Draw Media

پێشمەرگەكانی كۆمەڵەو دیموكرات ئاگادار دەكرێنەوە ناوچەكە چۆڵبكەن

پێشمەرگەكانی كۆمەڵەو دیموكرات ئاگادار دەكرێنەوە ناوچەكە چۆڵبكەن

2023-08-28 21:20:42


درەو:
پێشمەرگەكانی كۆمەڵەو دیموكرات ئاگاداركراونەتەوە ناوچەكە چۆڵ بكەن و چەكەكانیان دابنێن، حكومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بۆ چەكداماڵینی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات بەرامبەر ئێران راگەیاندو ئێرانیش دەڵێت "19ی ئەیلول دوا وادەیەو ماوەكەش درێژناكرێتەوە"
هەوڵ و فشارەكانی ئێران بۆ چەكداماڵینی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان بۆسەر حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوامە، ئەمڕۆ ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دەبێت هەرێم و بەغداد رێككەوتنی "كۆنوسی ئەمنی" جێبەجێبكەن و (19) ئەیلول دوا مۆڵەتە بۆ چەك داماڵینی "گروپە تیرۆرستیەكان" و بەهیچ شێوەیەك وادەكەی درێژناكرێتەوە، لە وەڵامی ئەو لێدوانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، عێراق پابەندبوونی خۆی بەرامبەر ئێران جێبەجێكرد بۆ چەكداماڵین‌و لابردنی كەمپی چەكداران.
بە پێی بەدوادچوونەكانی (درەو) لە دوو رۆژی رابردوودا بەرپرسانی ئەمنی سنوری پارتی پێشمەرگەكانی كۆمەڵەو دیموكراتیان لە چیای هەڵگورد ئاگاداركردووەتەوە كە دەبێت ناوچەكە چۆڵ بكەن و چەك دابنێن.
فەرماندەیەكی پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات لە چیای هەڵگورد بە (درەو)ی راگەیاند: هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەو دیموكرات لە سنوری ئێران تەنیا لە چیای هەڵگورد بارەگامان هەیە، وەكو پێشمەرگەو كاری پێشمەرگایەتی، بۆیە لە دوو رۆژی رابردوو ئاگاداریان كردیینەوە كە دەبێت ناوچەكە چۆڵ بكەین، وایان دا بە گوێماندا كە دەبرێینە كەمپێك لە نێوان سۆران و هەولێر و چەكەكانمان لێدەستێنن.
هاوكات لە زڕگوێز لە ئێستادا پێشمەرگەكانی كۆمەڵە چەككراون و بێ چەكن، لەدوای كێشەكانی ناو كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و دواتر زیندووكردنەوەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و درووست بوونی شەڕ و ناكۆكی، هێزە ئەمنییەكان كەوتنە نێوانیان و هەردوولایان چەككردوون، واتا لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە تا ئێستا ئەو دوو كۆمەڵەیە بێچەكن.
(درەو) قسەی لەگەڵ بەرپرسێكی كۆمەڵەكرد، ئەو ئاماژەی بەو دۆخ و فشارەكردو رایگەیاند"فشارێكی زۆر لەسەر هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵاتە بۆ ئەوەی چەك دابنێن و بچنە كەمپەكانەوە، بەڵام ئێمە ئامادەنین شكۆمان بشكێندرێت و چەكبكرێین و بخرێینەوە كەمپەكانەوە".
 توندبوونەوەی فشارەكانی ئێران بۆسەر حكومەتی عێارق و هەرێم بۆ دەركردنی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات هاوكاتە لەگەڵ نزیك بوونەوەی یادی شەهیدكردنی "ژینا ئەمینی" كە لە 16ی ئەیلولی ساڵی رابردوو شەهیدكراو خۆپیشاندانی گەورەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەدوای خۆیدا هێنا.  
لەدوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستیكرد بە بۆردومانكردنی بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەمە هەرێمی تۆمەتبار كرد بەوەی رێگەی داوە لە سنورەكانییەوە چەك بگوازرێتەوە بۆ خۆپیشاندەران لەناو خاكی ئێران، حكومەتی هەرێم لەكاتی خۆیدا ئەم تۆمەتەی رەتكردەوە، بەڵام لەوكاتەوە ئێران فشارێكی تری بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە.
هاوكات لەگەڵ فشارەكانی لە هەرێمی كوردستانەوە، ئێران لە بەغداوە هەوڵی دەركردنی هێزە كوردییەكانی لە خاكی هەرێم كرد، بۆ ئەو مەبەستەش رێككەوتنێكی ئەمنی بەدوای خۆیدا هێنا بەناوی "كۆنوسی ئەمنی"كە رێككەوتنەكە تایبەتە بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان بە ئێرانەوە.
بەم دواییە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان‌و هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای گشتی ئاسایشی هەرێم لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی تارانیان كرد، ئەم سەردانە بۆ تاوتوێكردنی دواین رێوشوێنەكانی تایبەت بە ئاسایشی سنورەكان بوو، مەبەست لە ئاسایشی سنور، رێككەوتنێكی ئەمدواییەی عێراق‌و ئێرانە كە ناوی لێنراوە "كۆنوسی ئەمنیی"،
بەرپرسانی باڵای ئێران دوو داواكارییان خستبووە بەردەم وەفدە ئەمنییە هاوبەشەكەی حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان، كە ئەمانەن:
•     داواكاری یەكەم: هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان چەك بكرێن‌و لە دوو ئۆردوگای سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسنوری سلێمانی‌و هەولێر دابنرێن.
•     داواكاری دووەم: یاخود یەكجاری ئەو حزبانە چەك بكرێن‌و لەناو خاكی هەرێمی كوردستان‌و عێراق بكرێنە دەرەوە.
   سێ هەفتەی ماوە بۆ دوا وادەی ئێران بۆ چەكداماڵینی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت بە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێك بەرامبەر هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات، فشارەكانی ئێران بۆسەر هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت وەفدی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی عێراق سەردانی بارەگاو كەمپی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات بكات و چەند رێوشوێنێكیش لە هەرێمەوە بگیرێنە بەر.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand