Draw Media

" ئیسرائیل هەورەكانی ئێران دەدزێت"

" ئیسرائیل هەورەكانی ئێران دەدزێت"

2018-07-03 08:56:14


(درەو میدیا):
ژەنەراڵ غوڵام رەزا جەلالی، سەرۆكی دەزگای بەرگری شارستانی ئێران، ئیسرائیل تۆمەتباردەكات بە دەستكاریكردنی كەشوهەوا و رایدەگەیەنێت تەلئەبیب لە پشتی ئەو وشكەساڵییەوەیە كە لە ئێران هەیە بەهۆی ئەوەی هەورەكانی سەر ئاسمانی ئێران دەدزێت.
جەلالی لە لێدوانێكیدا كە رۆژنامەی " دەیلی  مەیل"ی بەریتانیی بڵاویكردەوە دەڵێت:" گۆڕانكاری كەشوهەوار لە ئێران گومانی لەسەر دروستبووە و دەستوەدرانی بیانی رۆڵی هەیە لە گۆڕانكاری كەشوهەودا".
جەلالی جەختدەكاتەوە كە ئیسرائیل و وڵاتێكی تری ناوچەكە كە ناوی نەهێناوە، تیمی هاوبەشیان هەیە كاردەكەن بۆئەوەی ئەو هەورانەی كە دەچنە سەر ئاسمانی ئێران بارانیان نەبێت.
جەلالی بۆ پشتڕاستكردنەوەی لێدوانەكەشی پشتی بە روپێوییەك بەستووە كە دەریدەخات هەموو ناوچە شاخاوییەكانی نێوان ئەفغانستان و دەریای ناوەڕاست بەفر دایپۆشیون جگە لە چیاكانی ئێران نەبێت.
لایخۆشیەوە سەرۆكی دەستەی كەشناسی ئێران ئەحمەد فازیفی ، گاڵتەی بە قسەكانی جەلی دێت و دەڵێت: لەوانەیە ژەنەراڵ بەڵگەنامەی هەبێت كە من نەیزانم، بەڵام بە گوێرەی بنەماكانی زانیاری كەشناسی، هیچ وڵاتێك ناتوانێت بەفر یان هەور بدزێت".
فازیفی دەشڵێت:" ئێران ماوەیەكی دوورودرێژە بەدەست شەپۆلێكی وشكەساڵییەوە دەناڵێنێت، ئەوەش ئاراستیەكی جیهانییە و تەنها لەسەر ئێران پیادە نابێت و ئەو جۆرە بیرۆكانە هیچ لە كێشەكانمان چارەسەر ناكەن".
ساڵی 2011ش مەحمود ئەحمەدی نەژاد لە لێدوانێكیدا هەمان تۆمەتی ژەنەراڵ جەلالی راگەیاند و چەند وڵاتێكی خۆرئاوای تۆمەتباركرد بەوەی رێگە دەگرن لەو هەورانەی كە بارانیان هەڵگرتووە بێنە ئاسمانی ئێران و ئەحمەدی نەژاد رایگەیاند پلان بۆ وشكەساڵی لە ئێران دانراوە و وڵاتانی ئەوروپا ئامێری تایبەت بە كاردەهێنن بۆئەوەی هەوەركان ناچاربكەن هەرچی بارانە لە كیشوەری ئەوروپا بیبارێنن.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand