Draw Media

دكتۆر شایان به‌ بڕینی مووچه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی سزا ده‌درێت

دكتۆر شایان به‌ بڕینی مووچه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی سزا ده‌درێت

2018-06-30 20:38:01


■ نیاز عه‌بدوڵڵا 

له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ی له‌ سه‌ر سكاڵای دوو هێرشكاری خۆپیشاندانه‌كانی مانگی ئازاری هه‌ولێر، دكتۆر شایان عه‌سكه‌ری به‌ بڕینی مووچه‌ و دوورخستنه‌وه‌ی له‌ كاره‌كه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كرێت و سزا ده‌درێت، ئه‌ویش داوایكرد "هیچ كه‌سێك نه‌ترسێت".
بڕیاره‌ سبه‌ی 1ی ته‌مموز دادبینی دووه‌م دۆسیه‌ی سكاڵاكار "ناسیح مه‌حمود" له‌ دادگای به‌رایی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ بچێت كه‌ وه‌ك قه‌ره‌بووی "ناوزڕاندنی" داوای 100 ملیۆن دیناری له‌ دكتۆر شایان عه‌سكه‌ری به‌شداربووی خۆپیشاندانه‌كانی مانگی ئازاری هه‌ولێر كردووه‌.
له‌ لێدوانێكی بۆ (دره‌و میدیا) شایان عه‌سكه‌ری باسی له‌و فشارانه‌ كرد كه‌ ده‌خرێنه‌سه‌ری بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له‌ بۆچوون و داواكارییه‌كانی و وتی "فشاره‌كان‌ زۆرن، من ده‌وامم هه‌یه‌ و ده‌وامه‌كه‌م حكومییه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی، به‌ڵام له‌ ده‌وامی به‌یانیان 8 رۆژ مووچه‌‌م بڕاوه‌". سه‌باره‌ت به‌ بڕین و پێنه‌دانی مووچه‌كه‌ی له‌ ده‌وامی ئێوارانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ وتی "له‌ ده‌وامی ئێوارانی به‌ده‌ل عیاده‌ مووچه‌ی مانگی 5ی كۆی فه‌رمانبه‌ران درا ته‌نیا من نه‌بێت، هاوكات  5 رۆژ به‌بڕینی مووچه‌ سزادرام، ئه‌مه‌ له‌ كاتێك له‌بری ئه‌وه‌ی عیاده‌ بكه‌مه‌وه‌ حكومه‌ت ئه‌و راویژكارییه‌ی داناوه‌ بۆئه‌و دكتۆرانه‌ی حه‌زیان لێیه‌ هه‌ر له‌ حكومه‌ت به‌رده‌وام بن".
له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی دوورخستنه‌وه‌ی له‌ كاره‌ فه‌رمییه‌كه‌ی عه‌سكه‌ری وتی "هه‌وڵی گواستنه‌وه‌م ده‌درێت له‌ نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی و ده‌یانه‌وێت ته‌نسیبه‌كه‌م هه‌ڵبووه‌شێننه‌وه‌ و بمنێرنه‌وه‌ بۆ دیانا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر".

ئه‌و پزیشكه‌ سكاڵا له‌سه‌ر تۆماركراوه‌ كه‌ داوای 200 ملیۆن دیناری لێ ده‌كه‌ن، سووربوونی له‌سه‌ر بۆچوون و هه‌لوێسته‌كانی راگه‌یاند و وتی "رام هیچ نه‌گۆڕاوه‌ و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ رام چۆن بوو هه‌ر ئه‌وهام، چونكه‌ من له‌سه‌ر حه‌قم" و "كه‌ باسی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و فشارانه‌ ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌س ترسێت، بۆیه‌ داواده‌كه‌م‌ هیچ كه‌سێك نه‌ترسێت".
پزیشكه‌كه‌ پشتیوانی هاووڵاتیان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی به‌ گرنگ زانی به‌ تایبه‌ت له‌ رۆژه‌كانی دا‌دگاییكردن و وتی "به‌پێویستی ده‌زانم ئه‌و پالپشتییه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بێت، چونكه‌ ئێستا به‌ ته‌نیا ماومه‌ته‌وه‌ و هه‌موو فشاره‌كه‌ له‌سه‌ر منه"‌.
رۆژی 25ی ئازاری 2018 بەهۆی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەكەوە لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، دكتۆر شایان عەسكەری بەڵگەی چەك هەڵگرتن و دەستدریژی دوو لە هێزە ئەمنییە جل مەدەنییەكانی بڵاوكردەوە، كە دەستدرێژی و رێگرییان كردبووە سەر ناوبراو، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكە بەدوای خۆیدا كاردانەوەی میدیایی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دژ بەو دوو كەسە جل مەندەنییە دروستكرد. بەڵام رۆژی 17ی ئایار پێڕاگەیاندنی ئامادەبوون لەبەردەم دادگای بەرایی بەهۆی بوونی دوو سكاڵای یاسایی دەگەیەندرێتە شوینی كاری دكتۆر شایان عەسكەری لە نەخۆشخانەی نانەكەلی هەولێر، لەو بارەیەوە دكتۆر شایان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند "دوو سكاڵا بە تۆمەتی ناوزڕاندن دژ بە من تۆماركراوە گوایە من ناوی ئەوانم زڕاندووە لەبەرئەوەی لە هەژماری تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكی خۆم ڤیدیۆكەم بڵاوكردوەتەوە، هەر یەك لە سكاڵاكارەكانیش داوای بڕی 100 ملیۆن دیناری عێراقییان كردووه وەك قەرەبوو كە دەكاتە 200 ملیۆن دینار‌".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand