پێویستە ترەمپ داوای زیاتر لە ئەردۆغان بكات
2018-03-26 18:29:24
وەرگێڕانی: سەفین ئازاد
لە راپۆرتێكدا رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی ئاماژە بە ناكۆكی نێوان توركیا و ئیدارەی ئەمریكا دەكات لەسەر سوریا، كە رەنگە توركیا هاوشێوەی روسیا و ئێران بیەوێت ئەمریكا لە سوریا بچێتە دەرەوە، بەڵام دەبێت ئەمریكا ئەمە رەتبکاتەوە و بەردەوام بێت لە پشتیوانی كوردەكان چونكە رۆڵێكی گەورەیان گێڕاوە لە روبەرووبونەوەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش).
رۆژنامەكە ئەوەشی نوسیوە سەركەوتنی سەربازیی توركیا لە عەفرین لە باكوری سوریا كە هەشت هەفتەی پێچوو وە خەرجیەكی زۆری تێچووەو ئاوارەبوونێكی زۆری لێكەوتوەتەوە، كە بە زیاتر لە سەد هەزار ئاوارەی مەدەنی ئەژماردەكرێن كە تەنها لە شارۆچكەی عەفرین دەژیان كە زۆرینەیان كوردبوون، رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە دزی و تاڵانی زۆری سوپای توركیا لە عەفرین و چونی سوپای توركیا بۆ ئەو ناوچەیە ناكۆكیەكانی نێوان ئەردۆغان و ئیدارەی ئەمریكای قوڵتركردەوە بەتایبەتیش دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، كە هێزەكانیان تەنها بە عەفرینەوە ناوەستن و بەرەو باكوری رۆژهەڵاتی سوریا دەڕۆن كە لەوێ هێزەكانی سوپای ئەمریكای لێیە.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا روبەروی كێشەكی گەورە دەبێتەوە لە سوریا، چۆن ئەو ناوچانەی لەژێر هەژمونی هێزەكانی ئەمریكادا لە سوریا بپارێزێت و بەرگریان لێبیكات بەتایبەتیش لە رۆژهەڵاتی فورات بەبێ شەڕ و جەنگ لەگەڵ هاوپەیمانەكەی لە ناتۆ.
ئێستا بوونی ئەمریكا زۆر گرنگە لەو ناوچانە ئەوەش لە پێناو روبەروبونەوەی چەكدارانی داعش تا كۆتایی پێهێنانیان ، لەگەڵ ئەوەشدا رێگریكردن لە دەسەڵاتەكانی ئێران لەناو خاكی سوریا كە خەرێكە ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ دەكات، لەگەڵ پاراستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ توركیا.
لە بەرژەوەندی ئەمریكایە كە توركیا لە كێشەكە بێنێتە دەرەوە و ناكۆكییەكانی كۆتایی پێبێنێت لەگەڵ ئەردۆغان، بەڵام گرنگیدان و ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی ئیدارەی ئەمریكا لەگەڵ ئەردۆغان روبەرووی كێشەیەكی تر دەبێتەوە، ئەویش هاوپەیمانێتی و گرنگی پێدانی ئەمریكایە بە هێزەكانی سوریای دیموكرات كە لەلایەن ئەو كوردانەوە رێبەرایەتی دەكرێن، كە توركیا بە تیرۆرست و دوژمنی خۆی لەقەڵەمیان دەدات.
رۆژنامەكە ئەوەش دەنوسێت كە هیزەكانی سوریای دیموكرات زۆر گرنگن بۆ لە ناوبردنی دەوڵەتی ئیسلامی لە رۆژ هەڵاتی سوریا ئەوان توانیان سەقامگیری لەناوچەكەدا بچەسپێنن و داعش تێكبشكێنن. بەڵام ئەردۆغان كە تاكو ساڵی 2015 هەوڵی ئاشتی دەدا لەگەڵ كوردەكانی سوریادا كەچی ئێستا پێداگری دەكات كە كوردەكانی سوریا تیرۆرستن و دەیەوێت ئەو هێزانە دەربكات لەخاكی سوریای هاوسنوری توركیا.
رۆژنامەكە ئاماژە بە گریمانەیەك دەكات و دەڵێت دەشێت رێكەوتنێكی دوولایەنە بكرێت و هێزە كوردییەكان لە رۆژئاوای فوراتەوە بگوازرێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات و سوپای ئەمریكا لە مەنبج بمێنەوە بۆ یارمەتیدان و پاراستنی خەڵكی مەدەن لەوناوچانە، بەڵام وادەردەكەوێت ئەردۆغان داواكاری زیاتری بوێت هەروەك روسیا و ئێران ئارەزوو بكات ئەمریكا بەتەواوی لە سوریا بچێتە دەرەوە بەڵام پێویستە ئیدارەی ترەمپ ئەم بژاردەیە رەتبكاتەوە، چونكە ئێستا ئەو هێزانەی ئەمریكا گرنگن لەوێ بمێننەوە تاوەكو بەتەواوی چەكدارانی داعش لەناوبەرن و رێگربن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەیان.
ئاسان نیە پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ توركیا ئاسایی بكرێتەوە و دەبێت ئیدارەی ترەمپ زیاتر لەوەی ئەردۆغان داوای دەكات پێداگری بكات بەتایبەتیش لەسەر ئازادكردنی هاوڵاتیانی ئەمریكاو هەروەها فشارخستنە سەر ئەردۆغان تاوەكو گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ كوردەكان دەستپێبكات.