توركیا چۆن كاردەكات بۆ گەڕاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی؟
2018-03-26 19:25:59
وەرگێڕانی: سەفین ئازاد
رۆژنامەی ئیسرائیل ناشناڵ نیوز لە راپۆرتێكی شیكاریدا ئاماژە بە خەونی ئەردۆغان دەكات بۆ گەڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، رۆژنامەكە دەنوسێت لە كۆتایی هەفتەی رابردوو سوپای توركیا و سوپای سوریای ئازادی هاوپەیمانی عەفرینیان داگیركرد، دوای ئەوەی هێزەكانی یەپەگە بڕیاریاندا بكشێنەوە لە عەفرین ئەمیش دوای ئەوەی توركیا و هاوپەیمانەكانی شارەكەیان لە سێ لاوە گەمارۆدابوو، داگیركردنی عەفرین راستەوخۆ لێدان بوو لە خواستی سەربەخۆیی كوردەكانی سوریا .
لە دوای داگیركردنی عەفرین ئەردۆغان هەڕەشەكانی بەرفراوانتركرد و هەڕەشەی لەشكركێشی كرد بۆ مەنبج و كۆبانی و قامیشلۆ و تەنانەت شەنگالی باكوری عێراقیش، بەڵام بەرپرسێكی ئیدارەكەی ترامپ رایگەیاندووە هەرگیز مەنبج جێناهێڵین كە ئێستا 2 هەزار هێزی تایبەتی ئەمریكا لەو ناوچەیە جێگیرن بۆ هاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكراتی دژ بە چەكدارانی داعش، بەڵام چاوەڕوان ناكرێت وەزیری نوێی داهاتووی ئەمریكا مایك پۆمپیو بگاتە چارەسەر لەگەڵ ئەردۆغان بۆ بەرێوەبەردنی هاوبەش لە مەنبج وەك تیلەرسۆن، چونكە پۆمپیو ئەردۆغانی خۆش ناوێت و پێی وایە توركیا ( دیكتاتۆریەتییەكی ئیسلامییە) بەتایبەتیش دوای شكستی كودەتاكەی تەمموزی 2016.
رۆژنامەكە ئەردۆغان بە دیكتاتۆر ناودەبات و پێی وایە ئەردۆغان سەركەوتنەكەی لە عەفرین بەكاردێنێت بۆ هەڕەشەكردن و پەلاماردانی كوردەكان لە عێراق و سوریا، بەو پێیەی ئەردۆغان لەدوای داگیركردنی عەفرین هەڕەشەی هێرشی بۆسەر شەنگالی باكوری عێراق كرد كە 2 هەزار هێزی پارتی كرێكارانی كوردستانی لێیە و ئەوانیش بڕیاری كشانەوەیان داوە لەو شارە و لە هەمانكاتدا ناڕەزایی توندی بەدوای خوێیدا هێنا.
هەرچەندە راپۆرتی رۆژنامەكە بە پشتبەستن بە سەرچاوەكان ئاماژە بەوەدەكات كە توركیا بە فیعلی باكوری عێراقی داگیركردووە بەهۆی ئەو هێرش و پەلامار و بنكانەی لە باكوری عێراق هەیەتی.
هەربۆیە شارەزایانی كاروباری توركیا دەڵێن لەدوای ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆسەر عەفرین و هەوڵدان بۆ فراوانكردنی هێرش و پەلامارەكانی ئەردۆغان كاردەكات بۆ گەڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەتایبەتیش دوای ئەوەی ناوچەكانی عەفرین و شەنگالی خستە بەرنامەی داگیركردنیەوە لە عێراق و سوریا .