Draw Media

سلێمانی: بەرپرسێكی حزبی كۆبونەوە بە حكومەت دەكات

سلێمانی: بەرپرسێكی حزبی كۆبونەوە بە حكومەت دەكات

2018-06-26 14:06:40


(درەو میدیا):
حاكم قادر حەمەجان ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی ئەو حزبە، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی هەردوو  بەڕێوەبەرایتی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی كۆبوەوە.
كۆبونەوەی ئەو بەرپرسە حزبییە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پۆلیس لەكاتێكدایە هەردوو فەرمانگەكە سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانن و لە پارێزگای سلێمانی پارێزگاری سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە.
پەیجی حاكم قادر حەمەجان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بەناونیشانی "  پێویستە ئارامی شار بەرقەراربێت و سەروماڵی هاوڵاتیان پارێزراوبێت" پۆستێكی لەبارەی كۆبونەوەكەی حاكم قادر لەگەڵ ئەو دوو بەڕێوەبەرایەتییە بڵاوكردەوە.
لە پۆستەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كۆبونەوەكە" بە مەبەستی بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری و پەیڕەوكردنی یاسا و ڕێنماییەكان بەگشتی و یاسای هاتوچۆی شاری سلێمانی بەتایبەتی و بنبڕكردنی دیاردە ناشارستانییەكان و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان, داڕشتنی بەرنامەیەكی هەمەلایەن بۆ درێژەدان بە ئارامی زیاتر" بەڕێوەچووە.
حاكم قادر كە هیچ پۆستێكی حكومی نییە لە كۆبونەوەكەدا پێشنیازی بۆ هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەكەی پۆایس كردووە" دوای وەرگرتنی ڕای وەزارەتی ناوخۆو هێزەكانی (٧٠) و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەرێم و دژەتیرۆر پارێزگاری سلێمانی, بەهاوبەشی لەگەڵ سەرجەم دەزگا حكومییە تایبەتەكان, هەموو ئەو دیاردە دزێو و ناشارستانیانە قەدەغەبكرێت كە هۆكاری سەرەكی سەرهەڵدانی پشێوی و نائارامین و باری گوزەرانی هاوڵاتیان دەخەنە مەترسییەوە".
حاكم قادر ئەم پێشنیازانەی خستوەتەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و پۆلیسی هاتوچۆ: 
•    قەدەغەكردنی دیاردەی چەكداری و هەڵگرتنی چەك بەشێوەی هەڕەمەكی.
•    قەدەغەكردنی دیاردەی (جام تاریك) ی ئوتۆمبیل.
•    قەدەغەكردن و دەستبەسەراگرتنی ئۆتۆمبیلە بێژمارە و بێسەرەتا نایاساییەكان.
•    قەدەغەكردنی ماتۆڕسكیلی نایاسایی.
سەردانی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی  حزبێك و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی سەر بە حكومەت، كاردانەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتەوە،  هەندێك بە دەستوەردان لە كاروباری حكومەت و هەژمونی حزب بەسەر حكومەتەوە لە قەڵەمی دەدەن.
سەباح عەلی قارەمان، لە كۆمێنتێكدا لەسەر پۆستەكەی حاكم قادر نوسیویەتی:" وڵاتی قەزاو قەدەرە، وەك بەرپرسێكی حكومی بەسەریان دەكاتەوە ! ئەمەیە مەهزەلەی حوكمڕانی كوردیی، كە لە هیچ كوێیەكی ئەم دونیایە وێنەی نییە لە ناشرینیدا ، ئاخر بەرپرسی مەڵبەندی حزبێك چی رەبتێكی بە كاری حكومەتەوە هەیە".
هەروەها عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانیش بەهەمان شێوە لەسەر ئەو پۆستەی نوسیوە و لە كۆمێنتێكدا پرسیاری لە حاكم قادر كردووە و نوسیویەتی:" كاك حاكم قادر، ئەمەی بەڕێزت دەیكەیت كاری حیزب نیە، دەكرێت بەرپرسێكی حزبێكی دیكە ئەم كارانە بكات؟!".
حاكم قادر وەڵامی عەلی حەمە ساڵحی داوەتەوە و دەڵێت:" مەبەستی ئێمە تەنها پشتیوانییە لە دامودەزگاكانی حكومەت ئەركەكانیشیان جێبەجێ دەكەن, بەڵی بۆ پشتیوانیان دروستە".
لە بەرامبەردا دەیان بەشداربووی فەیسبوك پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوەی حاكم قادر حەمەجان دەربڕیوە و دەستخۆشیان لێكردووە و  هەندێكی تر جگە لە دەستخۆشی دەڵێن" شیاوتر وابوو لەگەڵ پارێزگاری سلێمانیدا كە سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی پارێزگا و سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە پارێزگادا ئەنجامبدرایە، نەك لەڕێگەی حزبییەوە".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand