پێكهاتەی سیستمی نوێی سەرۆكایەتی توركیا؟
2018-06-28 10:49:06
(درەو میدیا):
سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیا بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و كابینەی نوێی حكومەتی توركیا گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
بە گوێرەی راپۆرتێكی سایتی " turkpress" كابینەی نوێی حكومەتی توركیا لە 14 وەزارەت پێكدێت و لەبەرامبەر كەمكردنەوەی وەزارەتەكاندا چەند دەست و ئەنجومەن و نوسینگەیەكی نوێ پێكدەهێنرێت.
پەیكەری سیستمی سەرۆكایەتی توركیا لە 16 وەزارەت و 4 نوسینگە و نۆ دەستە و هەشت ئەنجومەن و سەرۆكایەتی پێكدێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمار جێگرەكانی و وەزیرەكانی حكومەتەكەی لە دەرەوەی پەرلەمان دیاریدەكات و رێوشوێنی كاری سیستمی سەرۆكایەتی بەمشێوەیەیە:
• چوار نوسینگە پێكدەهێرنێت كە ئەمانەن: نوسینگەی دارایی، نوسینگەی سەرچاوە مرۆییەكان، نوسینگەی تەكنۆلۆژیا و نوسینگەی وەبەرهێنان، هەرچوار نوسینگەكە راستەوخۆ پەیوەستن بە سەرۆك كۆمارەوە و رۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بوارەكانی وەبەرهێنان و بودجە و سەرچاوە مرۆییەكان، هەروەها راوێژكارەكانی ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغانیش كە ژمارەیان 36 راوێژكارە لەگەڵ چەندین كەسی تردا لەم چوار نوسینگەیەدا كاردەكەن.
• نۆ دەستەش دادەمەزرێنرێن و راستەوخۆ سەربە سەرۆكایەتی كۆمار دەبن و ئەركەكانیان بریتییە لە پێشكەشكردنی پێشنیاز لە بوارەكانی زانست، تەندروستی، پەروەردە و فێركردن، خۆراك و ئابوری ، ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە و داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی دوورمەودا، یەكێم لە دەستەكان دەستەی ستراتیژی و بودجەیە كە لە نزیكەوە چاودێری بودجە دەكات و بەدواداچوون بۆ كاریگەری بڕیارە ئابورییەكانی بانكی ناوەندی و دەسەڵاتە باڵاكان دەكات لەسەر بودجەی گشتی وڵات.
• گرنگترین ئەو ئەنجومەنانەشی كە لە سیستمی سەرۆكایەتی توركیادا دادەمەزرێنرێن، ئەنجومەنی سیاسیەتی ئابورییە كە وەك دەستەیەكی ئابوری بەهێز پێشنیاز و ستراتیژی خۆی راستەوخۆ پێشكەشی سەرۆك كۆمار دەكات.
هەروەها ئەنجومەنی ئاسایش و سیاسەتەكانی دەرەوەش دادەمەزرێنرێت كە ئەركی داڕشتنی سیاسەتی نوێیە بۆ بەرەوپێشبردن و بەرزركردنەوەی ئاستی توركیا لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا.