كاتێك بازرگان دهبێته ههڕهشه لهسهر دهسهڵات
2023-06-24 12:56:56
راپۆرت: درەو
لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو كاتێك لە زیندان ئازادكرا، كۆشكێكی داناو سۆسیسی دەفرۆشت، بەڵام زۆر حەزی لەوە بوو خۆی لە بەرپرسان نزیك بكاتەوە، كۆڵی نەداو بەردەوام بوو تا گەیشتە نزیك ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیا، نازناوی "چێشتلێنەری پۆتین"ی پێدراو بازرگانییەكەی فراوان كرد، چەندین بازاڕو كۆمپانیای دروستكرد، ئابورییەكی بەهێز پێویستی بەوە بوو گروپێكی میلیشیایی پارێزگاری لێبكات، بۆیە بە ئاگاداری پۆتین میلیشیای "ڤاگنەر"ی دروستكرد، میلیشیایەك كە ئەمڕۆ لە سوپای روسیاو سەرۆك پۆتین هەڵگەڕایەوەو دەیەوێت پۆتین لە سەرۆكایەتی روسیا لابدات. ئەمە چیرۆكی (یاڤگینی پریگۆژین)ە كە بەیانی ئەمڕۆ بنكەی سەرەكی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی روسیای دژ بە ئۆكراینا كۆنترۆڵ كرد، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
چێشتلێنەر لە سەرۆك هەڵگەڕاوەتەوە !
جارێكی تر گروپی "ڤاگنەر"ی روسی كە گروپێكی میلیشیاییە بووەوە بە مانشێتی دەنگوباسەكان لەسەر ئاستی جیهان، دوێنێ فەرماندەی ئەم گروپە كە ناوی (یاڤگینی پریگۆژین)ە رایگەیاند، سوپای روسیا كەمپی هێزەكانی ڤاگنەری كردوەتە ئامانجو ئەمە بووەتە هۆی كوژرانی زۆرێك لە چەكدارەكانی، داوای لە خەڵكی "نیشتمانپەروەر"ی روسیا كرد بڕژێنە سەر شەقامەكان بۆ روبەڕووبونەوەی "سەركردە خیانەتكارەكان"ی سوپای وڵاتەكەیان.
بەپێی قسەی پریگۆژین، گروپی ڤاگنەر خاوەنی (25 هەزار) چەكدارە لە روسیاو پێشوازی لە هەر كەسێك دەكەن بیەوێت بێتە ناو هێزەكەیانەوە، وەكو خۆی دەڵێ، ئەم كارەی ئەوان كە دەستیان داوەتێ، كودەتای سەربازی نییە، بەڵكو رەوتێكە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی".
"ئەوەی روودەدات ناپاكییەكی ناوخۆییەو لێدانی خەنجەرە لە پشتەوە، ئەوانەی یاخیبوونەكە چەكدارییەكەیان رێكخستووەو چەكیان دژی هاوڕێیانی جەنگ بەرزكردوەتەوە خیانەتیان لە روسیا كردووەو بەرپرسیارێتی ئەو كارەیان دەكەوێتە ئەستۆ" ڤیلادیمیر پۆتین سەرۆكی روسیا لە یەكەم كارداوەدا دژی یاخیبوونەكەی گروپی "ڤاگنەر" وای وت.
یاڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گروپی "ڤاگنەر" بەرە بەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند چوەتە ناو بارەگای فەرماندەیی گشتی سوپای روسیا لە شاری (رۆستۆڤ)ی روسیا، كە بنكەی سەرەكی هێرشەكانی روسیایە بۆسەر ئۆكراینا، هێزی "ڤاگنەر" دەستیان بەسەر چەند شوێنێكی تریشدا گرتووە، لەوانە فڕۆكەخانە.
پریگۆژین لە تۆمارێكی ڤیدیۆیدا كە لە تیلیگرام بڵاویكردەوە، رایگەیاند" پێگە سەربازییەكانی رۆستۆڤ لەژێر كۆنترۆڵدایە.. ڤالیری گیراسیمۆڤ سەرۆكی ئەركانی گشتی سوپای روسیا كاتێك زانی ئێمە لە بارەگاكە نزیك دەبینەوە، لێرە هەڵات".
ئاماژەی بەوەكرد، سوپای روسیا لەبارەی دۆخی بەرەكانی شەڕەوە لە ئۆكراینا قسەی راست ناكات. وتی:" سوپا رۆژانە نزیكەی هەزار پیاو لەدەستدەدات بە كوژراو و بریندارو بێسەروشوێنەوە، ئەمە لەپاڵ ئەوانەدا كە نایانەوێت شەڕ بكەن.. روبەڕێكی بەرفراوانی ئەو خاكەی كە لە ئۆكراینا داگیركرا، لەدەستدراو زۆرێك لە سەربازان كوژران".
یاخیبوونەكەی بەیانی ئەمڕۆی گروپی "ڤاگنەر" دژی فەرماندەیی سەربازی روسیا، هەموو ئەو ناكۆكییە قوڵانەی دەرخست كە لەناو هێزەكانی روسیادا لە جەنگی ئۆكراینادا هەبوون.
رۆژی هەینیو بەر لە یاخیبوونەكە، فەرماندەی گروپی "ڤاگنەر" رایگەیاند، بەهۆی دژە هێرشی هێزەكانی ئۆكرایناوە، هێزەكانی روسیا لە خۆرهەڵاتو باشوری ئۆكراینا پاشەكشێ دەكەن، بەڵام ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیا بەپێچەوانەوە قسەی كردو وتی:" بەهۆی دژە هێرشەكەیەوە، ئۆكراینا زیانێكی كارەساتباری بەركەوتووە".
فەرماندەی "ڤاگنەر" كە پیاوێكی خاوەن كاری تەمەن 62 ساڵەو بوو بوو بە یەكێك لە دیارترین كارەكتەرەكانی ناو پرۆسە سەربازییەكانی روسیا بۆسەر ئۆكراینا، سەرباری ئەوەی كەسایەتییەكی نزیك بوو لە كۆشكی كرملینەوە، بەڵام هاوكاتیش بە توندی رەخنەی لە سیاسەتەكانی مۆسكۆ دەگرت، تا ئەو رادەی گومانی لەسەر هەڵمەتە سەربازییەكەی پۆتین بۆسەر ئۆكراینا دروستكرد كاتێك وتی:" ئۆپراسیۆنی سەربازی تایبەت بۆ دەستیپێكرد ؟ جەنگ پێویست بوو بۆ ئەوەی گروپێك حەرامزادە خۆیان هەڵكێشن".
پۆتین لە یەكەم كاردانەوەدا هۆكاری یاخیبونەكەی "ڤاگنەر"ی بۆ "حەزو خولیای كەسیی" گەڕاندەوەو یاخیبونەكەی بە "هەڕەشەیەكی كوشندە" لەسەر دەوڵەتی روسیا ناوبردو فەرماندەی ڤاگنەریشی بە خیانەتكار پێناسە كرد.
ڤاگنەر كە لە شەڕدا بوو دژی ئۆكراینا، ئێستا ئاڕاستەی شەڕی دژ بە سەرۆكی روسیا پێچەوانە كردوەتەوەو دەڵێ لە"پێناو رزگاركردنی گەلی روس دەجەنگین".
لە یەكەم كاردانەوەدا دوای پەیامەكەی پۆتین، یاڤگینی پریگۆژین رێبەری ڤاگنەر وتارەكەی سەرۆكی وڵاتەكەی بە "بێئومێدكەر" ناوبرد، دواتریش بەیاننامەیەك بەناوی گروپەكەیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تیلیگرام بڵاوكرایەوە كە تێیدا هاتووە" پۆتین رێگا هەڵەكەی هەڵبژاردووە.. بەمزوانە روسیا سەرۆكێكی نوێ دەبێت".
پەیوەندی ڤاگنەرو سوپای روسیا
یاخیبوونی گروپی ڤاگنەر لە سوپای روسیا پێشبینی كراو بوو، لە چەند مانگی رابردوودا پریگۆژین-ی رێبەری ئەم گروپە چەندین لێدوانی داوە كە گوزارشت بوون لە بوونی ناكۆكی لەگەڵ سوپادا.
لە مانگەكانی نیسانو ئایاری رابردوودا پریگۆژین هەڕەشەی ئەوەی كرد بەشێك لە گروپە چەكدارەكەی لە بەرەی جەنگ لە باخموتی خۆرهەڵاتی ئۆكراینا بكێشێتەوە، ئەگەر سوپای روسیا چەكو تفاقی پێویستیان پێنەدات.
هەندێك گروپی "ڤاگنەر" بە كۆمپانیایەكی ئەمنیی تایبەت ناو دەبەن، هەندێكی تر دەڵێن گروپێكی روسی نیمچە فەرمین، بەگوێرەی قسەی رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)، ئەم گروپە سەربە وەزارەتی بەرگری روسیایە، بەڵام سەربەخۆیی پێدراوە.
دەوترێت دامەزرێنەری سەرەكی ئەم گروپە كەسێكە بەناوی (دیمتری ئۆتكین) بووە كە ئەفسەرێكی پێشووە لە هێزی تایبەتی روسیاو ناوە نهێنییەكەی "ڤاگنەر" بووە، بەڵام ئێستا گروپەكە بووە بە موڵكی یاڤگینی پریگۆژین.
تاوەكو دوێنێ، كاتێك ژەنەراڵەكانی روسیا پریگۆژین-یان تۆمەتبار دەكرد بە هەوڵدان بۆ كودەتای سەربازیی، پۆتین ئامادە نەبوو لێكۆڵینەوە لەو قسە توندانە بكات كە رێبەری ڤاگنەر لەرێگەی ئینتەرنێتەوە لەبارەی جەنگی ئۆكرایناوە دەیكردن، بەبەراورد بە سجنكردنو غەرامەكردنی رەخنەگرانی تر لە جەنگی ئۆكراینا، پۆتین دەستی بۆ رێبەری ڤاگنەر شل كردبوو.
ئەمە لەكاتێكدا بوو كە لە مۆسكۆی پایتەخت زۆرێك لە شیكەرەوەكان بەدگومان بوون لە جوڵەكانی دامەزرێنەری ڤاگنەرو هەوڵەكانی بۆ چەكداركردنی زیندانیانو پێشێلكارییەكانی گروپەكە لە بواری مافەكانی مرۆڤدا.
ڤاگنەر چییە ؟
یاڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گروپی "ڤاگنەر" یەكێك لە دۆستە هەرە نزیكەكانی پۆتین بوو، بەر لە یاخیبوونەكە، هێزی ڤاگنەر رێژەی 10%ی تێكڕای سوپای روسیای لەناو خاكی ئۆكراینا پێكدەهێنا.
بەرپرسانی بەریتانی دەڵێن، هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی ئۆكراینادا، ژمارەی چەكدارەكانی ئەم گروپە لە هەزار كەسەوە بۆ زیاتر لە 20 هەزار زیادی كردووە.
پریگۆژین كە تەمەنی 62 ساڵەو، بەوە بەناوبانگە كە خاوەنی كۆمپانیای خۆراكو ریستۆران بووەو خواردنو خواردنەوەی بۆ بۆنە فەرمییەكانی پۆتین سەرۆكی روسیا لە كۆشكی كرملین دابین كردووەو كۆمپانیاكەی لەم بوارەدا ناوی (كۆنكۆرد)ە.
دیارترین وێنەی پریگۆژین وێنەیەكە كە تێیدا ژەمە خواردنێك بۆ پۆتین دادەنێت، لەوكاتەوە ئیتر ئەم پیاوە بە "چێشتلێنەرەكەی پۆتین" ناوبانگی دەركردووە.
پریگۆژینو پۆتین هەردووكیان خەڵكی شاری (سان پترسبۆرگ"ن، كە دووەم گەورە شاری روسیایە، سەرەتای پەیوەندی نێوان ئەم دوو پیاوە دەگەڕێتەوە بۆ نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، ئەوكات پۆتین لە ئۆفێسی سەرۆكایەتی شارەوانی سان پترسبۆرگ كاری دەكرد، بەردەم سەردانی چێشتخانەكەی پریگۆژین-ی دەكرد، چێشتخانەكە لەناو چینی بەرپرسانی خۆجێیدا بەناوبانگ بوو.
ئەم دۆستایەتییە لەگەڵ پۆتین، سنوری كاركردنی پریگۆژینی لە بواری چێشتخانەوە بەرفراوان كرد بۆ گرێبەست لەگەڵ لایەنە حكومییەكان بەتایبەتی لە بواری دروستكردنی بینای خوێندنگەو باخچەی ساوایانو دواتریش كاركردن لەگەڵ سوپای روسیا، بەجۆرێك بەهای گرێبەستەكانی پریگۆژین لەگەڵ حكومەتی روسیا گەیشتە زیاتر لە (3 ملیار) دۆلار، ئەمە بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك كە دامەرزاوەی روبەڕووبونەوەی گەندەڵی كردویەتی، دامەزراوەیەك كە (ئەلێكسی ناڤالنی) سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆنی روسیا دروستیكردووە.
ساڵی 2010 هەندێك لێكۆڵینەوەی رۆژنامەوانیی، ناوی پریگۆژین-یان بەستەوە بە یەكەی زانیاری چەواشەكارانە لە سان پترسبۆرگ كە بە "كارگەی ترۆل" ناسراوە، مەبەست لەمە كارگەی دروستكردنی هەندێك بەرهەم بوو كە لە تۆڕەكانی ئینتەرنێت بڵاودەكرانەوە بەئامانجی ناشیریكردنی ئۆپۆزسیۆنی روسیاو نیشاندانی بەهێزی دەسەڵات لە كرملن.
بەگوێرەی لێكۆڵینەویەك كە راوێژكاری تایبەت (رۆبەرت مۆلەر) لە ساڵی 2016دا كردویەتی، كارگەی ترول بەشێك بووە لە هەوڵەكانی روسیا بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا. ئەوكات پریگۆژین رەتیكردەوە پەیوەندی بەو كارگەیەوە هەبێت.
بەڵام لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا كاتێك هەڵبژاردنی نیوەیی لە ئەمریكا بەڕێوەدەچوو، دانی بەوەدا نا هەوڵ هەیە بۆ دروستكردنی كاریگەریی لەسەر سیاسەتەكانی ئەمریكا.
لە بەیاننامەیەكدا كە نوسینگەكەی بڵاویكردەوە، پریگۆژین رایگەیاند" دەستوەردانمان لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا كردووەو بەردەوامیش دەبین لە دەستوەردان. ئەم كارەش زۆر بە لێهاتووییو وردیو بە شێوازی تایبەتی خۆمان دەكەینو دەزانین چۆن بیكەین".
"لەرێگەی نەشتەرگەییە وردەكانمانەوە لەیەككاتدا گورچیلەكانو جگەر دەردەهێنین" پریگۆژین ئەمەی وت بۆ نیشاندانی توانای روسیا لەم بوارەدا.
بۆ ماوەی چەندین ساڵ پریگۆژین رەتیدەكردەوە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ گروپی "ڤاگنەر"دا بێت، سكاڵای یاسایی دژی هەر رۆژنامەنوسێك بەرزدەكردەوە كە بانگەشەی ئەوە بكات ئەو دامەزرێنەری گروپەكەیە.
گروپی "ڤاگنەر" بۆ یەكەمجار ساڵی 2014دا لە خۆرهەڵاتی ئۆكراینا دەركەوت، یارمەتی جوداخوازەكانی ئۆكراینای دا كە بە پاڵپشتی روسیا دوو كۆماری نوێیان لە ناوچەكانی (دۆنیتسك)و (لۆهانسك) دروستكرد.
لە 2014وە گروپی "ڤاگنەر" بەشداری لە چەندین ململانێدا لەسەرتاسەری جیهان كردووە، بەتایبەتیش لە سوریاو زۆرێك لە وڵاتانی ئەفریقا.
دەوترێت ئەم گروپە بەشداری لە زۆرێك لە كردەوە سەربازییەكاندا دەكەن لەو وڵاتانەی كە شەڕی ناوخۆییان تێدایە، ئەمەش بۆ دەستڕاگەیشتن بە سامانی سروشتی لەو وڵاتانەدا. بۆ نمونە دەوترێت ئەندامانی گروپی "ڤاگنەر" پاسەوانی ئەو كێڵگانەی نەوت دەكەن كە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سوریادا، ئەمەش لەبەرامبەر وەرگرتنی رێژەیەك لە داهاتی ئەو كێڵگانە.
لە لیبیا-ش گروپی "ڤاگنەر" شانبەشانی هێزەكانی خەلیفە حەفتەر شەڕیان كردووە كاتێك حەفتەر هەوڵیداوە ئەو حكومەتە لەسەر كارلابدات كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پاڵپشتی لێدەكرێت، لە پارەی داهاتی نەوتی لیبیا خەرجی بە كرێگیراوەكانی ڤاگنەر دابین كراوە.
لە كۆماری ئەفریقای ناوەڕاستیش، گروپی "ڤاگنەر" پاڵپشتی لە حكومەتی ئەو وڵاتە كرد دژ بە چەكدارە ئیسلامییە توندڕەوەكانو كاری پاراستنی كانەكانی زێڕو ئەڵماسی ئەو وڵاتەیان پێدراوە.
لە ئەیلولی ساڵی رابردوودا، دوای شەش مانگ لە جەنگی روسیا دژی ئۆكراینا، بەشێوەیەكی كتوپڕ پریگۆژین دانی بەوەدانا كە ئەو گروپی "ڤاگنەر"ی دروستكردووە، ئەمەش كاتێك بوو ئەوە سەلمێندرا كە گروپی ڤاگنەر لە جەنگەكەدا كاراترین یەكەی سەربازی روسیایە.
"خۆم چەكی كۆنم پاكدەكردەوە، جڵقەی دژە فیشەكم ریز دەكرد، كۆمەڵێك كەسی پسپۆڕم بەكرێ گرت بۆ ئەوەی لەم كارەدا یارمەتیم بدەن، ئەمە لە رۆژی 1ی ئایاری 2014دا بوو، لەوكاتەدا گروپێكی نشتیمانی لەدایكبوو، كە دواتر ناوی لێنرا كەتیبەی ڤاگنەر" پریگۆژین بەمشێوەیە لە بەیاننامەیەكدا باس لە دروستكردنی گروپەكەی دەكات.
پریگۆژین كە لە لایەنگرە سەرسەختەكانی سەرۆك پۆتین بوو، یەكێك لە دیارترین ئەو دەنگە كەمانە بوو لە روسیا كە باسی لە ناڕەزایەتیی خۆی دەكرد سەبارەت بە ئاستی فەرماندەیی سوپای روسیا لە ئۆكراینا.
پریگۆژین هاوشانی رەمەزان قەدیرۆڤ-ی رێبەری چیچانییەكان راوەستا لە رەخنەگرتن لە (ئەلكسەندەر لابین) كە یەكێكە لە گەورە ژەنەراڵەكانی روسیا، گاڵتەیان پێكرد بەهۆی شكستەكانییەوە لە ئۆكراینا.
كار گەیشتبووە ئەوەی، قەدیرۆڤ ئەیوت دەبێت پلەی سەربازی لە لابین وەربگیرێتەوەو بكرێت بە سەربازێكی ئاساییو رەوانەی بەرەی پێشەوەی شەڕ بكرێت، ئەوكات پریگۆزین ستایشی قەدیرۆڤی كردو وتی:" رەمەزان تۆ لەو پەڕی حەماسەتدایت".
بەڵام ئێستا كە ئیتر ڤاگنەر لە پۆتین یاخی بووە، رەمەزان قەدیرۆڤ پاڵپشتی خۆی بۆ پۆتین راگەیاندو دەڵێ پریگۆژین خیانەتی كردووە.
سەرباری ئەو هەژمونە زۆرەی كە بەهۆی هاوڕێیەتییەكەی لەگەڵ پۆتیندا لە روسیا پەیدای كردبوو، بەڵام پریگۆزین هیچ پۆستێكی فەرمی لە دەوڵەتدا نەبوو.
پسپۆڕانی سەربازی باسیان لەوە دەكرد، ئەو چەكانەی كە جەنگاوەرەكانی گروپی ڤاگنەر لە لیبیا بەكاریانهێناوە، لەو جۆرە چەكانە بوون كە لە بازاڕی چەكدا بەردەست نەبوونو توانای بەدەستهێنانیشیان نەبووە تەنیا لەرێگەی پەیوەندی حكومییەوە نەبێت لەسەر ئاستێكی باڵا.
مانگی ئازاری رابردوو، بەرپرسانی ئەمریكا رایانگەیاند، لانی كەم هەزار بەركێگیراو لە خۆرهەڵاتی ئۆكراینا بڵاوەیان پێكراوە، جۆن ئێف كێربی سكرتێری رۆژنامەوانی پەنتاگۆن وەكو ئاماژەیەك بۆ گروپی ڤاگنەر وتی:" ئێمە دەزانین ئەوان لەوێن، دەزانین دەیانەوێت پێگەی خۆیان لە ئۆكراینا بەهێز بكەن".
پێشتر، پریگۆزین سەردانی زیندانەكانی روسیای كرد بەمەبەستی كۆكردنەوەی چەكدار بۆ شەڕی ئۆكراینا لەناو ئەو زیندانیانەدا كە حوكمدراون، بەدوور دەزانرێت بەبێ رەزامەندی لایەنی باڵای دەوڵەت، ئەو بتوانێت كارێكی لەمشێوەیە بكات.
پریگۆزین زیندانییەكانی هاندا بۆ ئەوەی بەشداری شەڕ بكەن، پێی وتن كۆمەڵگە رێزتان لێدەگرێت، هۆشداری پێدان لەوەی تاوانی نوێ لە نمونەی دەستدرێژی سێكسی ئەنجام نەدەن، وتی:" كحول مەخۆنەوە، ماددە هۆشبەرەكان بەكارمەهێنن، دەستدرێژی مەكەن.. بە دسپلین بن".
بەڵێنی بە زیندانییەكان دا، بۆ ماوەی شەش مانگ لەبەرەی پێشەوەی شەڕ دادەنرێنو دواتر ئازاد دەكرێنو دەتوانن بە دۆسیەیەكی خاوێنەوە بگەڕێنەوە بۆناو ماڵی خۆیان.
بەمدواییە یەكێك لەو زیندانییانەی كە تاوانی كوشتنی لەسەر ساغ بووەوە، دوای بەسەربردنی شەش مانگ لە بەرەكانی شەڕ، گەڕایەوە بۆ ماڵەكەی خۆی.
سوپای ئۆكراینا دەڵێ گروپی ڤاگنەر چەكدارەكانی وەكو سوتەمەنی جەنگ بەكاردەهێنێتو بەشێكی زۆری چەكدارەكانی كوژراون بەتایبەتیش لە شەڕەكانی دەوروبەی هەردوو شاری (سولیدار)و (باخموت) لە خۆرهەڵاتی ئۆكراینا.
سۆسیس فرۆشێك هەڕەشە لە پۆتین دەكات
ئێستا كە ئیتر بەتەواوەتی یاخیبوونی خۆی لە سوپای روسیا راگەیاندووە، میدیا جیهانییەكان دەیانەوێت ژیانی یاڤگینی پریگۆژینی رێبەری ڤاگنەرو گەورەبوونی بزانن.
بەپێی بەدواداچونی ئاژانسەكان، پریگۆژین ساڵی 1961 لە شاری سان پترسبۆرگ لەدایكبووە، ئەوكاتە شارەكە ناوی "لینینگراد" بوو، ساڵی 1981 لە زیندان دەرچووە كە بەتۆمەتی دزیكردنو تاوانی تر دەستگیركراوە، ئەمە بەپێی كۆمەڵێك بەڵگەنامە كە سایتی "میدۆزا" بڵاویكردوەتەوە.
دوای بەسەربردنی ماوەی حوكمەكەی لە زیندان كە (9) ساڵ بووە، پریگۆژین كۆشكێكی تایبەت بە فرۆشتنی سۆسیس-ی داناوە، دواتر بووە بە خاوەنی چەندین رستۆرانتو فرۆشگا.
رۆژنامەی (گاردیان) بەریتانی راپۆرتێكی لەبارەی كەسایەتی رێبەری گروپی "ڤاگنەر" بڵاوكردوەتەوە لەژێر ناوی "یاڤگینی پریگۆژین.. فرۆشیارێكی سۆسیس كە گەیشتە لوتكەی دەزگای جەنگیی پۆتین".
لە راپۆرتەكەدا گاردیان باسلەوە دەكات، ساڵی 2014 گروپێك لە گەورە بەرپرسانی روس لە بارەگای وەزارەتی بەرگری لەگەڵ پریگۆژین كۆبونەوە، لەم كۆبونەوەیەدا پریگۆژین داوای پارچە زەوییەكی لە وەزارەتی بەرگری كرد بۆ ئەوەی بەكاری بهێنێت بۆ ئەنجامدانی راهێنان بەو خۆبەخشانەی كە پەیوەندی فەرمییان بە سوپای روسیاوە نییە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە شەڕی دژ بە ئۆكراینا پشتیان پێببەسترێت.
زۆر كەس لە وەزارەتی بەرگری مامەڵەو هەڵسوكەوتی پریگۆژینیان بەدڵ نەبوو، بەڵام بۆیان دەركەوت ئەمە داواكارییەكی ئاسایی نییە، چونكە پێی وتن" فەرمانەكان لە پاپاوە هاتووە"، پاپا نازناوی ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیایە، ئەم قسەیەی بۆ ئەوە كرد، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری بزانن كە ئەو چەندێك لە سەرۆك پۆتینەوە نزیكە.
وەكو خۆی دەڵێ، بۆ ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، رۆژنامەی گاردیان قسەی لەگەڵ زۆر كەس كردووە كە لەنزیكەوە پریگۆژینیان ناسیوە، زۆرێكیان داوایان كردووە ناویان بڵاونەكرێتەوە، چونكە رێگەپێدراو نین قسە بكەن.
پیاوێكی خاوەن كار كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە پریگۆژینی ناسیوە، قسەی بۆ رۆژنامەكە كردووەو وتویەتی:" ئەو پیاوێكی چالاكو خاوەن بەهرەیە، هەر شتێك بیەوێت تا بەدەستی نەهێنێت ناكشێتەوە".
هەندێك لەوانەی كە دەیناسن باسیان لەوە كردووە كە نە پارەو نەهێز هۆكاری پاڵنەری پریگۆژین نەبوون، هەرچەندە ئەو لەم كاروانەدا هەردوو شتەكەشی بەدەستهێناوە، پێیانوایە ئەو حەزی لە بەرەنگاربوونەوە هەیەو باوەڕی وایە كە بە نوێنەرایەتی هەر كەسێكی ئاسایی، شەڕی دەستەبژێری گەندەڵی روسیا دەكاتو ئارەزووی راماڵینی ركابەرەكانی دەكات.
رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا پریگۆژین دوژمنی زۆری لەناو روسیا بۆ پەیدا بووە، هەر لە هاوبەشە كۆنەكانی لەبواری بازرگانی كە هەست بەوە دەكەن خەڵەتێندراون بۆ ژەنەراڵەكانی سوپا كە ئەو وەكو بیرۆكراتی لەناو ئۆفێسەكانیان ناویان دەهێنێت تا دەگاتە گەورە بەرپرسانی ئەمنیی كە ترسیان هەیە دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت لە روسیا.
پریگۆژین منداڵ بووە كە باوكی مردووە، وەكو خۆی باسی دەكات دایكی لە نەخۆشخانە كاریكردووە، نێردراوە بۆ ئەكادیمیای وەرزشی، بەڵام حەزی لێی نەبووەو دوای تەوابوونی لە خوێندنگە چوەتە ناو گروپێك تاوانباری بچوكەوە، ئەمە بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی دادگای ساڵی 1981 كە سایتی "میدۆزا" بڵاویكردونەتەوە.
دادگا بەو ئەنجامە گەیشتووە كە پریگۆژین لەگەڵ ئەو گروپەدا لە سان پترسبۆرگ بەشداری لەچەندین كاری دزیكردندا كردووە، لەسەر ئەم بنەمایە 13 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووەو لە ساڵی 1990دا ئازادكراوە.
لەدوای دەرچوونی لە زیندان، دەستیكردووە بە فرۆشتنی سۆسیس، بەڵام بەردەوام چاوی لە ئامانجی گەورەتر بووەو دەیزانی چۆن كەسانی ناسراو بەلای خۆیدا كێش بكات. یەكێك لەو پیاوە خاوەن كارانەی كە لە نەوەدەكاندا ناسیویەتی دەڵێ" بەردەوام بەدوای ئەو كەسانەدا دەگەڕا كە لە ئاستێكی باڵادا بوون بۆ ئەوەی خۆی پێیان بناسێنێت، لەمەدا زۆر باشبوو".
كاتێكی زۆری نەخایاند، پریگۆژین بوو بە خاوەنی پشك لە زنجیرەیەك گەورە بازاڕەكانی روسیا، لە ساڵی 1995دا بڕیاریدا لەگەڵ هاوبەشەكانیدا لە بواری بازرگانی، ریستۆرانتێك بكاتەوە، پاش ئەمە دەستیكرد بە بردنەوەی گرێبەستە گەورەكانی حكومەت لەرێگەی كۆمپانیای "كۆنكورد"ەوە كە خۆی لە نەوەدەكانەوە دروستی كردبوو.
هەنگاوی دواتریشی بەدەستهێنانی گرێبەستە گەورەكانی هاوردەكردن بوو بۆ حكومەت. لە ساڵی 2012دا بڕی زیاتر لە (10 ملیارو 500 ملیۆن) رۆبڵ واتە زیاتر لە (200 ملیۆن) دۆلاری پارەی گرێبەستی دابینكردنی خواردنی بۆ خوێندنگەكانی مۆسكۆ بردەوە.