Draw Media

پڕوپوچترین حەوت شەڕ لە مێژوودا

پڕوپوچترین حەوت شەڕ لە مێژوودا

2018-06-28 14:05:51


وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت
كاتێك باس لەو هۆكارانە دەكرێت كە بونەتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەكان، یەكسەر هۆكاری لۆژیكی بە مێشكتدا دێت، وەكو ململانێی لەسەر سامان و داگیركردنی خاك و یان ئازادكردنی یاخود تەنانەت گەڕان بەدوای نەمری و ناوبانگدا، لە پشت ئەم هۆكارانەوە چەندین شیكردنەوەی پڕ گرێوگۆڵ دەبینین، كە لەگەڵ ئەو كوشتار و برینداربوون و زیانە مادییە زۆرانەدا دەگونجێت كە جەنگ لەدوای خۆی بەجێی دەهێڵێت، بەڵام كاتێك تەماشای كتێبەكانی مێژوو دەكەین توشی سەرسوڕمان دەبین بەو هەموو جەنگەی كە هۆكاری رودانیان دەكرێت بە پڕوپوچ وەسفبكرێت.


1: جەنگی "گوێی جەنگینز":
خاڵی سەرەتای ئەم جەنگە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە هێزەكانی ئیسپانیا سااڵی 1731 كاپتنی كەشتییەكی ئینگلیزییان دەستگیركرد بە ناوی كاپتن "جەنگینز" و سوكایەتییەكان پێكرد و بەشێوەیەكی توندوتیژ هەڵسوكەوتیان لەگەڵ كرد تا ئەو ئاستتەی فەرماندەیەكی ئیسپانی گوێی "جەنگینز"ی بڕی و پێی وت: پادشای ئینگلتەراش هەمان چارەنوسی دەبێت ئەگەر بێتە ناوچەی كاریبی یاخود بازرگانی بكات لەو ناوچانەی كە موڵكی ئیسپانیان.
دوای ئازادكردنی "جەنگینز" گوێچكە بڕاوەكەی لە كوپێك خواردنەوەی كحولیدا هەڵگرت و گەڕایەوە بۆ ئینگلتەرا و رۆیشت بۆ لای پادشا جۆری دووەم ئاگاداری بكات لەو گوێیەی كە بڕیویانە، بەڵام پادشا لە سەرەتاوە بایەخی پێنەدا، ئەمە وایكرد "جەنگینز" پەنا بۆ بڵاوكردنەوەی چیرۆكەكەی ببات لە یەكێك لە گۆڤارە بەناوبانگەكان و بەردەوامیش بە گوێ بڕاوەكەیەوە بە قاوەخانەكاندا دەگەڕا و چیرۆكەكەی دەگێڕایەوە.
دواجار لە ساڵی 1738 سەركەوتوو بوو لەوەی سكاڵایەك بخاتە بەردەم ئەنجومەنی گشتی بەریتانیا، ئەو بەریتانیانەی كە دیمەنی گوێی وروژاندبونی، گوێیان بۆ گرت، داوا لە ئیسپانیا كرا داوای لێبوردن لەو كارە بكات كە كردویەتی، بەڵام هیچ وەڵامێك نەبوو، لە 23ی ئۆكتۆبەری 1739 ئەو جەنگە هەڵگیرسا كە ناوی لێنرا جەنگی "گوێی جەنگینز"، دوای دەستپێكردنی جەنگەكە پەرەیسەند بۆ جەنگی نێوان دوو هاوپەیمانێتی نەك تەنیا دوو دەوڵەت، نەمسا و فەرەنسا و هەندێك لە وڵاتانی تر بەشدارییان لە جەنگەكەدا كرد، ئەمە وای كرد خەڵكانی پسپۆڕ بە شوێن هۆكاری راستەقینەی جەنگەكەدا بگەڕێن كە دوو هاوپەیمانی گەورەی بەشەڕدا، جەنگەكەش بە ئیمزاكردنی رێككەوتنێك بە ناوی "ئیكس لا شابل" لە ساڵی 1748 كۆتایی هات.
2- جەنگی باڵندەی ئیمو:
ئەم جەنگە لەنێوان مرۆڤەكاندا نەبوو، لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵەكاندا بوو، لە نۆڤێمبەر/ تشرینی دووەمی ساڵی 1932 باڵندەی "ئیمۆ" لە شێوەیەك لە ئوسترالیا بڵاوبوەوە كە لە كۆنترۆڵ دەرچوو، ژمارەیان گەیشتە نزیكەی (20 هەزار) باڵندە، لە بیابانی ئوسترالیا بڵاوبونەوە و بەروبومی كشتوكاڵیان لەناودەبرد، ئەمە وایكرد سوپای ئوسترالیا هێزێكی چەكدار بنێرێت بۆ لەناوبردنیان.
بەڵام كارەكە ئاسان نەبوو، باڵندەكان سەركەوتوو بوون لە نیشاندانی نەرمییەكی زۆر لەبەرامبەر چەكەكانیان، سەرباری كوژرانی (2 هەزارو 500) باڵندە، بەڵام زۆرینەیان رزگاریان بوو و هەڵاتنی لە دەستی سەربازە چەكدارەكان، دوای هەفتەیەك بەردەوانی جەنگەكە، فەرماندەی هێزە چەكدارەكە بێئومێد بوو لە لەناوبردنی باڵندەكان و بڕیاری كشانەوەی دا.
3-  جەنگی سەگێكی سەرلێشێواو:
دوای تەواوبونی جەنگی جیهانی یەكەم، پەیوەندییەكانی نێوان یۆنان و بولگاریا زۆر ئاڵۆزبوو، كەشوهەواكە لەباربوو بۆ نوێبونەوەی جەنگ لە نێوانیاندا ئەگەر هۆكارێك هەبێت، ئەو هۆكارەش لە رۆژی 22ی ئۆكتۆبەر/ تشرینی یەكەمی 1925 رویدا كاتێك یەكێك لە سەربازانی یۆنانی شوێن سەگە هەڵاتوەكەی كەوت كە سنوری بولگاریای بڕی، سەربازەكە بەردەوام بوو لە راونانی سەگەكە ئەمە وایكرد بە تەقەی پاسەوانی سنوری بولگاریا بكوژرێت.
ئەم روداوە هێزەكانی یۆنانی وروژاند و رۆژی دواتر جەنگیان لەدژی بولگاریان دەستپێكرد و ژمارەیەك گوندیان داگیركرد، لە سەروبەندی بۆردومانكردنی شاری "بیتریچ" بوون، بەڵام كۆمەڵەی نەتەوەكان دەستوەردانی كرد و ئیدانەی هێرشەكەی كرد، و لیژنەیەكی نێودەوڵەتیشی پێكهێنا بۆ دانوستان، سەركەوتوو بوو لە راگرتنی شەڕ، ئەمەش دوای ئەوەی 52 كەس كوژران.
4- جەنگی تۆپی پێ‌:
ئەم جەنگە لە نێوان هندۆراس و سلڤادۆردا بەرپابووو، ناكرێت تەنها یاری تۆپی پێ بە هۆكاری سەرەكی هەڵگیرسانی ئەم شەڕە دابنرێت،کارەکە زۆر لەوە دژوارترە و رەگ و ریشەی قەیرانی نێو ئەو دوو وڵاتە بۆ شەستەكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، كاتێك حكومەتی هندۆراس تاپۆكردنی زەویی لە هاوڵاتیانی سلڤادۆر قەدەغەكرد و هاوڵاتیانی سلڤادۆریی دەركرد و پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانیشی لەگەڵ وڵاتەكەیاندا پچڕاند، بەڵام تیروپشكی یارییەكانی پاڵاوتنی جامی جیهانی ساڵی 1970 تیپی هەردوو وڵاتی رووبەڕوووی یەك كردەوە لە یارییەكی یەكلاكەرەوەدا و سلڤادۆر یارییەكەی بردەوە و بۆ تەواوكردنی پاڵاوتنەكان سەركەوت، لەگەڵ كۆتاییهاتنی یارییەكە هەردوو دەوڵەت هێزەكانیان لەسەر سنور جێگیركرد و جەنگ بە پێشێلكردنی ئاسمانی سلڤادۆر لەلایەن فڕۆكەیەكی هندۆراسەوە دەستیپێكرد, فڕۆكەكە بنكەیەكی سەربازی بۆردومانكرد و سوپای سلڤادۆریش بەرپەرچی دایەوە، دوای پێنج رۆژ لە شەڕ هێزەكانی هندۆراس گەورەترین شاری سلڤادۆریان بۆردومانكرد، بەڵام هەوڵە نێودەوڵەتییەكان و هەوڵەكانی لیژنەی تایبەت بە رێكخراوی وڵاتانی ئەمریكای باشوور سەركەوتووبوون لە راگرتنی جەنگەكەدا.
5- جەنگی خواردن:
هۆكاری هەڵگیرسانی ئەم جەنگە بۆئەوە دەگەڕێتەوە ، دوكانێكی خواردەمەنی كە خاوەنەكەی هاوڵاتییەكی فەرەنسیی بوو لە شاری مەكسیكۆ بەهۆی سەرهەڵدانی پشێوی ئاژاوەوە لە ساڵی 1828 تاڵانكرا، خاوەنەكەی داوای قەرەبووی لە دەسەڵاتدارانی مەكسیك كرد، بەڵام سكاڵا و داواكارییەكەی پێشتگوێخرا، بەوەش خاوەنەكەی ناچاربوو داوای هاوكاری لە حكومەتی فەرەنسا بكات، ماوەیەكی زۆر هیچ وەڵامێكی وەرنەگرتەوە، هەتا " لویس فیلیپ"شای فەرەنسا هاتەسەرخت و توڕە بووە لەوەی كە مەكسیك لە قەرەبووكردنەوەیدا شكستیهێناوە و ئەوەش وایكرد داوا لە شای مەكسیك بكات بڕی 600 هەزار پیزۆ وەك قەرەبوو بداتە خاوەنی دوكان خواردەمەنییەكە بەهۆی ئەو زیانانەی لێی كەتووە، كاتێك مەكسیك رەتیكردەوە قەرەبووەكە بدات، شای فەرەنسا جەنگی راگەیاند و جەنگەكە لە تشرینی یەكەمی 1838 دەستیپێكرد و لە ئازاری 1839 كۆتایی هات، دوای ناوبژیوانی حكومەتی بەریتانیا و ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا، كە یەكێك لە بەندەكانی حكومەتی مەكسیكی پابەند كرد ئەو بڕە پارەیە وەك قەرەبوو بداتە خاوەن دوكانەكە.
6- جەنگی سەتڵەكە:
ئەم جەنگە ساڵی 1328 لە نێوان دوو شاری سەربەخۆی ئەو كاتەی ئیتالیا بەرپابوو، كە ئەوانیش شاری مۆدینا و بۆڵۆنیا بوون، سەرەتا فیرقەیەك لە سەربازانی مۆدینا هێرشیانكردە سەر شاری بۆڵۆنیا و سەتڵێكی دارینی گەورەیان دزی و هێنایانە شارەكەیان، ئەوەش دانیشتوانی بۆڵۆنیای توڕەكرد و بە سوكایەتیكردن پێیان لە قەڵەمیاندا و ئەو هەڵوێستەش بووەهۆی بەرپابوونی جەنگ لە نێوان هەردوو شارەكەدا و شەڕەكە 12 ساڵی خایاند، سەرەڕای ئەوەی جەنگەكە ئەو ماوە دوورودرێژەی خایاندن بەڵام بۆڵۆنیان نەیتوانی سەتڵەكە بەدەستبهێنێتەوە و هەتا ئەمڕۆش ئەو سەتڵە بە تاوەری زەنگەكەوە لە مۆدینا هەڵوەسراوە.
7- جەنگی پاراگوای:
 سەرۆكی پاراگوای " فرانسیسكۆ سۆلانۆ لۆپێز" زۆر بە سەركردەی سەربازی فەرەنسا ناپلیۆن پۆناپارت سەرسامبوو، هەمیشە هەوڵیدەدا لە هەموو بوارەكانی ژیانیدا لاسایی بكاتەوە، یەكێك لەو لایەنانەش ئازایەتی ناپلیۆن و زۆر شەڕكردنی بوو، لەبەرئەوە لۆپێز ساڵی 1864 جەنگی لەدژی سێ‌ دراوسێی وڵاتەكەی، ئەرجەنتین، و بەرازیل و ئۆرەگوای راگەیاند و ئەنجامەكەشی زۆر كارەساتبار بوو، بە گوێرەی خەمڵاندنەكان لەو جەنگەدا 90%ی پیاوانی پاراگوای گیانیان لەدەستدا، و كۆی قوربانییەكان گەیشتە 400 هەزار كوژراو لە هەردوو لایەنی شەڕ و لە كۆتاییدا هیچ چارەسەرێك بۆ وەستاندنی شەڕەكە نەبوو، جگە لە تیرۆركردنی سەرۆكە گەمژەكە نەبێت لە ساڵی 1870دا.
سەرچاوە: هاڤینگتۆن پۆست عەرەبی
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand