هاندەرانی ئەڵمانیا جامی توڕەییان بەسەر ئۆزێلدا رشت
2018-06-28 08:56:24
(درەو میدیا):
دوای پێشكەشكردنی ئاستێكی خراپ، هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو، دوای دۆڕاندنی بە هەڵبژاردەی كۆریای باشوور ( 2- 0 ) ماڵئاوایی لە مۆندیالی 2018ی روسیا كرد.
ئەو شكست هاندەرانی ئەڵمانیای تووشی شۆك كرد، چونكە لە ماوەی 80 ساڵدا ئەوە یەكەمجارە هەڵبژاردەی مانشافت كە چوارجار جامی جیهانیی بردوەتەوە لە قۆناغی یەكەمی مۆندیال بكرێتە دەرەوە و بەوەش ئەڵمانیا شكستیهێنا لەوەی هاوشێوەی هەڵبژاردەی ئیتالیا و بەرازیل بچێتە لیستی ئەو هەڵبژاردانەی سەركەوتووبوون لە پارێزگاریكردن لە نازناوی جامی جیهانیی.
لە دوای كۆتایی هاتنی یارییەكەی ئەڵمانیا و كۆریای باشوور، هاندەرانی ئەڵمانیا جامی توڕەیی خۆیان بە مەسعود ئۆزێل یاریزانی هەڵبژاردەكەیان رشت.
ئۆزێل لە كاتێكدا بەڕێوەبوو بۆ ژووری خۆگۆڕینی یاریزانەكان لەلایەن چەند هاندەرێكی توڕەوە هێرشیكرایەسەر و ئەویش وەڵامیدانەوە.
چەند شایەدحاڵێك بە رۆژنامەی " بێڵد" یان راگەیاند كاتێك ئۆزێل بەرەو ژووری خۆگۆڕین دەڕۆیشت، درێسەكەی هەڵداوە بۆ جەماوەری ئەڵمانیا، بەڵام پاشان بە توڕەییەوە گەڕاوەتەوە بووە بە شەڕەقسەی لەگەڵ هاندەراندا و دواتر راهێنەری گۆڵپارێزەكان ئەندی كۆپكە دۆخەكەی هێوركردوەتەوە.
جەماوەری ئەڵمانیا لە پێش دەستپێكردنی یارییەكانی مۆندیالەوە لە مەسعود ئۆزێل و ئیلكای گۆندۆگان توڕەن بەهۆی كۆبوونەوەیان لە لەندەن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و داوایانكرد لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دووربخرێنەوە.
جگە لە هاندەران، لەلایەن ئەستێرەكانی پێشووی تۆپی پێی ئەڵمانیاوە مەسعود ئۆزێل رووبەڕووی رەخنە بووەوە بە تایبەتیش دوای پێشكەشكردنی ئاستێكی نزم لە یارییەكانی مۆندیالی روسیادا.
ماریۆ بازلەر یاریزانی پێشووی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " گاردیان" ی بەریتانیی لە ئاماژەیدا بۆ خراپی ئاستی ئۆزیل وتی:" ئۆزێل نیشانەكانی بۆقی مردووی لەسەر دەركەوتبوو".
هەروەها ستیڤان ئیفنبێرگ كاپتنی یانەی بایرن میونشن كە بەشداری مۆندیالی 1994ی كردووە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا جەختیكردەوە كە پێویست بوو ئۆزێل و گۆندۆگان دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی توركیا لە لەندەن لە هەڵبژاردە ئەڵمانیا دووربخرایانەتەوە.
هەروەها لۆتەر ماتیۆس كاپتنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە 1900دا رەخنەی ئاراستەی مەسعود ئۆزێل كرد و وتی:" كاتێك دەبینم ئۆزێل دەچێتە ناو یاریگا، واهەستدەكەم كە خۆشحاڵ نییە بە پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی نیشتمانی، وەكو ئەوە دەردەكەوێت كە هەر لە بنەڕەتدا نەیەوێت بەشداری بكات".
لۆف بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت
دوای ئەو شكستتە گەورەیەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، یواخیم لۆف راهێنەری هەڵبژاردەكە بە خێرایی دوای كۆتاییهاتنی یاریكە بەرپرسیارێتی شكستەكەی لە ئەستۆگرت و بەدووریشی زانی لەم كاتەدا باس لە چارەنوسی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردنەكەدا بكات، بەڵام ئۆلیڤەر بێهۆف یاریدەدەری راهێنەری و بەڕێوەبەری وەرزشی هەڵبژاردەی مانشافت وتی" لە ئێستاوە چاو بە هەموو شتێكدا دەخشێنرێتەوە، هەموو شتێك، تێگەیشتم كە راهێنەر و ئەستێرە گەورەكانی مانشافت و هەموو وردەكارییەكان دەگرێتەوە."
هەر لەسەهەمان پرس تۆنی كروز یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەكە وتی:" تۆپی پێی ئەڵمانیا لە بەردەم گۆڕانكاریی تەواوەتیدایە".
تۆماس هۆمڵزی یاریزانیش كە یەكێك بوو لە یاریزانە ئاست بەرزەكانی مۆندیالی رابردوو، یەكەمجار بەرپرسیارێتی شكستەكەی خستە ئەستۆی خۆی بەهۆی ئەوەی لە خولەكی 85 یارییەكەداسەركەوتوو نەبوو هەژاندنی تۆڕی گۆڵی كۆریای باشوور.
مانوێل نۆیەری كاپتن و گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا وتی:" شایستەی ئەوە نەبووین، پێویستە بە روون و ئاشكرا بڵێین كە ئێمە بەرپرسین لەوەی روویدا، كارێكی زۆر تۆقێنەر بوو، مایەی بەزەییە."
نۆیەر وتیشی: ئەگەر بۆ قۆناغی داهاتوش سەربكەوتینایە، ئەوا لە كۆتاییمان پێدەهات و لە یاری دواتردا شكستماندەهێنا".