كەی ئێن ئێن سێ موچە قەرزارە و كوردنیوز قەرزی لەسەر نەما
2018-06-26 16:57:37
(درەو میدیا):
لە هەرێمی كوردستان پێشێلكردنی مافەكانی رۆژنامەنوسان سنوری رێگریكردن لە روماڵكردنی هەواڵ و لێدان و دەستگیركردن و تەنانەت كوشتنی تێپەڕاندووە و ئێستا لە چەندین دەزگا شایستەی دارایی و موچەی پێویست بە كارمەندان نادرێت.
یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان ژمارە (35)ی ساڵی 2007 رۆژنامەنوس بەم شێوەیە پێناسە دەكات" هەر كەسێك كە لە بواری رۆژنامەگەریدا لە هەر كەناڵێكی راگەیاندندا كار دەكا".
ساڵانە دۆخی خراپی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان دەبێتە جێگای بایەخی رێكخراوە جیهانییەكانی بواری مافی مرۆڤ و كاری راگەیاندن، ئەوەی راپۆرتە جیهانییەكان زیاتر جەختی لەسەر دەكەن" دەستگیركردن و لێدان و كوشتن"ی رۆژنامەنوسانە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لە پاڵ ئەم پێشێلكارییانەدا، لە هەرێمی كوردستان جۆرێكی تر لە پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسان هەیە كە خۆی دەبینێتەوە لە زەوتكردن و پێنەدانی موچەی رۆژنامەنوس لە كاتی داخستنی كەناڵەكانی راگەیاندن یاخود وازهێنانی كارمەند لە كارەكەی.
رۆژی 24/5/2018 پەخشی كەناڵی (كوردنیوز) راگیرا كە سەربە (نەوەی نوێ)یە وەكو نوێترین پارت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان و بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە.
(12) رۆژ دوای داخستنی كەناڵی (كوردنیوز)، ژمارەیەك كارمەندی كەناڵەكە بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند، بەڕێوەبەرانی كەناڵەكە موچەكانیان بۆ خەرج ناكەن.
ئەو رۆژنامەنوسانە لەو بەیاننامەیەدا كە بۆ سەندیكای رۆژنامەنوسان و سەنتەرو رێكخراوەكانی بواری بەرگری لە مافەكانی رۆژنامەنوسانیان ناردبوو، باسیان لەوەكرد، كەناڵی (كوردنیوز) كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی نەوەی نوێ خاوەندارێتی دەكات، موچەی مانگی ئایاری پێنەداون.
سەرچاوەیەك لە كارگێڕی (كوردنیوز) بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە دوای ئەو بەیاننامەیەی كە بڵاویانكردوەتەوە، بەرپرسانی كەناڵەكە موچە و شایستەی داراییەكانیان بە هەموو كارمەندەكان داوە.
بەهەمان شێوە كەناڵی (KNN) كە وەك زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان تەماشا دەكرێت و بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە شەوی 31/1/2018 پەخشی خۆی راگرت، رۆژی 15/3/2018 كەناڵەكە جارێكی تر دەستی بە پەخش كردەوە.
لەو ماوەیەی كە داخرا ژمارەیەك لە كارمەندەكانی كەناڵی (KNN) وازیان لە كاركردن هێنا و ئامادە نەبوون دوای دەستپێكردنەوەی پەخش لەو كەناڵە كاربكەنەوە، ئەو كارمەندانە دوای وازهێنانیان داوای موچەكانیان لە بەڕێوەبەرانی كەناڵەكە كرد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوای نزیكەی (5) مانگ تائێستا ئەو كارمەندان و رۆژنامەنوسانە كە ژمارەیان زیاتر لە (25) كەسە، موچەكانیان پێنەدراوە.
كەناڵی (KNN) بەوانەوە كە ئێستا كاری تێدا دەكەن و بەشێك لەوانەش كە وازیان هێناوە، موچەی سێ مانگ قەرزاری كارمەندەكانیەتی.
كارمەندێكی (KNN) كە وازی هێناوەو خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، موچەی سێ مانگیان لای (KNN)ەو بە بیانوی جۆراوجۆر ئیدارەی كەناڵەكە پارەكەیان نادەنێ و دەستی دەستیان پێدەكەن.
ئەو كارمەندە وتی: دەمێك پێماندەڵێن كێشەی پارەكەی ئێوە پەیوەندی بە كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیە و دەمێكی تر دەڵێن پارە نیە".
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، شۆڕش عەلی سەعید بەڕێوەبەری كارگێری كەناڵی (KNN) رایگەیاند" ئێمە وەك كاڕگێری (KNN) یەك دینارمان نیە".
شۆڕش عەلی وتی: كارگێڕی ئێمە خراوەتە سەر كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕان، هەموو خەرجییەكانمان لەڕێگەی ژمێریاری ئەوانەوەیە، ئەبێ ئەوان ئەو پارەیە خەرجبكەن".
بەڵام بەپێی بەدواداچونی (درەو میدیا)، هەندێك لەو رۆژنامەنوسانەی كە پارەیان لای كەناڵی (KNN)ە لەسەر قسەی شۆڕش عەلی بەڕێوەبەری كارگێڕی كەناڵەكە چونەتەلای بەڕێوەبەری كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەویش پێیوتون ئەو بابەتە پەیوەندی كارگێڕی تەلەفزیۆنەكە و كۆمپانیای وشەوە هەیە وەكو خاوەنی بنەڕەتی كەناڵی (KNN).
ئێستا چارەنوسی موچەی ئەو كارمەندو رۆژنامەنوسانە لەنێوان كارگێڕی كەناڵی (KNN) و ژوری كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕاندا بەنادیاری ماوەتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە یاسای كاری رۆژنامەگەری لە كوردستان لە خاڵی حەوتەمی بەشی چوارەمدا تایبەت بە "ماف و ئیمتیازەكانی رۆژنامەنوس"، كەناڵەكانی راگەیاندن پابەند دەكات كە هەموو ئەو مافانە بە رۆژنامەنوس بدەن كە لە یاسا بەركارەكان و گرێبەستی پەسەندكراو لەلایەن سەندیكای رۆژنامەنوسان بۆ رۆژنامەنوس دیاریكراون.
رۆژنامەنوسان كە خۆیان بە بەرگریكار لە مافی گشتی دەزانن، بەڵام زۆرجار بەهۆی ئەوەی میدیاكان لە كوردستان دابەشبون بەسەر حزبەكاندا، رۆژنامەنوسان خۆشیان مافەكانیان زەوت دەكرێت، بەڵام بێدەنگ دەبن.
پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسان لەكاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان كەناڵەكانی راگەیاندن هەریەكەیان گرێبەستێكی نوسراویان هەیە، بەڵام ئەو گرێبەستانە زۆرجار پێشێل دەكرێن.