شەقوەشێنەكانی حیزب
2018-03-26 15:10:31
ئا: درەو
شەقهەڵدان لە مامۆستایەك لەناو پایتەختی هەرێمی كوردستان دەبێتە باسی گەرمی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، لە كاتێكدا كلتوری شەقوەشاندن لەناو كورد و لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا نوێ نیە و ریشەی مێژوویی هەیە و چەندین توێژینەوەی لەبارەوە نوسراوە.
شەقوەشاندنی كارەكتەرە حیزبیەكان بە هاندانی حیزب كۆمەڵگەی كوردی دەباتەوە بۆ مەزرای ئاژەڵانی جۆرج ئۆرێل كە تیایدا ترس و تۆقاندن و لێدان و ئەشكەنجە دەبێتە بەشێك لە رەفتاری ئەو ئاژەڵانەی كە كاربەدەستن.
ئەمڕۆ كلتوری شەقوەشاندن بوەتە بەشێك لە رەفتاری بەرپرسە حیزبیەكان بە مەبەستی تەمێكردن و ترساندن و تۆقاندنی خەڵكیكك،كلتوری شەقاوەیی ریشەیەكی مێژوویی هەیە لە كلتوری عێراقی كۆن و ئێستاشدا بونی هەیە، رەنگە هیچ كەس هێندەی عەلی وەردی گەورە توێژەری عێراقی دیاردەی شەقاوەچێتی شینەكردبێتەوە دیاردەی شەقاوەچێتی دیاردەیەكە لەو كاتانەدا سەرهەڵدەدات و زۆر دەبێت كە كۆمەڵگە روبەرووی دۆخێكی خراپی ئابوری و كۆمەڵایەتی دەبێتەوە و لە غیابی یاسا و دەسەڵاتی دامەزراوەكانی دەوڵەتدا زیاتر دەەبێت و لە یاساكانی حامورابیدا سزای توند و قورس دانراوە بۆ ئەو كەسانەی كاری رێگری شەقاوەچێتی دەكەن.
لە هەرێمی كوردستانیش رەفتاری شەقاوەیی لە سەدەی رابردوودا ببوە بەشێك لە كلتوری كۆمەڵگە ئەویش لەرێگەی پەرەپێدانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە وەك یەكێك لە رژێمە شمولییەكانی ناوچەكە، بەڵام لەدوای راپەڕین و كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەعس لە كوردستان و دروستبوونی ئەزمونی حكومداری لە هەرێم، شەقاوەیی بە بەرگێكی نوێوە دەركەوتووە و حیزبەكان لەبری سڕینەوەی ئەم دیاردەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان پەرەیان پێداو لەبری چەسپاندنی یاسا و سزادانی شەقوەشێنەكان، شەقوەشێنەكانیان كردە بەشێك لە كارەكتەرە ترسناكەكانی ناو حیزب كە لە هەرشوێنێكدا ویستیان بوو بەكاریان دێنن و شەق دەوەشێنن، تەنانەت ئامادەیان دەكەن تا لەناو بارەگاكانی خۆشیان شەقبوەشێنن و سڵنەكەنەوە.
لێدان و شەقهەڵدان لە مامۆستاكەی هەولێر لەلایەن كادرە حیزبی و شەقوەشێنەكانەوە كاردانەوەی گەورەی لە شەقامی كوردیدا لێكەوتەوە بەتایبەت بەرامبەر بە مامۆستایەكی بەتەمەن كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا مامۆستا رەمزی رێزو خۆشەویستیە و تەنانەت شاعیری میسری بەڕەگەز كورد، ئەحمەد شەوقی لە وەسفی مامۆستادا دەنوسێت (كاد المعلم أن یكون رسولا ) پلەی مامۆستای نزیکردوەتەوە لە پلەی پێغەمبەرایەتی.
شەقهەڵدان لە مامۆستایەك لەناو پایتەختی هەرێمی كوردستاندا دەبێتە باسی گەرمی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، درەو نوسین و پۆستی ژمارەیەك لە نوسەرو چالاكوانان وەكو خۆی لەبارەی ئەو روداوەوە بڵاودەكاتەوە.
كەمال چۆمانی/ رۆژنامەنووس
" دەسەڵاتی چەتەگەرا لەڕێی میكانیزمەكانی بەعسیزم دەیەوێت بەردەوامیی بدات بە شكاندنی كەرامەتی تاك و جڤاكی ئێمە، بەڵام هەر شەقێكی مافیائاسایییانەی ئەوان، شەقە لە كەرامەتی خۆیان. ٢٧ ساڵ هەوڵی كەرامەت شكاندن تەنها كەوتنی كەرامەت و مێژو و رێبازی خۆیان ئەنجامی بو، ئەوەی ئەوان بە ئامانجیان گرت، كەرامەتی ئێمە بوو، بەڵام كەرامەتی خۆیانی شكاند. بێكەرامەتترین و بێڕیزترین و بێكەسایەتییترین و سوكترین ئینسانەكانی جڤاكی ئێمە، ئەوانەن شەق لە كەرامەت و شكۆی ئێمە دەوەشێنن".
ئاراس فەتاح/ نوسەر
"دەبێت هەمووان پێكڕا پەیامێكی ڕوون و جەریئانە بە كاربەدەستە بێئیشەكانی دەسەڵات بدەن كە چیدی بێنرخ تەماشاكردنی داواكانی خۆپیشاندەرانی ئەم هەرێمە و شكاندنی بەردەوامی كەرامەتی ئینسانی ئێمە هێڵی سوورە و دەبێت مافەكانی پارێزراوبێت و رێگەنەدرێت بەڵتەجییەكانی دەسەڵات بكەونە گیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و پزیشكان و خەڵكی ناڕازیی و بە ئارەزووی خۆیان ئەشكەنجەیان بدەن و كەرامەتی ئینسانییان لەوە زیاتر بشكێنن كە تاوەكو ئەمڕۆ بەرامبەریان كراوە. ئەركی ئەخلاقیی و سیاسیی هەمووانە پێكڕا لە بەرەیەكدا ڕێگریی لەوەبكەن كە جەنگی پڕوكێنەری دەستەویەخە لەنێوان خەڵكی مەدەنیی و مۆب و شەقاوەكانی دەسەڵاتدا دروستنەبێت و بە دیزاینەرەكانی ئیفلاسی سیاسیی و موفلیسە ئابوورییەكانی رژێمەكەی هەولێر بڵێن كاتی ئێوە تەواو بوو، چونكە ئاشكرایە ئەمجۆرە دەسەڵاتدارانە لە كۆتایی تەمەنی شەرعییەتی سیاسییاندا تەنها هێزێكی دڵسۆز كە لەدەوریان دەمێنێتەوە بۆ بەرگریی لێكردنیان، بەڵتەجییەكانیانە".
سەردار عەزیز/ نوسەر
" من وەهام ئەزانی كە شەقوەشێن شەقاوەیە، بەڵام لای عەلی وەردی، شەقاوە كوڕی گەڕەكە. كەواتە شەق وەشێن لە شەقاوە كەمترە. بەڵام بەشێكی دانەبڕاوی دەسەڵاتی كوردی و ڕۆژهەڵاتییە !".
عەلی كەریمی/ چاودێری سیاسی
" شەقوەشێنان و تەقەكەرانی دەسەڵات لە مناڵ و رۆلەكانی كورد، دەبێ چاوەرێی غەزەب و تۆڵەی بێ ئەمانی كۆمەڵانی خەڵك بن، بیرتان نەچێت شەق و فیشەكی كورد لە كورد ئازاری گەلێك پترە لە هی بێگانە !".
هاوكار حسێن/ رۆژنامەنووس
"نابێت تووشی سەرسوڕمان بین بەوەی ئەندامێكی حزبی بەشەڕواڵی كوردیەوە، شاپێك لەمامۆستایەكی بەتەمەنی هەولێر دەدات، لەراستیدا من بۆخۆم كاتێك هێدمە دەیگرتم، كە مامۆستاكە شەقی لەو گەنجە هەڵدایە. لەبنەڕەتدا شەقوەشێن و شەقخۆریش، هەردووكیان قوربانین، یەكەمیان قوربانی دەستی حزب و دوەمیان قوربانی دەستی سیستمی حوكمڕانیەكی گەنیو. شەقێك بوو زوتر بەر پاشەڵی حزب كەوت، حزبێك تەمەنی هێندەی تەمەنی مامۆستاكە دەبێت، كەچی نوێترین ڤێرژنی ئەندامەكانی خۆی، بەكیلۆمەتر سفری ئەخلاقەوە دەخاتە بازاڕەوە. حزبێك هەموو شتێكی دۆڕاندوە و ئێستا دەستمایەكەی شەق و دزی و دڕۆیە، هاوكار لە نوسینەكەی دا رەخنە لە خودی مامۆستا خۆشی دەگرێت و دەڵێت :مامۆستا لەبازاڕ توشی ئەو كاڵایە دەبێت كە خۆی دەستی لەبەرهەمهێنانیدا هەبووە، هەتا ئێستا مامۆستا خۆی بەشێكە لەو سیستەمە پەروەردەیەی كە مەخلوقی شەقوەشێنت بۆ بەرهەم دەهێنێت. هەمان دیمەنیش لەناو قوتابخانە رۆژانە درێژەی هەیە، تەنها شوێنی جەلاد و قوربانی دەگۆڕێن. رۆژانە قوتابی ناڕازی و لاسار، لەلایەن مامۆستاوە شەقی دروونی و فیزیكی دەخوات".