قۆناغی 16ی مۆندیالی روسیا دەستپێدەكات
2018-06-30 07:28:53
(درەو میدیا):
ئەمڕۆ شەممە یارییەكانی قۆناغی 16ی جامی جیهانی تۆپی پێی 2018ی روسیا دەستپێدەكات و ئە خولە چوار رۆژ دەخایەنێت و هەشت یاری لە خۆدەگرێت كە لە حەوت شاری روسیا بەڕێوەدەچن.
لە یاری دەستپێكی ئەم قۆناغەدا، هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرجەنتین و هەڵبژاردەی فەرەنسا لە یاریگای شاری کازان رووبەڕووی یەكدەبنەوە و ئێوارەش هەردوو هەڵبژاردەی ئۆرەگوای و پرتوگال لە شاری سۆچی یاری دەكەن.
رۆژی یەكشەممەش دوو یاری بەڕێوەدەچێت، سەرەتا هەڵبژاردەی روسیای خانەخوێی مۆندیال و هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە مۆسكۆی پایتەخت كێبركێی دەكەن بۆ بەدەستهێنانی بلیتی قۆناغی داهاتوو، پاشان هەڵبژاردەی كرواتیا و دانیمارك لە شاری نۆفگۆرد رووبەڕوودەبنەوە.
رۆژی دووشەممەش هەڵبژاردەی بەرازیل و مەكسیك لە شاری سامارا بەیەكدەگەن و دواتر هەڵبژاردەی بەلجیكا و ژاپۆنیش لە شاری رۆستۆڤ یاریدەكەن.
لە دوا رۆژی قۆناغی شانزەدا هەڵبژاردەی سوید و سویسرا لە ساری شان پیترسبۆرگ رووبەڕووی یەك دەبنەوە و دوای ئەوە لە دوا یاری قۆناغەكەدا هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیا و ئینگلتەرا لە مۆسكۆی پایتەخت یاریدەكەن و دوو رۆژ پشوو دەبێت و پاشان قۆناغی هەشت دەستپێدەكات.
گۆڕانكاری نوێ
بڕیارە یارییەكانی قۆناغی شانزە بە یاسای نوێی تایبەت بە گۆڕینی یاریزانەكان بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بەڕێوەبچن و رێگە بە هەردوو تیپ دەدرێت لەكاتی گەیشتنی یارییەكە بە كاتی زیادكراو گۆڕانكاری چوارەم بكەن، واتە لە جیاتی سێ گۆڕینی سێ یاریزان، رێگەیان پێدەدرێت یاریزانێكی تریش ئاڵو گۆڕ بكەن.
ئاماری قۆناغی گروپەكان
لە قۆناغی یەكەمی مۆندیالی روسیادا كە بە قۆناغی گروپەكان ناودەبرێت ، 122 گۆڵ تۆماركراوە و 349 پاسی دروستیش دراوە و داوەركانیش 158 كارتی زەردیان بە یاریزانان داوە.