Draw Media

"لە سلێمانی نزیكەی 50 پاڵاوگەی بێ مۆڵەت هەن"

"لە سلێمانی نزیكەی 50 پاڵاوگەی بێ مۆڵەت هەن"

2018-06-27 16:24:54


"بەرتیلیان خستەبەردەمم بۆ ئەوەی دەست لە كەیسەكە هەڵگرم"
گفتوگۆ: درەو میدیا
"لە خاڵە سنورییەكانەوە ماددەی كیمیایی دەهێنرێت و لە ژمارەیەم پاڵاوگەی نایاسایی لە سلێمانی تێكەڵی بەنزین دەكرێن و پاشان دەخرێنە بازاڕەوە" ئەمە قسەی بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
محەمەد شێخ وەهاب كە چەند رۆژیێك لەمەوبەر كۆنگرەی رۆژنامەوانی كرد و باسی لەوەكرد چەند بەرپرسێكی باڵا تێوەگلاون لە هێنانی بەنزینی خراپ لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (درەو میدیا) باس لە بارودۆخی بەنزین لە سلێمانی دەكات.


درەو میدیا: پێشتر كۆنگرەی رۆژنامەوانیت كرد باسی ئەوەت كرد دۆخی بەنزین لە سلێمانی خراپە، ئێستا دۆخە چۆنە ؟
محەمەد شێخ وەهاب: بەداخەوە دۆخەكە بەردەوامە، لەڕێگەی خاڵە سنورییەكانەوە ئەو مادانەی كە كیمیاوین دەهێنرێن بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ نەفتا تێكەڵ دەكرێن، بۆ ئەوەی بكرێن بە بەنزین، لە كاتێكدا بەپێی رێنمایی وەزارەتی تەندروستی و سامانە سروشتییەكان مافی ئەو كۆمانیایانە نیە لەبەر ئەوەی مەسفایان نیە، ئەو پاڵیوگانە هیچیان تۆمار نەكراون و مۆڵەتی یاساییان نیە بۆ ئەوەی كاری لەو شێوەیە بكەن. 


درەو میدیا: ئەو پاڵاوگانە هی كێن ؟
محەمەد شێخ وەهاب: ئەو پاڵاوگانە هی گروپ و دەستەو تاقمن كە لەلایەن كۆمەڵێك خەڵكی لابەلاو خۆیان وتەنی خۆیان بە عەنتەر و مافیا دەزانن و پسپۆڕییەكیان لەو باریەوە نیە، كەسانی زۆربەی حزبەكانی تێدایە.


درەو میدیا : هەڵوێستی پارێزگاری سلێمانی چیە لەوبارەیەوە ؟
محەمەد شێخ وەهاب: من یاداشتێكم داوەتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆئەوەی لیژنەیەكی باڵا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا پێكبهێنرێت بۆ داخستنی ئەو خەزانە نایاساییانەی لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا ئەو كارە دەكەن، هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی هەرێم، چۆن لە چەند رۆژی رابردوودا سەرجەم ئەو پاڵاوگانەیان داخستووە كە مۆڵەتی یاساییان نییە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 50 پاڵاوگە دەبن، شوێنەكانیان دەكەوێتە گەڕەكی قڕگە، تانجەڕو، گەڕەكی راپەڕین و تاسلوجە، لەگەڵ رێگای عەربەت - سلێمانی.


درەو میدیا: ئەو پاڵاوگانە بەردەوامن لە رەوانەكردنی بەنزین بۆناو بازاڕ و تائێستا  رانەوەستاون ؟
محەمەد شێخ وەهاب: بەڵێ تائێستا كاردەكەن و هیچیان لە سامانە سروشتییەكانی سلێمانی ناویان تۆمارنەكراوە، لیژنەكانی قایمقامیەت تائێستا وەك پێویست بەدواداچونیان نەكردووە بۆ ئەوەی بزانن كاریان چیە ؟ لەگەڵ خەڵكانی پسپۆڕدا قسەم كردووە وتویانە نابێت بەهیچ شێوەیەك ئەو مادانە تێكەڵ بكرێت، تەنها دەبێت ئەو كەس و لایەنەنانە ئەو كارە بكەن كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و تەندروستی مۆڵەتیان هەیەو پاڵێوگەیان هەیە، كە ئەویش كۆمەڵێك مەرجی هەیە، لەپێناو پیس نەكردنی ژینگە،  80%ی زیادبوونی نەخۆشی شێرپەنجە بۆ ئەو عەمبار و كۆگایانە دەگەڕێتەوە، بەداخەوە تائێستا حكومەت هیچ رێكارێكی یاسایی لەبەرامبەریان نەگرتوەتە بەر، لە كاتێكدا هیچ كامێكیان مۆڵەتیان نیە. 
خۆ ئەگەر بێت و رێكاری یاسایی بەرامبەر بەو كەسانە نەگیرێتە بەر، ئەوكات پەنا دەبەمە بەر پەرلەمانی كوردستان و دادگاكان، ناكرێت لەبەر دەوڵەمەندبوونی چەند كەسێك، ژیانی زیاتر لە دوو ملیۆن كەس بكەوێتە ژێر مەترسییەوە.


درەو میدیا: بەڵام پارێزگاری سلێمانی دەڵێت ئەو بەنزینەی كە هەیە، خاوێنە ؟
محەمەد شێخ وەهاب: من رێزم بۆ لێدوانی پارێزگاری سلێمانی هەیە، ئەتوانێت لیژنەیەك كە من ئێستا داوامكردووە پێكبهێنێت، ئەگەر یەكێك لەو عەمبارانە مۆڵەتی رەسمیان هەبوو، ئامادەم دەستلەكاربكێشمەوە. پەیوەندیم كردووە بە سامانە سروشتییەكانەوە پێیان راگەیاندم كە هیچ یەك لەو عەمبارانە لای ئێمە ناویان تۆمارنەكراوەو بەنوسراو پێشتر ئاڕاستەی پارێزگارەكانمان كردووە، بەڵام هیچ یەكێك لەو پارێزگارانە ئیجرائاتی نەكردووە. 


درەو میدیا: هەست ناكەن لەم پرسەدا تەنهان؟ بۆچی هاوڕێكانت لە ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵت نین؟
محەمەد شێخ وەهاب: من كە دەستم بۆ ئەم كارە بردووە وەكو بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەكان دەستم بۆ بردووە، لەبەر ئەوەی ئەو جێگایانە پەیوەندی بە لیژنەكەی ئێمەوە هەیە و هیچیان مۆڵەتیان نەبووە، بەداخەوە ئەوەندەی بەدواداچوونم بۆ كردووە، ئەو جێگایانە بە رەشوە و بەرتیل كاردەكەن. 


درەو میدیا: دەنگۆیەك هەیە لەسەر ئەم كارانەت بزوتنەوەی گۆڕان سزات بدات، ئەمە راِستە ؟
محەمەد شێخ وەهاب: شانازی ئەكەم، ئەگەر من هەڵەم ئامادەی هەموو سزا و لێپرسینەوەیەكم، بەڵام من دڵنیای هەموو لایەك دەكەمەوە كە ئەو هەنگاوەی من ناومە دروستەو لەپێناو بەرژەوەندی گشتییەو ئەو پاڵاوگانە هیچیان مۆڵەتی فەرمیان نییە. 


درەو میدیا: راستە دەوترێت لەبەرامبەر دەستهەڵگرتن لەو كەیسە هەوڵداروە بەرتیلت پێبدرێت ؟
محەمەد شێخ وەهاب: بەڵێ ڕاستە، ئیمتیازیان خستوەتە بەردەستم، بەڵام من رایدەگەیەنم كە دەست لەم كەیستە هەڵناگرن و ئامادەم گیانی خۆمی لە پێناودا دابنێم، چونكە لە كاتی بەدواچونیشمدا روبەرووبومەوەو هەڕەشەم لێكرا، بەڵام من هەر سوربووم.


درەو میدیا: كێ بوون ئەوانەی هەڕەشەیان لێكردیت ؟
محەمەد شێخ وەهاب: ئەوان  كەسانی بێناونیشانن، ئەو شوێنانە هیچ تابلۆو ناونیشانێكیان پێوە نیە. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand