بەمزوانە دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن كۆدەبنەوە
2018-06-28 08:02:48
(درەو میدیا):
مۆسكۆ و واشنتۆن رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەردوو وڵات، ڤلادیمێر پوتن و دۆناڵد ترەمپ لە وڵاتی سێیەم كۆببنەوە.
ئەم كۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتن، دوای كۆبوونەوەی ڤلادمێر پۆتن سەرۆكی روسیا و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا جۆن بۆڵتۆن لە مۆسكۆ راگەیەندرا.
ترەمپ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند دوای كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە برۆكسل مانگی داهاتوو چاوی بە پوتن دەكەوێت و ئاماژەیبەوەشدل كە كۆبوونەوەكە لە هێلسنكی پایتەختی فینلەندا بەڕێوەدەچێت.
ترەمپ ئاشكراشیكرد كە لە كۆبوونەوەكەیدا جەنگی سوریا و دۆخی ئۆكرانیا لەگەڵ هاوتا روسییەكەی تاوتوێدەكات.
دواهەمین كۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتن لە پەراوێزی كۆبوونەكەی لوتكەی " ئاسیان" لە تشرینی دووەمی رابردوو لە ڤێتنام بەڕێوەچوو.
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی روسیا جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی ترەمپ لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ پوتن كۆدەبێتەوە و وتیشی هەردوو سەرۆك دەیانەوێت كۆبوونەوەكە بكەنە هەلێك بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
پوتنیش رایگەیاند كۆبوونەوەی لەگەڵ بۆڵتۆن هیوای بە گەیشتن بە دەستپێكردنەوەی تەواوەتی پەیوەندییەكانی روسیای لەگەڵ ئەمریكا بەرزكردەوە و رونیشیكردەوە كە پەیوەندییەكانی مۆسكۆ و واشنتۆن لە باشترین دۆخدا نیە.