كۆسۆڤۆ بەهانای سێ یاریزانی هەڵبژاردەی سویسراوە دەچێت
2018-06-28 11:21:45
(درەو میدیا):
شیردان شاكیری و گرانیت چاكا دوو یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی سویسران و بەرەگەز خەڵكی كۆسۆڤۆن، ئەم دوو یاریزانە لە یاری هەڵبژاردەی سویسرادا لە مۆندیالی روسیا بەرامبەر بە هەڵبژاردەی سویسرا دوو گۆڵیان تۆماركرد و بە هێمای ئەلبانیا ئاهەنگیان گێڕا و ئەوەش حكومەتی سربیای توڕەو نیگەران كرد.
یارییەكەی هەڵبژاردەی سویسرا و سربیا رۆژی هەینی رابردوو بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی سربیا بە گۆڵێك پێشكەوت، بەڵام دواتر سویسرا ئەنجامەكەی هەڵگێڕایەوە لە خولەكانی كۆتاییدا بە ئەنجامی 2-1 یارییەكەی بردەوە، شیردان شاكیری یاریزانی بەرەگەز كۆسۆڤۆیی گۆڵی بردنەوەی تۆماركرد و بەرەو هاندەرانی سربیا رۆیشت و هەردوو دەستی بە پێچەوانەی یەكرتەوە لەسەر سەنگی دانا و نیشانەی " هەڵۆی دووسەر" نیشانەی ئەلبانیا دروستكرد و پێش ئەویش چاكای هاوڕێی كە گۆڵی یەكەمی تۆماركرد و هەمان رەفتاریكرد.
لە بەرامبەر ئەو كارەی ئەو دوو یاریزانە یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی " فیفا" بڕیاریدا هەریەك لە شاكیری و چاكا بە بڕی 10 هەزار فرەنكی سویسری " 10 هەزار دۆلار" و هاوڕێكەیان و كاپتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی سویسرا شتیڤان لیختشتاینەر بە بڕی پێنج هەزار دۆلار غەرامەبكات.
دوای ئەم بڕیارەی فیفا، لە كۆسۆڤۆ هاوسۆزی و پشتیوانی زۆر بۆ ئەو یاریزانانە دەبڕدا و سایتێكی ئەلیكترۆنی بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆیان دانرا و لەماوەی 24 كاتژمێردا 12 هەزار یۆرۆ كۆكرایەوە.
بایرام حەسانی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی كۆسۆڤۆ یەكەمین كەس بوو بە موچەی مانگێكی ( 1500 یۆرۆ) بەشداری كۆكردنەوەی هاوكاری كرد بۆ ئەو سێ یاریزانە و لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەكانی كۆسۆڤۆ وتی:" ئەوان تەنها لەسەر ئەوەی رەگ و ریشەی خۆیان لە بیر نەكردووە سزادراون، ئەوان ئەوەیان لە بیر نەكردووە كە لە كوێوە هاتوون، بە پارە قەرەبووی ئەو خۆشیە ناكرێتەوە كە چاكا و شاكیری بە ئاهەنگێڕان لەگەڵ دروشمی هەڵۆ بۆ ئێمەیان هێنا".
شاكیری ساڵی 1991 لە كۆسۆڤۆ لەدایكبووە، لە تەمەنی یەك ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەیدا چووتە سویسرا، چاكاش ساڵی 1992 لە خێزانێكی كۆسۆڤۆیی لە سویسرا لەدایكبووە، و براكەی تولانت دوای یاریكردنی بۆ هەڵبژاردەی سویسرای خوار تەمەن 21 ساڵ چووە ریزی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەلبانیاوە.
كۆسۆڤۆ دەكەوێتە باكوری ئەلبانیا و زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسوڵمانن، ساڵی 1998 هەڵمەتی جیابوونەوەی لە سربیا دەستپێكرد و سربیاش هەوڵەكانی سەربەخۆیی بە هێز سەركوتكرد، ئەوەش پەیمانی ناتۆی ناچاركرد لە ئازاری 1998 دەستوەردان بكات و هێرشی ئاسمانی بكاتە سەر بەلگرادی پایتەختی سربیا و دوای 78 رۆژ حكومەتی سربیا هێزەكانی لە كۆسۆڤۆ كشاندەوە.
لە ساڵی 2008 كۆسۆڤۆ سەربەخۆیی وەرگرت و بووە ئەندامی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام تا ئێستا لە لایەن سربیا و پێنج وڵاتی یەكێتی ئەوروپا روسیا و چینەوە دانی پێدانەنراوە.