Draw Media

دێرسیم داغ، گەنجترین ژنە پەرلەمانتار لە مێژووی توركیادا

دێرسیم داغ، گەنجترین ژنە پەرلەمانتار لە مێژووی توركیادا

2018-07-03 08:28:44


وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
دێرسیم داغ ئەو كچە كوردەی كە تەمەنی 22 بەهارە، كورسییەكی لە پەرلەمانی توركیا بەدەستهێنا و بووە گەنجترین ژنە پەرلەمانتار لە مێژووی توركیای نوێدا.
دێرسیم داغ كاندیدی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بوو لە شاری ئامەدی باكوری كوردستان و وەك نوێنەری لاوان و كچانی شارەكە لە هەڵبژاردنی 24ی حوەزیرانی پەرلەمانی توركیادا سەركەوتنی بەدەستهێناو بووە پەرلەمانتار.
منداڵیی ئاوارەیی
دێرسیم لە یەكێك لە شارۆچكەكانی شاری ئامەدی باكوری كوردستان لە دایك و باوكێكی كورد ساڵی 1996 لەدایكبووە، و 11 خوشك و برای هەیە و لە خێزانێكی هەژاردا پەروەردە بووە و دایكی ژنی ماڵەوەیە و باوكیشی جوتیار بووە سەرقاڵی كشتوكاڵ بووە.
دێرسیم لە لێدوانێكیدا بۆ بەشی عەرەبی سایتی " بی بی سی " وتی:" ساڵی  وەك هەر خێزانێكی سیاسی كوردی ناوچەكە 1996 لە شارۆچكەكەمان ئاوارەبووین، ئەو كات من تەمەنم تەنها پێنج مانگ بوو".
خێزانەكەی دەرسیم لە زێدی خۆیان هەڵدەكەنرێن و لە گەڕەكێكی میللی ناوچەی ئاسنلەر لە ئیستانبوڵ  دەگیرسێنەوە و لە سفرەوە دەست بە ژیان دەكاتەوە و لەو بارەیەوە دێرسیم دەڵێت:" سەرەتا قۆناغی منداڵیم ئاسان نەبوو، هیچ هاوڕێیەكم نەبوو، چونكە زمانی توركیم نەدەزانی، بەڵام دواتر دوا بەسەربردنی چەند ساڵێك لە قوتابخانە ژیانم باشتربوو".


                              داغ لە نێوان دایك و باوكیدا كە دڵخۆشن بە سەركەوتنی بۆ پەرلەمان

ژیانی سیاسی
دێرسیم داغ خەونی بەوەدەبینی كە ببێتە پزیشكی دەرونی یان رۆژنامەنووس، بەڵام دوای چوونە ناو بزوتنەوەی سیاسیی كوردەوە لە تەمەنێكی زوودا و لە قۆناغی ئامادەییدا، بڕیاردەدات ئەدەبی كوردی بخوێنێت، كە هەر لەمنداڵییەوە لە فێربوونی بێبەشكرابوو" هەرچەندە ئەوە سەرەتایترین مافی مرۆڤە" لە هەموو كۆمەڵگەكاندا ، بەوتەی دێرسیم.
دێرسیم داغ لە حوەزیرانی 2018 بەشی كوردی لە زانكۆی ماردین تەواودەكات، و دوای چەند هەفتەیەك لە تەواوكردنی زانكۆ لە شاری ئامەد كورسییەكی پەرلەمانی توركیا بەدەستدەهێنێت.
دێرسیم بە بیروبۆچوونەكانی پارتی دیموكراتی گەلان كاریگەر دەبێت كە بەلای ئەوەوە تەنها دەنگی كورد نییە، بەڵكو" دەنگی هەموو چینە ستەملێكرا و چەوسێنراوەكانە لە هەموو توركیا".
دێرسیم داغ دەڵێت:" واهەستدەكەن لەناو ئەو حزبەدا لە دایكبووم، خێزانەكەم سیاسییە، من لە نەوەدەكاندا گەورەبووم، ئەو ماوەیەی گوندە كوردییەكان دەستوێنران و ئاوارەدەكران و سیاسەتمەداران راودوودەنران، ئەو ماوەیە لە قورسترین ئەو ساڵانە بوون پێیدا تێپەڕین وەك خێزان، وەك گەلێك كە داوا لە دەوڵەت دەكات دانبنێت بە مافە نەتەوەییەكانیدا".
لە وەڵامی ئەوەی كە ناترسێت رووبەڕووی هەمان چارەنوسی ژمارەیەك پەرلەمانتار ی حزبەكەی بێتەوە كە دەستگیركراون وتی:" لە هیچ رێوشوێنێك ناترسم كە وەك پەرلەمانتارێكی كورد رووبەڕووی دەبمەوە، چونكە باوەڕم بە پرسی گەلەكەم هەیە، خاوەن ماف لە هیچ شتێك ناترسێت، هەموو ئەوەی دەیكەین لە پێناوی بەدیهێنانی یەكسانی و دادپەروەرییە لە نێوان هاوڵاتیاندا لە هەموو  توركیادا".
ئێستا زیاتر لە دە پەرلەمانتاری پارتەكەی دێرسیم داغ " هەدەپە" لە سەرووشیانەوە هاوسەرۆكانی پێشووی پارتەكە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداغ لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی ساڵی 2016ی توركیاوە لە زینداندان.


                                                 لە ئاهەنگی سەركەوتنی هەدەپە لە ئامەد

پەرلەمان دەكەینە كۆشكی زانست
دێرسیم داغ هۆكاری چوون ناو جیهانی سیاسەتەوە لە تەمەنێكی زوودا رووندەكاتەوە و دەڵێت:" چەوساندنەوەی سیاسی، پاڵنەرێكی بوو بۆمن بۆئەوەی بیرلەوە بكەمەوە بچمە ناو سیاسەتەوە"، دەشڵێت:" نەبوونی نوێنەرانی چینی گەنجان لە پەرلەمان و كەمی ئەو ژنانەی كە دەتوانن نوێنەرایەتی ژن بكەن ، یەكێك بوون لە و هۆكارانەی كە وایكرد بیربكەمەوە لە رۆیشتن بەو رێگایە قورسەدا".
دێرسیم داغ ئاماژەبەوەشدەكات كە پرسیاری زۆر لە مێشكیدایە دەربارەی مافەكانی نەوەی نوێ‌ و ژن، لە پاڵ پرسە بنەڕەتییەكەیدا كە ئەوبش مافەكانی گەلی كوردە لە توركیا.
سەبارەت بە تواناكانی بۆ سەركەوتن لە داواكارییەكانی گەنجان و ژنان لەلایەك و پرسی كورد لە لایەكی ترەوە دەڵێت:"من  بەهێزم، هێزەكەم لە گەلەكەمەوە بەدەستدەهێنم، لەو دەنگانەی هەڵیانبژاردووم، بە تەئكید لەگەڵیاندا كۆدەبمەوە و پرسە و كێشەكانمانیان لەگەڵدا تاوتوێدەكەین و گوێ لە پێشنیاز و داواكارییەكانیان دەگرم، چونكە من دەنگی ئەوانم لە پەرلەمان، هەموو ئەوەی لە پەرلەمان دەیخەمەڕوو، لەسەر بنەمای داواكاری و پێشنیارەكانی ئەوان دەبێت".
ئەو كچە تەمەن 20 ساڵانە بە حەماسێكی زۆرەوە دەشڵێت:" بەڵێ‌ دەتوانم شتێك بكەم و رۆڵی ژیان دەگۆڕین لەسەر بنچینەی ئەو چارەسەرانەی كە ئێمەی گەنجان بە گونجاوی دەزانین، بەڵێ‌ پەرلەمان دەكەینە كۆشكێك بۆ زانستی كوڕان و كچانی گەنج".


                                                 داغ لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردندا

" بە گەنجی دەستمان پێكرد و نوێگەری بەدی دەهێنین"
دێرسیم بەردەوام دەبێت لەسەر قسەكانی و دەڵێت:" دەڵێن ژن نیوەی كۆمەڵگایە، كەواتە پێویستە نیوەی پەرلەمانتاران ژن بن، خاوەن بڕیارەكان لەم راستییەدا لە كوێدان".
پەرلەمانتارە گەنجەكەی پارتی دیموكراتی گەلان ، وەسفی پارتەكەی دەكات بەوەی كە تاكە پارتە لە توركیا بنەمای یەكسانی و هاوتایی لە نێوان ژن و پیاو جیبَەجێ‌ دەكات لە هەموو پۆستەكان و بەرپرسیارێتییەكاندا لە سەرۆكایەتی پارتەكەوە تا بچوكترین پێكهاتەی.
دێرسیم داغ باوەڕی بە تواناكانی هەیە بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری و بەدیهێنانی هەنگاوە ئەرێنییەكانی بۆ چینی گەنجان و ژنان و دەڵێت:" بە گەنجی دەستمان پێكرد و ویست و خواستی گەنجان جێبەجێدەكەین".
دەشڵێت:" لەبەرئەوەی دەتوانین كێشەكانمان وەسفبكەین و ناویان بنێین، كەواتە دەشتوانین بە ویستی خۆمان چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە و پێویستمان بە پیاوان نیە لە بری ئێمە بڕیار بدەین چونكە خۆمان ئامادەین و هەین".
داغ هیواخوازیشە هەموو ژنانی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت بیر لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ناوەندی بڕیار بكەنەوە و سازشنەكەن لەسەر مافەكانیان و رێگەنەدەن كەس لە جیاتی ئەوان و منداڵەكانیان بڕیار بدات".


سەرچاوە: بەشی عەرەبی ماڵپەڕی " بی بی سی "

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand