سەلوان مۆمیكا كێیە ؟
2023-07-01 11:38:21
(درەو):
فوئاد حسێن بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوید قسەی كرد، داوای كرد (سەلوان مۆمیكا) رادەستی عێراق بكەنەوە، وەزیرەكەی سوید هیچ بەڵێنێكی لەوبارەیەوە نەداوە، مۆمیكا ئەو كەسە بوو لە یەكەم رۆژی جەژندا قورئانی پیرۆزی سوتاند، ئەو لە عێراق لەناو میلیشیایەكی سەربە ئێراندا كاریكردووە، كە چوەتە سوید بووە بە راستڕەوێكی توندڕەو.
تۆبیاس بیلستۆرم وەزیری دەرەوەی سوید بە تەلەفۆن پەیوەندی بە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقەوە كرد. بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە لێكەوتەكانی سوتاندنی قورئانی پیرۆز كراوە.
فوئاد حسێن بەناوی عێراقەوە ئیدانەی سوتاندنی قورئانی كردووە، وەكو سوكایەتی بە پیرۆزییە ئاینییەكان ناوی بردووە، وتویەتی:" سوتاندنی نوسخەیەك لە قورئانی پیرۆز لەچوارچێوەی ئازادی رادەربڕیندا نییە، بەڵكو هاندانە بۆ توندوتیژیو چاندنی تۆوی رقو پاڵپشتیكردن لە دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا"، داوایكردووە حكومەتی سوید رێوشوێنی پێویست دژی ئەو كەسە بگرێتە بەر كە قورئانی سوتاندووەو رادەستی عێراقی بكاتەوە تاوەكو بەگوێرەی یاسا دادگایی بكرێت.
وەزیری دەرەوەی سوید هیچ بەڵێنێكی نەداوە لەبارەی رادەستكردنەوەی (سەلوان مۆمیكا) ئەو گەنجە عێراقییەی كە لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری ستۆكهۆڵم قورئانی سوتاند، بەڵام وتویەتی:" حكومەتی وڵاتەكەم ئیدانەی ئەو كارە دەكاتو زۆر بەداخە بۆ ئەوەی روویدا، حكومەتی سوید بە توندی ئەم كارە دژی ئیسلام رەتدەكاتەوە".
سەلوان مۆمیكا كێیە ؟
رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو كاتێك جیهانی ئیسلامی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە خۆشی دەردەبڕیو هاوكات لە وەرزی حەجدا، گەنجێكی عێراقی لە بەردەم مزگەوتی گەورەی شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید نوسخەیەك لە قورئانی پیرۆزی سوتاند.
ئەوەی قورئانی سوتاند ناوی (سەلوان مۆمیكا)یە. تەمەنی 37 ساڵە، پەنابەرێكی عێراقییە لە سوید، سەلوان هێشتا دەستی هەڵنەگرتووە، وەكو كاردانەوەیەك دژی خۆپیشاندانەكانی عێراق هەڕەشەی ئەوە دەكات لە رۆژانی داهاتوودا لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆكهۆڵم جارێكی تر قورئانو ئاڵای عێراق پێكەوە بسوتێنێت.
مۆمیكا خەڵكی شارۆچكەی (حەمدانیە)ی باشوری خۆرهەڵاتی شاری موسڵە، شارۆچكەیەككە زۆرینەی خەڵكەكەی سریانین. ئەم گەنجە هاوسەرگیری كردووە دوو كچی هەیە، بەڵام بەهۆی كێشەی خێزانییەوە لە هاوسەرەكەی جیابوەتەوە.
بەپێی ئەوەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، سەلوان مۆمیكا دەرچووی ساڵی 2005ی بەشی گەشتوگوزارو هۆتێلەكانە لە پەیمانگانەی نەینەوا.
جەمیل جەمەل شاعیرو رۆژنامەنوس لە شارۆچكەی حەمدانییە لەبارەی سەلوان مۆمیكا قسەی بۆ كەناڵی (الحرە) كردووە، دەڵێ" مۆمیكا كەسێكی ئاساییو نەناسراو بوو، لە سەرەتادا سەربە حزبی بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری بوو، ماوەیەك كاری لەگەڵ ئەم حزبەدا كرد".
بەپێی قسەی جەمیل، بەر لەوەی لە ساڵی 2014دا داعش دەست بەسەر ناوچەی موسڵدا بگرێت، مۆمیكا بەهۆی رووداوێكی تاوانكارییەوە دەستگیركراوەو ماوەی سێ ساڵ لە زیندان بوو، دوای هاتنی داعش بۆ ناوچەكە مۆمیكا پەیوەندی بە گروپە چەكدارەكانو چەند حزبێكەوە كردووەو پاشان خۆی حزبێكی دروستكردووە، لەماوەی جەنگی ئازادكردنی موسڵدا لەگەڵ رەیان كلدانی فەرماندەی میلیشیای (كەتائیب بابلیۆن) كاریكردووە، میلیشیایەك كە لە لیستی رەشی ئەمریكادایە.
"دواتر میلیشیای (هەڵۆكانی سریان)ی دروستكرد، ژمارەیەك كەسی كەم بوونو ئێستا بوونیان نییە" جەمیل وا دەڵێ.
لە فەیسبوكی خۆی، مۆمیكا چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردوەتەوە كە لەگەڵ چەكدارانی میلیشیای هەڵۆكانی سریاندا دەردەكەوێتو بەناو حەمدانییەو ناوچەكانی تردا دەسوڕێنەوە.
گرتەیەكی ڤیدیۆیی تری هەیە كە تێیدا قسە بۆ ژمارەیەك چەكدار دەكاتو خۆی وەكو بەرپرسی كەتیبەكانی (عیسای كوڕی مەریەم) دەناسێنێت، ئەمە میلیشیایەكی سەربە كەتیبەكانی ئیمان عەلی-یە (كە میلیشیایەكی لایەنگری ئێرانەو لەلایەن شبل زەیدییەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت).
دوای تەواوبوونی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ لە دەستی داعش، مۆمیكا حزبێكی سیاسی دروستكردووە بەناوی حزبی (یەكێتیی سریانی)، لەگەڵ گروپێكی چەكداردا چووەتە ناو قەزای حەمدانییەوە.
"گروپی هەڵۆكانی سریان دواتر لە كەتیبەكانی بابلیۆن جیابووەوە كە رەیان كلدانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەمەش بەهۆی كێشەی نێوانیانەوە، بەوهۆیەوە سەلوان مۆمیكا روبەڕووی هەڕەشە بووەوەو عێراقی بەرەو ئەڵمانیا بەجێهێشت".
لەوكاتەی لە ئەڵمانیا بووە، بەپێی قسەی جەمیل جەمەل، مۆمیكا زۆر لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەركەوتووەو هێرشی كردوەتە سەر ژمارەیەك لەلایەنە سیاسییەكان، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی لەلایەن ئەو حزبانەوە هەڕەشەی لێبكرێتو ئەم بابەتە بەكاربهێنێت بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی، مۆمیكا داوای مافی پەنابەرێتی سیاسی لە ئەڵمانیا كردووە، بەڵام داواكەی رەتكراوەتەوە، بەوهۆیەوە ئەڵمانیای بەجێهێشتووەو رووی لە سوید كردووە، لە سوید بووە بە لایەنگری پارتی دیموكراتەكانی سوید كە پارتێكی راستڕەوی توندڕەوە".
لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، مۆمیكا خۆی وەكو كەسێكی عێراقی لیبراڵی عەلمانیو بێدین پێناسە كردووە، بە تەماشاكردنی لاپەڕەكەی لە فەیسبوك دەردەكەوێت ماوە لەدوای ماوە بیروبۆچوونەكانی گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە.
سەرباری ئەوەی سەربە گروپێكی میلیشیای لایەنگری ئێران بووە، بەڵام مانگی تەموزی رابردوو هاوكات لەگەڵ هێرشی لایەنگرانی سەدر بۆسەر پەرلەمان، وێنەیەكی خۆی لەبەردەم پەرلەمانی عێراق بڵاوكردوەتەوەو لەسەری نوسیوە:" دوو ركات نوێژم كردو گەڕامەوە بۆ سوید"، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ پشتیوانی لە سەدر.
پاش ماوەیەك، پارچە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردوەتەوەو تێیدا باس لە خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019ی عێراق دەكاتو ئەمجارەیان هێرش دەكاتە سەر سەدرو لایەنگرەكانی.
رۆژنامەنوسێكی خەڵكی قەزای حەمدانییە بە (الحرە)ی وتووە:" مۆمیكا كەسێكی رێكو پێك نەبوو.. بەدەست كێشەی خێزانییەوە دەیناڵاند، دوای ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە قسەی بە باوكی وتبوو، دەمێك بوو خێزانەكەی پشتیان لێكردبوو.. كێشەی دەرونیشی هەبوو. بەردەوام حەزی لە دەركەوتنو ناوبانگ هەبوو".