Draw Media

بەهەدەردانی غازی سروشتی لە عێراق 1991 - 2022

بەهەدەردانی غازی سروشتی لە عێراق 1991 - 2022

2023-09-15 18:22:29



شیكاری: درەو


🔻 بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا؛
🔹 (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە.
🔹 بڕی (304 ملیار 778 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (61%) بەکاربراوە.
🔹 بڕی (253 ملیار و 830 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (39%)ی سوتاوەو بەفیڕۆچووە.
🔹 کەمترین بڕی بەفیڕۆچوون لە ساڵانی سەرەتای (1991 بۆ 1997) بووە، بڕی بە فیڕۆچوون نەگەیشتووە (20%).
🔹 ساڵانی (2011 تا 2019) بەردوام بەهەدەرچوون زیاتر بووە لە بەکاربردن و بە جۆرێک لە ساڵی (2015) بەفیڕۆچوونەکە گەیشتووە بە (64%).
🔹 لە ساڵی (2022) ڕێژەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو گەیشتووە بە (47%).

سەرەتا
عێراق خاوەن یەدەگێکی گەورەی غازی سروشتییە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە یەدەگەکەی بە (137 ترلیۆن) پێ سێجا سەلمێندراوە  _1 مەتر سێجا = 35.3147 پێ سێجا_ زیاتر لەوەش هەر بەپێی سەرچاوەکان یەدەگی نەسەلمێندراو دەگاتە (332 ترلیۆن) پێ سێجا، ئەم یەدەگە گەورەیەش لە غازی سروشتی وڵاتەکە دەباتە نێو ریزبەندی (10) یەکەمەکەی جیهان لەبوونی یەدەگی ئەم کانزا سروشتییە بە نرخە.
ئەو یەدەگە لە غاز سروشتی عێراق دوو جۆرن، بەشێکیان غازی پەیوەست بە نەوتەوەن و لە کێڵگە نەوتییەکاندا چڕ بووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای عێراق بڵاوبونەتەوە، ئەم جۆرەیان بە ڕێژەی (70%)ی غازی سروشتی عێراق پێکدەهێنێت، کە بە بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت رێژەی دەرهێنانی ئەویش زیاد دەکات.
جۆرێکی دیکەیان کێڵگەی تایبەت بە غازی سروشتین، بە ڕێژەی (30%)، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای عێراق بڵاوبوونەتەوە.
بەڵام تا ئێستا عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆی بۆ غازی سروشتی، نەیتوانییەوە پشت بەخۆی ببەستێت، بەردەوامە لە هاوردەکردنی ئەم کانزایە، بەشی زۆری ئەو بەکاربردنەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی (85%) وێستگە کارەباییەکانی عێراق بە غازی سروشتی کاردەکەن.
بۆیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە، رۆژانە زیاتر لە (40 ملیۆن) پێ سێجا غاز هاوردە دەکات، لە کاتێکدا زیاتر لەو بڕە بەبێ سود دەسوتێت و بەهەدەر دەچێت، بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نزیک، لە عێراق ساڵانە بەبەهای زیاتر لە (2.5 ملیار) دۆلار غازی سروشتی دەسوتێت و بە هەدەر دەڕوات.
لەگەڵ ئەوەی هۆکاری زۆر هەیە کە پاڵ بە عێراقەوە دەنێت بۆ سووتاندن و بەهەدەردانی غازی سروشتی، بەڵام دوو هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەو دۆخەوەن، کە بریتین لە؛
یەکەم؛ کەرتی غاز زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ هەیە، بە تێچوویەکی زۆر بەرزەوە.
دووەم؛ هۆکاری شکستهێنانی عێراق لە ئیستغلالکردنی ئەو غازەی کە بەهەدەردەچێت سیاسیە، ئەویش ڕەنگە پەیوەست بێت بە فشارەکانی تاران بۆ سەر هێزە سیاسییەکانی عێراق، بۆ ئەوەی پشتبەستن بە غازی ئێرانی، کە لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا بەکاردەهێنرێت، بەردەوام بێت.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن دامەزراوەی وزەی جیهانییەوە سەبارەت بە ئامارەکانی پەیوەست بە بازرگانی غازی سروشتی لە جیهاندا پێشکەش کراوە، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتی ساڵانەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە ساڵی ڕابردوودا (2022) "کۆماری ئیسلامی ئێران هەناردەی غازی سروشتی بریتی بووە لە (18.9 ملیار) مەتر سێجا، لەو ژمارەیەش (9.4 ملیار) مەتر سێجای هاوردەی عێراق کراوە، (9.1 ملیار) مەتر سێجای بۆ تورکیا و (0.4 ملیار) مەتر سێجای بۆ کۆماری ئازەربایجان چووە".
لە رۆژی (25/4/2023) وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق "ئەحمەد موسا عەبادی" ڕایگەیاند؛ "قەبارەی خەرجی ساڵانە بۆ هاوردەکردنی غاز نزیکەی (8 ترلیۆن) دینارە، کە دەکاتە (6 ملیار) دۆلار".
لەم ڕاپۆرتەدا پاڵپشت بە بڵاوکراوەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق – دەزگای ناوەندی ئامار (کۆمەڵە ئاماری ساڵانە 2022 - 2023) کە داتاکانی لە وەزارەتی نەوتی عێراق وەرگرتووە. تیشک دەخەیەنە سەر بڕو قەبارەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی رێژەی بەهەدەرچوونی لە عێراق لە ماوەی ساڵانی (1991 - 2022).

یەکەم؛ بڕو قەبارەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە عێراق 1991 - 2022
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، لە دوای ساڵی (1991)ەوە بەردەوام قەبارەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی ڕووی لە هەڵکشانە، بەجۆرێک لە ساڵی (1991)دا تەنها بڕی (3 ملیار و 720 ملیۆن) پێ سێجا بەرهەمهێنراوە، بەڵام کێرفی بەرهەمهێنان تا ساڵی (2001) بەرزبوونەوەی بە خۆوە دیوەو گەیشتووە بە (14 ملیار و 758 ملیۆن) مەتر سێجا، بەڵام تا کۆتایی ساڵی (2003) بڕی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دابەزیوەو ڕەنگە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بە جەنگی (عێراق - ئەمریکا)، بەڵام لەدوای (2004)ەوە بەردەوام بەرهەمهێنانی غازی سروشتی رووی لە زیادبوون کردووەو تا لە ساڵی (2019) گەیشتووە بە لوتکە و بڕی (32 ملیار و 699 ملیۆن) مەتر سێجا غازی تێدا بەرهەمهێنراوە، لە ساڵی (2022)شدا بڕی بەرهەمی غازی سروشتی گەیشتووە بە زۆرتر لە (30 ملیار) مەتر سێجا. بۆ وردەکاری ئامارەکان (بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1))
 

 

 

دووەم؛ بڕو قەبارەی غازی سروشتی بەکاربراو (لە کۆی بەرهەم) لە عێراق 1991 - 2022
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، بەڵام تەنها بڕی (304 ملیار و 778 ملیۆن) مەتر سێجای بەکاربراوە، کەمترین بڕی بەکاربراویش لە ساڵی (1991) بووە، کە بریتی بووە لە (3 ملیار و 157 ملیۆن) مەتر سێجا، بڕی بەکاربردن ئەگەر چی لەو کات بەدواوە زیادی کردووە، بەهۆی زیادبوونی قەبارەی بەرهەمەوە، بەڵام لە دوای ساڵی (2003)ەوە تا ساڵی (2015) بەکاربردن (لەکۆی بەرهەم) نزمبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمار کردووە، لەدوای ساڵی (2015)ەوە جارێکی تر بڕی بەکاربردن هەڵکشاوە، تا ساڵی (2022) گەیشتووە بە لوتکەو بڕی (16 ملیار) پێ سێجای تێپەڕاندووە. بۆ وردەکاری ئامارەکان (بڕوانە خشتەی پێشوو و چارتی ژمارە (2)).

سێیەم؛ بڕو قەبارەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو (لە کۆی بەرهەم) لە عێراق 1991 - 2022
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، بەڵام بڕی (253 ملیار و 830 ملیۆن) مەتر سێجای سوتاوەو بەفیڕۆچووە، کەمترین بڕی بەفیڕۆچوونیش لە ساڵی (1991) بووە، کە بریتی بووە لە (563 ملیۆن) مەتر سێجا، بەڵام بڕی بەهەدەردان ئەگەر چی لەو کات بەدواوە زیادی کردووە، بەهۆی زیادبوونی قەبارەی بەرهەمەوە، بەشێوەیەکی ناسروشتی ساڵی (2016) بەهەدەردانەکە گەیشتووە بە لوتکەو بڕی (17 ملیار 700 ملیۆن) پێ سێجای تێپەڕاندووە. لە ساڵی (2022)ش قەبارەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو گەیشتووە بە (14 ملیار و 476 ملیۆن) مەتر سێجا، بۆ وردەکاری ئامارەکان (بڕوانە خشتەی پێشوو و چارتی ژمارە (3)).
 

چوارەم؛ رێژەی  بەکاربردن و بەفیڕۆچوونی غازی سروشتی (لە کۆی بەرهەم) لە عێراق 1991 - 2022
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەماوەی (32) ساڵی ڕابردوودا (558 ملیار و 608 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی بەهەمهێنراوە، بەڵام تەنها بڕی (304 ملیار 778 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (61%) بەکاربراوە، هاوکات بڕی (253 ملیار و 830 ملیۆن) مەتر سێجای بە ڕێژەی (39%)ی سوتاوەو بەفیڕۆچووە، کەمترین بڕی بەفیڕۆچوونیش لە ساڵانی سەرەتای (1991 بۆ 1997) بووە، بڕی بە فیڕۆچوون نەگەیشتووە (20%)، بەڵام لەو کات بەدواوە رێژەی بەفیڕۆچوونەکە ئێجگار گەورەبووەو بەتایبەت ساڵانی (2011 تا 2019) بەردوام بەهەدەرچوون زیاتر بووە لە بەکاربردن و بە جۆرێک لە ساڵی (2015) بەفیڕۆچوونەکە گەیشتووە بە (64%)،  بەڵام لە ساڵی (2022) ڕێژەی غازی سروشتی بەفیڕۆچوو گەیشتووە بە (47%)، بۆ وردەکاری ئامارو رێژەکان (بڕوانە خشتەی پێشوو و چارتی ژمارە (4)).
 

سەرچاوەکان
-    وزارة التخطیط العراقیة،  الجهاز المركزي للإحصاء، المجموعة الاحصائية السنوية 2022 – 2023؛
https://shorturl.at/bEHR3
-    د. سمير خلف بندر، مشروع الطاقة المتكامل  GGIP، وزارة التخطيط دائرة السياسات االقتصادية والمالية؛
https://shorturl.at/foJQT
-    شبکة روداو، العراق يستورد أكثر من 9 مليارات متر مكعب غاز من إيران خلال سنة، 4/7/2023؛
https://shorturl.at/bep09
-    الطاقة، فاتورة استيراد الغاز الإيراني تكلف العراق 6 مليارات دولار سنويًا، 25/4/2023؛
https://shorturl.at/gktK6
-    سبوتنیک، بالأرقام ... هكذا يهدر العراق غاز طبيعي بمليارات الدولارات، 10/10/2020؛
https://shorturl.at/orW16
-    الحرة، "مشكلة قديمة" تؤرق العراق.. حرق الغاز بالمليارات و"ضغوط" حالت دون الاستفادة منه، 1/4/2023؛
https://shorturl.at/NTY38
-    الجزیرة، تبذير لموارد العراق.. تعرف إلى ثاني أكبر دولة مبددة للغاز الطبيعي في العالم، 14/9/2020؛
https://shorturl.at/O0347

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand