لایەنی عێراقی بۆرییهكه كار ناكات
2023-08-28 15:10:50
(درەو):
دوای گەڕانەوەی لە كوردستان، وەزیری وزەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا دەڵێ:" دەمانەوێت بەزوترین كات هێڵی بۆری نەوتی عێراق- توركیا بخەینەوە كار، بەشە عێراقییەكەی بۆرییەكە كارناكات".
ئاڵپئەرسلان بایرەكتار وەزیری وزەی توركیا لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی (TRT)ی وڵاتەكەی رایگەیاند، توركیا رۆڵێكی گرنگی هەیە لە بازاڕی نەوتی جیهانیدا. رۆژانە نزیكەی (2 ملیۆن) بەرمیل نەوت بە گەرووەكانماندا تێدەپەڕێت.
وەزیری وزەی توركیا وتی:" ئامانجمان ئەوەیە بە زووترین كات هێڵی بۆری عێراق-توركیا بخەینە كار. لایەنی عێراقی ئەم هێڵە كار ناكات. ئێمە باسی بۆرییەكی 650 كیلۆمەتری دەكەین لە سیلۆپیەوە بۆ جەیهان".
رۆژی 22ی ئەم مانگە لە ئەنكەرە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە ئەنكەرە لەگەڵ ئاڵپئەرسلان بایرەكتار وەزیری وزەی توركیا كۆبووەوە، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو كە لە رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە، ئەوەش بەهۆی بڕیاری مانگی شوباتی دادگای ناوبژیوانی پاریس، بڕیارێك كە توركیا ناچار دەكات بڕی نزیكەی (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو بە حكومەتی عێراق بدات، بەهۆی ئەوەی ئەنكەرە بەبێ رەزامەندی بەغداد نەوتی هەرێمی كوردستانی بەو بۆریەدا هەناردەی دەرەوە كردووە.
كۆبونەوەی ئەنكەرەی نێوان هەردوو وەزیر رێككەوتنی ئەوەی تێیدا كرا دوای نۆژەنكردنەوەو پشكنینی بۆرییەكانی نەوت، جارێكی تر هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێبكاتەوە، بەڵام ئەمە جێگای گومان بوو، چونكە لەدوای بومەلەرزە گەورەكەی 6ی شوباتی رابردووی توركیاوە، هەناردەی نەوتی كوردستان دەستیپێكردەوەو تا رۆژی راگرتنی لە 25ی ئازاردا بەردەوام بوو، واتا ئەوكات بومەلەرزەكە هیچ كێشەیەكە بۆ بۆرییەكان دروست نەكردبوو.
دوای كۆبونەوەكەی ئەنكەرە، وەزیری وزەی توركیا سەردانی هەولێری كردو لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بەشداری لە كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كرد.
ئێستا پرسی نۆژەنكردنەوەی بۆرییەكان لەنێوان توركیاو عێراق كێشەی تێدایە، توركیا دەیەوێت عێراق پارەی نۆژەنكردنەوەكە بدات، سەرباری ئەمە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، توركیا داوا دەكات حكومەتی عێراق پاكتاوی ئەو ملیارو 500 ملیۆن دۆلارەی بۆ بكات كە دادگای پاریس دیاری كردووە، ئەگەر ئەمە نەكرا، ئەنكەرە دەیەوێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پارەی قەرەبووەكەی حكومەتی عێراق بدات، بەوپێیەی لە هەناردەی نەوتدا لەرێگەی توركیاوە هەرێم سودمەند بووە.
توركیا بۆ دابینكردنی وزەی خۆی، بەرێژەی 70% پشت بە هاوردەكردن لە دەرەوە دەبەستێت، بەوتەی بایرەكتار، توركیا ساڵانە 50 ملیۆن تۆن نەوتو بەرهەمی نەوت هاوردە دەكات، ساڵی رابردوو 40 ملیار دۆلاری توركیا بۆ ئەم بوارە رۆیشتووە، ئەمە لە پاڵ هاوردەكردنی غازی سروشتی بە بڕی 55 ملیار مەتر سێجا كە ساڵی رابردوو زیاتر لە 38 ملیار دۆلاری توركیا بۆ كڕینی غاز رۆیشتووە.
چەند ساڵێكە توركیا هەوڵێكی دەستپێكردووە بۆ دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوتو غاز لە وڵاتەكەی، ئێستا لە چیای (گابار)ی ناوچەی شرناخی باكوری كوردستان بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەیە بەڕێوەدەچێت، وەزیری وزەی توركیا دەڵێ تا ساڵی 2025 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چیای گابار رۆژانە بۆ (100 هەزار) بەرمیل نەوت بەرزدەكەینەوە، ئەگەر توركیا بەم ئامانجە بگات، دەتوانێت لە گابارەوە رۆژانە رێژەی 10%ی پێداویستی ناوخۆ بۆ نەوت پڕبكاتەوە.
سەرباری گەڕانو پشكنین لەناوخۆدا، بەمدواییە دەسەڵاتداری توركیا لە هەوڵی ئەوەدان پەیوەندی خۆیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاسایی بكەنەوە، ئەمەش بەمەبەستی دابینكردنی وزە، بەتایبەتیش لەگەڵ عێراق.
لە چاوپێكەوتنەكەی (TRT)دا وەزیری وزەی توركیا وتی:" توركیا نزیكە لە ناوچەیەك كە دوو لەسەر سێی نەوتو گازی سروشتی جیهانی تێدایە، وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باكوری ئەفریقا، قەوقاز، ئاسیای ناوەڕاست، ڕوسیا. (بۆتاش)و كۆمپانیا تایبەتەكانی وزەی توركیا چوونەتە قۆناغێكەوە كە لە لیبیا، عێراق، ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز بەشێوەیەكی چڕتر كاردەكەن".