Draw Media

عەلی كەریمی: دوای 40 ساڵ ئیتر ئێران برەوی جارانی نەماوە و دەیگۆڕن

عەلی كەریمی: دوای 40 ساڵ ئیتر ئێران برەوی جارانی نەماوە و دەیگۆڕن

2018-06-29 19:21:02


( درەو میدیا) 
" ناوچەكە بە كۆمەڵێك روداوەوە ئاوسە و بە دڵنییایی ناوچەكە ئاڵوگۆڕی گەرەكە، جا چ سیاسی بێ چ ئابووریی بێ یان كۆمەڵایەتی. زۆر ئاشكرا و دیارە كۆمەڵانی خەڵكی ئێران نایانهەوێت بێزراو بن و پاساپۆرتیان لە هیچ كوێی ئەم جیهانە موعتەبەر نەبێ بە هۆی سیاسەتی دژ بە خەڵك و شەڕەنگێزی دەسەڵاتدارەكانیان لە ئێران، ئەوان شادی و ئاشتی و حەسانەوە و سەیر و سەفەریان گەرەكە، ئەوان عەدالەت و بنبڕكردنی گەندەڵی مەلا و بنەماڵەكانیان دەوێت و نیشانگەلی ئەوە لە گشت لاوە پەیدا بوون ئیتر چیتر قبوڵی ناكەن مەلا تەنانەت تەداخولی قژ و مێكاپی ژنەكانیان بكات" ئەمە بیروبۆچی عەلی كەریمی چاودێری سیاسیە رۆژهەڵاتی كوردستانە، كە لە نوسینێكی تایبەت بە درەو میدیا بەناوی (داهاتووی ئێران بەرەو كوێ؟!)دا خستویەتیە روو. 
سەبارەت بە خۆپیشاندان و نارەزاییەتیەكانی ئێران كە رۆژ لەدوای رۆژ تەشەنە دەستێنێت، عەلی كەریمی پێی وایە "   دوای ٤٠ ساڵ و ئەمڕۆ ئیتر ئەم پێداویستییە مێژووییەی ئێران برەوی جارانی نەماوە و ئیتر هەموو دنیا تێگەیشت و رۆژئاواش دەیان تاكتیك و مكانیزمی تری دابینكردنی بەرژەوەندییەكانی وەك قاعیدە و نەسر و داعش و دەیانی تری پەیدا كردوە و دەیكا. ئەمڕۆ بە تایبەت بۆ كۆماریخوازەكانی ئەمریكا كە بە مێژوو لایەنگری ئێقتدار و هێژمۆنیان لە عاست دەرەوەی وڵات بوون و ترەمپ بە ئاشكرا باسی بێعورزەگی و شەلوار لە خوارەوەبوونی ئەمریكای كرد لە ژێر سایەی سەرۆك كۆمارێكی وەك ئۆباما و بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی بەوە دەكرد كە شەلواری داكەوتووی ئەمریكا هەڵدەكێشێتەوە. زۆر نیشانگەلی عەزەمەت تەڵەبی ترەمپ، ویست و داخوازییەكانی وڵاتانی وەك سەعودییە لە دۆستی ستراتیژی خۆیان، تەداخولی بێ سنوری ئێران لە عێراق و یەمەن و لوبنان، پێمان دەڵێ لە وانەیە ئێتر پێویستێیەكی ئەوتۆیان بە كۆماری مەلاكان نەمابێ" 

عەلی كەریمی: داهاتووی ئێران بە دڵنییایی بەرەو گۆڕان دەچێ و داهاتووی كوردیش هەر دەگرێتەوە، بەڵام ئێـمە ئەمڕۆ پێویستیمان بە هێزی جەوانی ناوخۆ هەیە و چاوەڕوانم ئەوان قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵن و ئیجازە بە هیچ كەس و لایەنێك نەدەن بە ناوی كوردایەتی بچن بۆ دەسكەوتە تابیەتییەكانی خۆیان


 سەبارەت بە رۆَڵ و پێگەی حزب و سەركردەكانی رۆژهەڵات بەتایبەت لە ئێستادا جموجوڵیان دەستپێكردووە، عەلی كەریمی پێی وایە ئەوان لەوەهم و خەیاڵی خۆیاندا دەژین و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەیە" ئەوەی ئەمڕۆ سەركردەكانی بە ناو كوردی ئێران، لە ئۆردوگاكانی ژێر سێبەری یەكێتی و پارتی لە باشوری كوردستانەوە بە خەیاڵی خۆیان دوارۆژی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی كوردستان دادەرێژن، لە وەهم و خەیاڵ و چەواشەكردن و بەرژەوندی تایبەتی خۆیان زیاتر نییە. ئێمە بەم سیاسەتە ساویلكانەی ئەم هێزانە هەرگیز ناتوانین بەرەوپیری گۆڕینی نیزام لە ئێران ببینەوە، ئێمە دەبێ قبوڵ كەین لە عاست تموحی ئەمریكا و ئەوانەی خۆیان بۆ دەسەڵاتی داهاتووی ئێران ئامادە كردوە زۆر زەعیف و لاوازین. كوا یەك بوونمان!؟، كوا بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی؟! كوا ژووری عەمەلیات؟! كوا نزیكیمان لە نەوەی نوێ؟! كوا تاكتیك و ستراتیژمان؟! كوا گوتارمان بۆ ئێرانییەكان؟! كوا سیاسەتی یەكگرتوومان لەهەمبەر ئەمریكا و وڵاتانی جێهان؟! كوا بەرنامەمان بۆ هێزی چەكدار و پێشمەرگە؟! كوا و كوا و كوا؟!"

عەلی كەریمی: ئەوەی ئەمڕۆ سەركردەكانی بە ناو كوردی ئێران، لە ئۆردوگاكانی ژێر سێبەری یەكێتی و پارتی لە باشوری كوردستانەوە بە خەیاڵی خۆیان دوارۆژی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی كوردستان دادەرێژن، لە وەهم و خەیاڵ و چەواشەكردن و بەرژەوندی تایبەتی خۆیان زیاتر نییە


 عەلی كەریمی نایشارێتەوە كە ئەم سەركردانەی ئەمرۆی كوردستانی رۆژهەڵات توانای بەدەستهێنانی مافەكانی كوردیان نیە" كوردی ئێران بەم سەركردانەی لە ئێستاوە خۆیان بۆ پۆست و مقام لە تاران خۆش كردوە و مناعەتیان نییە بۆ ئەم كارەیان تەنانەت پەنا بۆ سوكترین رۆژنامەنووسی مێژووی ئێران بەرن، دەبێ بزانن ئەوان لە مەیدانی شەڕی سیاسی داهاتووی ئێران ناتوانن مافەكانمان دەستەبەر بكە، ئەمڕۆ ئێمەی كورد لە رۆژهەڵات دەبێ خەڵكانێك پێش خەین كە ئیمتحانی رابردوویان دابێت و بەرژەوەندی نەتەوەیی لە سەروو هەموو بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان ببینن، ئەوانەی ئەمڕۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵە بە ناوی سەركردایەتی كوردی ئێران بوونە دەمڕاستی خەڵكی كورد دەبێ لێپرسینەوە قبوڵ كەن و ولامدەر بن بۆ چی بەم ماوە زۆرە خۆیان قەتیسكردوە لە ئۆردوگاكان؟! بۆچی كێشەی كورد لە ئێران دوای ٨٠ ساڵ یەك بست بۆ پێشەوە نەچووە لە سایەی رێبەریی ئەوان؟! كارنامەی كاری سیاسی و شۆڕشگێریان پێشكەش بە بارەگای بەرزی میللەتی خۆیان بكەن، شەڕی ناوخۆیان لە پێناو چیدا كرد؟! ئەوهەموو ئینشقاق و لێكدابڕان و تەرەكردنی كادر و پێشمەرگە بۆ كران؟! و سەدان پرسیاری بێ وڵام دەبێ وڵام بدرێتەوە، دەبێ مەحاڵ بێ بۆ كەسانێك كە هاورێ و براكانی دۆینێی خۆیان كوشت ئەمڕۆ دیسان بێنەوە پێش"
سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانكاری لە ئێراندا و ئامادەیی كورد بۆ ئەو گۆڕانكاریانە عەلی كەریمی دەڵێت" داهاتووی ئێران بە دڵنییایی بەرەو گۆڕان دەچێ و داهاتووی كوردیش هەر دەگرێتەوە، بەڵام ئێـمە ئەمڕۆ پێویستیمان بە هێزی جەوانی ناوخۆ هەیە و چاوەڕوانم ئەوان قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵن و ئیجازە بە هیچ كەس و لایەنێك نەدەن بە ناوی كوردایەتی بچن بۆ دەسكەوتە تابیەتییەكانی خۆیان. لە یەكەم حەرەكە و جوڵە لە رۆژهەڵات حەقە رێ بە  میلیشیای حیزبی نەدرێت و گەر قەرارە هێزی نیزامی هەبێ دەبێ هێزی پێشمەرگەی نەتەوەیی بێتە چێ كردن و حەقی سیاسەتی نەبێ و هیچ حیزب و كەسایەتییەكیش بۆی نەبێ هێزی چەكداری هەبێ. كەسانێك بنێرین بۆ تاران و گفتوگۆ كە بچوكترین نیاز و بەرژەوەندییەكی تاكی خۆیان نەبێ، ئەمڕۆ دەبێ كوردی ئێران ئامادە بێ بۆ هەموو گۆڕانكاریی و شۆڕشی سەرانسەری یان گۆڕینی رژیم لە سەرەوە، ئەوەش بە خەڵكانێك دەكرێت كە ئیمتحانی دڵسۆزی و وەفایان بۆ گەل و نیشتمان دابێت" 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand