Draw Media

هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان چەككراون

هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان چەككراون

2023-08-28 16:48:52


(درەو):
بەرپرسانی عێراقی یەك لەدوای یەك دڵنیایی بە ئێران دەدەن كە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە چەككراون، حكومەتی هەرێم‌و بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتیی بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
هیشام ركابی راوێژكاری میدیایی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی (سپۆتنیك)ی روسی راگەیاند، عێراق سەرجەم پابەندییەكانی سەبارەت بە رێككەوتنە ئەمنییە دووقۆڵییەكەی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە گروپە چەكدارەكانی باكوری وڵات (مەبەستی هەرێمی كوردستانە) جێبەجێ كرد. 
راوێژكارەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێ:" عێراق بەردەوام دەبێت لە كاركردن‌و رێگری دەكات لە بوونی هەر گروپێكی چەكدار كە هەڕەشە بكات لە ئاسایش‌و سەلامەتی وڵاتانی دراوسێ‌و هەموو وڵاتانی جیهان". 
لەبارەی رێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان عێراق‌و ئێران كە نوێنەرانی حكومەتی هەرێمیش تێیدا بەشداربوون‌و چەند مانگێك لەمەوبەر ئیمزا كرا، هیشام ركابی ئاماژەی بەوە كردووە، رێككەوتنەكە سێ بڕگە لەخۆدەگرێت كە ئەمانەن: 
•    رێگریكردن لە دزەكردنی چەكداران (بۆ ئەمە پاسەوانی سنورمان بڵاوكردوەتەوە).
•    رادەستكردنی داواكراوان (بۆ ئەمە چاوەڕوانین فەرمانی دەستگیركردن لەلایەن ئێرانەوە پێشكەش بكرێت بەگوێرەی ئسوڵ‌و بنەماكان)
•    چەكداماڵین‌و لابردنی كەمپەكان (ئەمە سەختترینی بڕگەكان بوو، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ كرا، بۆیە عێراق پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە). 
راگەیاندنی چەككردنی حزبە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لەسەر زاری بەرپرسانی عێراق لەكاتێكدایە تائێستا حكومەتی هەرێم خۆی هیچ راگەیەندراوێكی لەوبارەیەوە بڵاونەكردوەتەوە.
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی هەرێم بەهەمان شێوە جەختی لەسەر ئەوە كرد هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان چەككراون. قسەی بەرپرسانی عێراقی دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، مانگی ئەیلول دوا وادەیە بۆ چەككردنی گروپە چەكدارەكان‌و دورخستنەوەیان لە بارەگاكان‌و نیشتەجێكردنیان لەناو ئەو كەمپانەدا كە عێراق‌و ئێران رێككەوتنیان لەسەر كردووە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand