیۆن دۆلارە)، سەرەرای ئەم گاز ئۆیلەی كە حكومەت بۆ ویستگەكانی كارەبای كەرتی تایبەتی ( ماس )ی ئەحمەد ئیسماعیلی دابین دەكات، حكومەت كارەبا بە (  3 بۆ 3.2 سەنت )بۆ هەر ( كیلۆوات ئەوەرێك) لەو كۆمپانیایە دەكڕێتەوە، واتا بە خەرجی ئەو گاز ئۆیل و غازەی كە حكومەت بۆ كۆمپانیاكەی دابین دەكات لەگەڵ پارەی كڕینی كارەباكە، ساڵانە حكومەت بایی نزیكەی ( 4 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار) لە كارەبادا خەرج دەكات، ئەمە لە كاتێكدایە كە وێستگەیەكی ( 500 مێگاواتی ) بە ( 500 ملیۆن ) دینار دادەنرێت واتا هەر مێگاواتێك بە نزیكەی ( یەك ملیۆن دۆلاری) تێدەچێت، واتا حكومەتی هەرێم ئەو پارەیەی كە بۆ یەك ساڵی كارەبا خەرجی دەكات و دەیكڕێت لە كۆمپانیای كەرتی تایبەت، دەتوانێت ساڵانە ( 9 وێستگەی كارەبایی 500 مێگاواتی ) پێ دابمەزرێنێت، سەرەرای ئەوەی وەزارەتی كارەبا ئەو بودجەیەی بۆ موچەو بەكاربردنی كارەبا خەرجدەكرێت لە بودجەی 2013 دا ( 573 ملیار و 525 ملیۆن دینار)ەو ژمارەی فەرمانبەرانیشی ( 17 هەزارو  686 ) فەرمانبەرن. 

 

كڕینی كارەبا 
سەرەرای ئەو پارەیەی حكومەتی هەرێم لە بەرهەمهێنان و كڕین كارەبای ناوخۆیی خەرجی دەكات و بڕەكەی نزیكەی ( 4 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار) دەكەوێت لەسەر حكومەت، كە حكومەت دەیتوانی خۆی تەنها بەو پارەیەی ساڵانە لە كارەبادا خەرجی دەكات وێستگەی كارەبای دابمەزرانایەو ئێستا هەم قەیرانی كارەبای چارەسەر دەركردو هەم دەشبوە خاوەنی وێستگەی كارەبا، هاوكات لەگەل كرینی ئەو كارەبایەدا لە ناوخۆ بەشێك لە كارەبا لە توركیا و ئێران دەكرێت، كە  هەرێم ( 130 میگاوات )كارەبا لە توركیا دەكڕێت بە ( 9 سەنت بۆ هەر كیلۆ واتێك ئەوەرێك ) و بڕی 19 میگاوات لە ئیران دەكریت ( بە 7 سەنت) بۆ هەر كیلۆ وات كاتژمیر، لە كاتێكدا حكومەتی هەرێم لەناوخۆدا بە (  3 بۆ 3.2 سەند )بۆ هەر ( كیلۆوات ئەوەرێك) لەو كۆمپانی ئەحمەد ئیسماعیل دەكڕێتەوە، لەگەڵ ئەو خەرجیانەی لە غازو گاز ئۆیلدا خەرجی دەكات  بۆ هەر كیلۆ واتێك ئەوەرێك ( 28  سەنتی ) تیدەچێت، بەو پێیەش ئەگەر حكومەت لە ئێران و توركیا كارەبا بكڕێت ساڵانە زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوەو دەتوانێت 24 كاتژمێریش كارەبا بداتە هاوڵاتیان .
 
 بە داهاتی كارەبا كێشەی كارەبا چارەسەر دەبێت
حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی ستراتیژی وردی نەبووە بۆ چارەسەری قەیرانی كارەبا، بەو پێیەی ئەو پارەیەی كە لە كەرتی كارەبادا خەرجی كردووەو بە داهاتی كارەبا بە ئاسانی دەیتوانی كێشەی كارەبا چارەسەر بكات،  بۆ نمونە ساڵانە نزیكەی ( 4 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار ) تەنها بۆ خەرجی سوتەمەنی وێستگەكانە جگە لە كڕینی كارەبا، كە دەتوانرێت بەو پارەیە نزیكەی 9 وێستگەی 500 مێگاواتی دابمەزرێت كە دەكاتە ( 4500 مێگاوات ) كارەبا، ئەمە سەرەرای ئەو خەرجی و داهاتەی ساڵانەیەی كارەبا خۆی دەتوانێت كێشەی كارەبا چارەسەر بكات، كە پێویستی بە نزیكەی ( 3 وێستگەی 500 مێگاواتی هەیە) بەو پێەی داهاتی وەزارەتی كارەبا لە 2014 دا (232 ملیارو 176 ملیۆن دینار) بووە، لە 2013 داهاتی وەزارەتی كارەبا ( 250 ملیار دینار) بووە، داهاتی وەزارەتی كارەبا لە ساڵی 2012 بە (182ملیارد) دینارەو لە 2011 دا 151 ملیار دینار و ، ساڵی 2010 بری (131 ) ملیار بووەو ساڵی 2009 بری ( 69 ) ملیار دیناربووە. كە هەمووی پێكەوە دەكاتە ( 1 ترلیۆن و 15 ملیار و 176 ) ملیۆن دینار، كە تەنها داهاتی ئەو 5 ساڵە بەشی درووستكردنی دوو وێستگە دەكات، ئەمە سەرەرای ئەوەی تەنها لە نێوان ساڵانی ( 2009  بۆ 2011 ) زیاتر لە ( یەك ترلیۆن و 333 ملیار دینار ) داهاتی وەزارەتی كارەباو بری ئەو بودجەیە بووە كە بۆ وەزارەتی كارەبای هەرێم تەرخانكراوە، ئەمە سەرەرای ئەوەی حكومەت چەندین ملیار دیناری بەهەدەرداراوە، تەنا بەو برە بودجەیەی بۆ بەخشین خەرجكراواوە لە 2012( 630 ملیار ) دەتوانرا وێستگەیەكی ( 500 ) مێگاواتی پێدابمەزرایە ، سەرەرای ئەوەی لە ساڵی 2011 شدا بری (536 ملیارو 962 ملیۆن ) دیناری بۆ بەخشین  خەرجكردووە، پێشتریش لە ساڵی 2008 دا بری ( 748 ملیارو 238 ملیۆن ) دیناری بۆ بەخشین خەرج كردووە ، هاوكات لە سالی 2011 دا بری(463 ملیار  و 748 ملیۆن دینار )ی بۆ كریی كارەبای دامەزراوەكانی حكومەت خەرج كردووە كە دەتوانرا ، واتا بەو پارانەی كە دیاریكراوە بۆ بەخشین دەتوانرا ساڵانە وێستگەیەكی 500 مێگاواتی پێدابمەزرێت.  
 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand