نوێنه‌ری زه‌رده‌شتییانی كوردستان: حكومه‌تی هه‌رێم هیچمان بۆ ناكات
2018-07-01 12:27:33
گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدوڵڵا
له دوای شه‌ڕی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام- داعش، بڕوادارانی ئاینی زه‌رده‌شتی له هه‌رێمی كوردستان چالاكتر ده‌رده‌كه‌ون. له ئه‌یلولی ساڵی 2016 یه‌كه‌مین په‌رستگای زه‌رده‌شتییانی هه‌رێمی كوردستان له شاری سلێمانی كرایه‌وه و بڵێسه‌ی ئاگری ئه‌و په‌رستگایه گڕ درا.
(دره‌و میدیا) له گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ ئاوات حوسامه‌ددین نوێنه‌ری ئاینی زه‌رده‌شتییانی هه‌رێمی كوردستان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی و سه‌رۆكی رێكخراوی یه‌سنا بۆ گه‌شه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شتی، تاوتوێی ئازادی گۆڕینی ئاینی بۆ زه‌رده‌شتی و مامه‌ڵه‌ی دادپه‌روه‌رانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد له نێوان ئاینی زه‌رده‌شتی و ئاینه‌كانی تر.
له ماوه‌ی قسه‌كانیدا نوێنه‌ری زه‌رده‌شتییانی كوردستان باوه‌ڕدارانی ئاینه‌كه‌یانی به "300 هه‌زار كه‌س" راگه‌یاند و ره‌خنه‌ی له حكومه‌تی هه‌رێم گرت و وتی "حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا وه‌كو مكیاجێك به‌كارمان ئه‌هێنن و هیچمان بۆ ناكه‌ن".
دره‌و میدیا: شه‌ڕی رێكخراوی تیرۆریستی داعش چه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر زیادبوونی رێژه‌ی باوه‌ڕدارانی ئاینی زه‌رده‌شتی هه‌بووه؟
ئاوات حوسامه‌ددین: له دوای هاتنی داعش خه‌ڵكێكی زۆر هاتوون و بوون به زه‌رده‌شتی، خه‌ڵك ئه‌ڵێن ئه‌و ئاینه پاك و جوانه‌ی باو و باپیرانم هه‌بێت چیم داوه له ئاینی ئیسلام. ئه‌ڵێن نه‌شمانزانیوه ئاینی ئیسلام به‌و شێوه‌یه‌یه، بۆیه خه‌ڵكێكی زۆر به لێشاو گه‌ڕاونه‌ته‌وه، زۆرجار خێزان به دایك و باوك و كچ و كوڕه‌وه دێن بۆ رێكخراوه‌كه‌مان بۆئه‌وه‌ی ناوی خۆیان بنووسن وه‌ك باوه‌ڕدار.
هێشتا كێشه‌كه ئه‌وه‌یه له ناوچه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هه‌ندێك لایه‌ن ئه‌ترسن، بۆنموونه سه‌یری به‌غدا ئه‌كه‌ن كه خوا و پێغه‌مبه‌رێكیان هه‌یه و له نه‌ته‌وه‌یه‌كن به‌ڵام له‌سه‌ر ناو و مه‌زهه‌ب یه‌كتر ئه‌كوژن، ئه‌و كه‌سانه ئه‌ڵێن ئێمه مه‌ترسیمان له‌سه‌ره و هیچ شتێك نییه زه‌مانی پاراستنی ژیانمان بكات، له‌به‌رئه‌وه نا‌وێرن به ئاشكرا باسی باوه‌ڕداری خۆیان بكه‌ن، بۆیه دێن ئه‌بن به زه‌رده‌شتی به‌ڵام نا‌وێرن خۆیان ئاشكرا بكه‌ن و وێنه‌ی خۆیان بڵاوبكه‌نه‌وه.
نوێنه‌ری زه‌رده‌شتییانی كوردستان: 300 هه‌زار كه‌س بوونه‌ته زه‌رده‌شتی و له ماوه‌ی ساڵێكدا 50 هه‌زار كه‌س ئاینی خۆیان گۆڕیوه
دره‌و میدیا: له چ ناوه‌ندێك گۆڕینی ئاین ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌و رێ و شوێنانه چین له هاتنه سه‌ر ئاینی زه‌رده‌شتی ره‌چاوی ده‌كه‌ن؟
ئاوات حوسامه‌ددین: به‌پێی یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كانی ساڵی 2015 هه‌موو ئاینه‌كان بۆیان هه‌یه نوێنه‌ریان هه‌بێت له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی. هه‌ر به‌پێی یاساكه هه‌موو كه‌س ئه‌توانێت ئاینی خۆی بگۆڕێت. خه‌ڵك زۆر ئاگاداری ئه‌مه نین، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی باس له به‌یه‌كه‌وه ژیان و ئاشتی ئه‌كرێت خه‌ڵك وه‌كو رابردوو ئه‌و ترسه‌یان نه‌ماوه له گۆڕینی ئاین.
كه یه‌كێك دێته سه‌ر ئاینی زه‌رده‌شتی یه‌كه‌م هه‌نگاو ئه‌م پرسیاره‌ی ئاراسته ئه‌كه‌ین، ئایا به مێشك و به عه‌قڵ و هه‌ست و نه‌ستی خۆت ئه‌ته‌وێت ببیت به زه‌رده‌شتی یان له‌سه‌ر داوای كه‌سێك ئه‌مه ئه‌كه‌یت و كه‌سێك زۆری لی كردووی؟ ئه‌گه‌ر بڵێت، كه‌سێك پێی وتووم بڕۆ تاقی بكه‌ره‌وه. ئێمه وه‌ری ناگرین، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك كیتابی ئه‌ده‌ینێ و ئه‌ڵێین ئه‌توانی بیخوێنیته‌وه و ئه‌و كاته‌ی قه‌ناعه‌تت هات وه‌رت ئه‌گرین. كه كه‌سه‌كه وه‌رئه‌گرین وه‌كو ئاینی ئیسلام نییه شه‌هاده بهێنێت، پێویسته كه‌سه‌كه نیازی پاكی خۆی بدات به بیری چاك و وته‌ی چاك و كرداری چاك، به‌وه‌ی رێز له مرۆڤ و ژینگه و ئاو و هه‌وا بگرێت، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه و شتی قورسی تری وای نییه كه نه‌توانێت بیكات.
یه‌كێك كه ده‌بێت به زه‌رده‌شتی پشتێن ئه‌به‌ستێت، ئه‌توانێ نه‌شی به‌ستێت، به‌ڵام ئێمه مه‌راسم و ئاهه‌نگی بۆ ئه‌كه‌ین و ئه‌سره‌وانێك دێت به ده‌ف و ته‌مبوره‌وه پشتێنی بۆ ئه‌به‌ستێت، كه له رێڕه‌وی یه‌زدان لانه‌دات و رێز له مرۆڤ و ژینگه و ئاو و هه‌وا بگرێت و ئه‌م خاكه بپارێزێت و رێز له ئاژه‌ڵ بگرێت. به مه‌ر‌اسیمێكی جوان ئاهه‌نگی بۆ ئه‌كرێت و پشتێنێكی بۆ ئه‌به‌سترێت به سێ گرێ، گرێی یه‌كه‌م بیری چاك، گرێی دووه‌م وته‌ی چاك، گرێی سێیه‌م كرداری چاك، له‌و مه‌راسیمه پشتێن ده‌به‌سترێ و پشتێن به‌ستن زۆر گرنگه به‌ڵام له‌و مه‌راسیمه ئه‌توانێت نه‌یكات به‌ڵام كه‌سه نییه‌ت بێنێت كه زه‌رده‌شتییه. بۆ مه‌راسیمه‌كه‌ش ئه‌گه‌ر حه‌ز بكات بۆی ئه‌كه‌ین و شیرینی دابه‌ش ئه‌كه‌ین و مۆسیقا ئه‌ژه‌ندرێت.
ئاوات حوسامه‌ددین: یه‌كێك له به‌ڕێوبه‌ره‌كانی به‌شی یاسای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف وتبووی ئه‌م ئاگرپه‌رستانه بۆیان نییه په‌رستگایان هه‌بێت
دره‌و میدیا: ژماره‌ی باوه‌ڕدارانی ئاینی زه‌رده‌شتی له هه‌رێمی كوردستان چه‌ندن؟
ئاوات حوسامه‌ددین: ئێستا له هه‌موو هه‌رێمی كوردستان 300 هه‌زار كه‌س بوونه‌ته زه‌رده‌شتی. ساڵی 2017 راپرسییه‌ك كرا ده‌ركه‌وت 250 هه‌زار كه‌س زه‌رده‌شتیین، به‌ڵام به‌پێی ئامار و زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف 300 هه‌زار كه‌س بوونه‌ته زه‌رده‌شتی و له ماوه‌ی ساڵێكدا 50 هه‌زار كه‌س ئاینی خۆیان گۆڕیوه، هه‌رچه‌نده ئه‌و ژماره‌یه روو له زیادبوونه به‌ڵام به‌شێكیان نا‌وێرن خۆیان ئاشكرا بكه‌ن.
دره‌و میدیا: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ زه‌رده‌شتییانی پارچه‌كانی تری كوردستان چۆنه و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه چۆن رێكده‌خه‌ن؟
ئاوات حوسامه‌ددین: په‌یوه‌ندی به‌هێز له نێوانمان هه‌یه به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ عه‌فرین و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای كوردستان. له رۆژئاوای كوردستان ئه‌نجوومه‌نمان هه‌یه له عه‌فرین، له رۆژهه‌ڵاتیش له كرماشان ئه‌نجوومه‌نمان هه‌یه كه سه‌رۆك و ئه‌ندامانیان هه‌یه. له به‌شه‌كانی تری كوردستان خه‌ڵكێكی زۆر له ئاینی ئیسلامه‌وه ئاینی خۆیان ئه‌گۆڕن بۆ زه‌رده‌شتی. له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێرانه‌وه دێن بۆ رێكخراوه‌كه‌مان و له لای ئێمه پشتێن ده‌به‌ستن و ئه‌بن به زه‌رده‌شتی و ئاهه‌نگ ئه‌گێڕن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌وان خراپ ئه‌بێت له ئێران و حكومه‌ت ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌لاوه ئاساییه كه له باوباپیرانیانه‌وه زه‌رده‌شتیین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاینی خۆی له ئیسلامه‌وه بگۆڕێت بۆ زه‌رده‌شتی ئه‌وا حوكمه‌كه‌ی كوشتنه.
نوێنه‌ری زه‌رده‌شتییانی كوردستان : ئه‌مانه‌وێت ئاینی زه‌رده‌شتی له‌گه‌ڵ ئاینه‌كانی تر له وانه‌كان بخوێندرێت
دره‌و میدیا: ساڵی 2016 یه‌كه‌م په‌رستگاتان كرایه‌وه، به‌ڵام له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی چه‌ند هاوكاری ده‌كرێن بۆ كردنه‌وه‌ی په‌رستگاكانتان له ته‌واوی شاره‌كان؟
ئاوات حوسامه‌ددین: تائیستا له سه‌دا سفر هاوكاری كراوین له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، ته‌نانه‌ت وتمان حاڵه‌تێكی ئستسنایه و ئه‌سره‌وان-ێكمان بۆ دابنێن، چونكه قادرۆك ئه‌سره‌وانی ئێمه‌یه. كاك قادرۆك خۆی كه ده‌رهێنه‌ر و سینه‌ماكاره وازی له حیزب و ده‌رهێنه‌ری و كاره‌كانی خۆی هێناوه و له به‌یانییه‌وه تاوه‌كو شه‌و ئه‌چێت بۆئه‌و په‌رستگایه وانه ئه‌ڵێته‌وه و خه‌ڵك ئه‌بینێت، به خۆبه‌خشانه هه‌مووی ئه‌كات. چه‌ند هاوارم كرد و داوام نووسی بۆ وه‌زیر و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به راستی نه‌یانكرد و بۆیان دانه‌مه‌زراندین. ئه‌گه‌ر مانگی 400هه‌زارێكی بۆ دابین بكه‌ن بۆ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هیچ نییه، ئه‌وان ساڵانه چه‌ند ملیۆن دۆلار له خه‌ڵك وه‌رئه‌گرن، به‌ڵام یارمه‌تییان نه‌داین.
ماوه‌ی دوو ساڵه مامه‌ڵه‌ی زه‌ویمان بۆ دروست كردنی په‌رستگا پێشكه‌ش به وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف كردووه، تائیستاش وه‌ڵامی ئێمه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه، له كاتێك ئێمه داوای پاره و زه‌ویمان نه‌كردووه. داوای ئه‌وه‌مان كردووه، ئایا ئێمه بۆمان هه‌یه په‌رستگامان هه‌بێت؟ به به‌ڵێ یان به نه‌خێر وه‌ڵامی ئێمه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه.
تائێستا ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تی ئاینی زه‌رده‌شتی له وه‌زاره‌تی ه‌وقاف و كاروباری ئاینی به خۆبه‌خشی ده‌كه‌م و به دامه‌زراندن نییه. ته‌نانه‌ت پێوه‌ره‌كانی كاری خۆبه‌خشیش ره‌چاوناكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی له وڵاتانی تر هه‌یه كه پاره‌ی هاتووچۆ و ته‌له‌فۆن ئه‌ده‌ن. ئه‌وه ماوه‌ی سێ ساڵه له‌وێ كارئه‌كه‌م یه‌ك فلسیان نه‌داوه، چه‌ندین جار داوام كردووه كه مه‌راسیممان هه‌یه و یارمه‌تیمان بده‌ن، ئه‌وان هیچ هاوكاریمان ناكه‌ن.
ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی پێشكه‌ش به وه‌زاره‌تمان كردووه، یه‌كێك له به‌ڕێوبه‌ره‌كانی به‌شی یاسای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف وتبووی ئه‌م ئاگرپه‌رستانه بۆیان نییه په‌رستگایان هه‌بێت، كیتابه‌كه‌ی فڕێدابووه ئه‌ولاوه. بۆیه په‌رستگاكه‌شمان ره‌سمی نییه، چونكه وه‌قفی نییه و ئێمه ئه‌مانه‌وێت بابه‌تی ئه‌و وه‌قفه‌مان له كۆڵ ببێته‌وه و ئه‌وقاف نه‌مێنێت. چ پێویست ئه‌كا په‌رستگایه‌ك بكه‌یته‌وه و بیخه‌یته سه‌ر وه‌قف.
دره‌و میدیا: حكومه‌تی هه‌رێم چۆن هاوكاریتان ده‌كات له بابه‌تی ناساندنی ئاینه‌كه‌تان له ناسنامه‌ی عێراقی؟ ئایا مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئێوه هه‌یه؟
ئاوات حوسامه‌ددین: حكومه‌تی هه‌رێم نایكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌ڵێن سه‌ر به حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵین و حكومه‌تی فیدڕاڵیش دانی به ئاینی زه‌رده‌شتیدا نه‌ناوه، بۆیه زۆر هه‌وڵ ناده‌ن بۆ ئه‌و بابه‌ته.
له ماوه‌ی رابردوو چه‌ند كیتابێك ده‌رچوون، كه نووسه‌رانی به خراپ باسی ئاینی زه‌رده‌شتییان ئه‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی كه‌س بڕوا به ئاینه‌كه‌مان نه‌هێنێت. چه‌ند جار شكاتمان كردووه له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامیان نه‌بووه. دۆسیه‌مان داوه‌ته دادگا، ئه‌وه نزیكه‌ی دوو ساڵه له‌وێیه و جگه له‌وه‌ی دكتۆر عه‌بدولله‌تیف سوكایه‌تی پێكردین تائێستاش كه‌ناڵه‌كه‌یان دانه‌خراوه. ئه‌و مه‌لا حه‌سیبه‌ی كه هه‌ڕه‌شه‌ی له زه‌رده‌شتییه‌كان كرد و وتی، ئه‌وه‌ی بڕوای به ئاینی زه‌رده‌شتییان هێناوه ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی سێ رۆژ نه‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌چیته جه‌هه‌ننم، راسته ماوه‌یه‌ك رایان گرت به‌ڵام ئێستا وتاربێژی مزگه‌وته. بۆیه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوه‌كانیان زۆر جدی نین و موجامه‌له‌ی ئیسلامییه‌كان ئه‌كه‌ن و نایانه‌وێت ئه‌وان له خۆیان زویر بكه‌ن.
دره‌و میدیا: بابه‌تی دانانی ئاینی زه‌رده‌شتی له وانه‌كانی خوێندنی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌كوێ گه‌یشتووه؟
ئاوات حوسامه‌ددین: ئێمه ئه‌مانه‌وێت ئاینی زه‌رده‌شتی له‌گه‌ڵ ئاینه‌كانی تر له وانه‌كان بخوێندرێت، چونكه ئاینی ئێمه هه‌مووی زانست و فه‌لسه‌فه‌یه. به‌ڵام سێ ساڵه مه‌نهه‌جمان له‌سه‌ر داوای خۆیان ناردووه كه داوای چوار لاپه‌ڕه مه‌نهه‌جیان به قه‌باره‌ی ئه‌ی فۆڕ لێ كردین، ئیستا پێیان راگه‌یاندووین بۆ خوێندنی ئه‌م ساڵی 2018-2019 نابێت و ناخوێندرێت و ده‌كه‌وێته 2019-2020. له‌و ماوه‌یه‌ی ئێمه مه‌نهه‌جمان ناردووه بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده چه‌ندین باڵه‌خانه و پرۆژه ته‌واو بوون. به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌نده قورسه ئه‌و مه‌نهه‌جه داخلی خوێندن بكه‌ن؟ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی پرسیاره و حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا وه‌كو مكیاجێك به‌كارمان ئه‌هێنن، به راستی وه‌كو جوانكاری به‌كارمان ئه‌هێنن و هیچمان بۆ ناكه‌ن. جگه له‌وه ساڵانه چه‌ندین په‌یمانگای ئیسلامی ئه‌كرێته‌وه و كیتابیان بۆ چاپ ئه‌كه‌ن، تائێستا نه په‌یمانگایه‌كمان بۆ ئه‌كه‌نه‌وه نه بڵاوكراوه‌كانمان چاپ ئه‌كه‌ن و نه بوودجه‌یه‌كمان بۆ دائه‌نێن بۆ چاپ و بڵاوكراوه‌كانمان.