هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق
2023-06-22 18:32:52
شیکاری: درەو
لە (18ی کانونی یەکەمی 2023) بۆ چوارەم جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە (15) پارێزگای عێراق بە کەرکوکیشەوە بەڕێوەدەچێت. بەڵام لە (24ی 6ی 2018)ەوە كۆتایی بە ماوەی یاسایی كاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هاتووە، ئێستاش نزیک دەبینەوە لە (5) ساڵ بەسەر وادەی بەسەرچوونی یاسایی کارکردنی ئەو ئەنجومەنانە، بەڵام هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار باس لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم ناکەن!
سەرەتا
بەپێی دەقە دەستوورییەكان، سیستەمی دەوڵەتی عێراق لە ڕووی سیاسی و كارگێڕییەوە سیستەمێكی لامەركەزیە، هەر لەو پێناوەشدا دەرچواندنی یاسا و ڕێنماییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت خزمەت بەو بنەما دەستوورییە بکەن کە لامەركەزییەتە، یەکێک لەو یاسا گرنگانەش یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان و پاشان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە کە دەستەبەری لامەرکەزی بۆ ئەو پارێزگایانە دەکات کە لە چوارچێوەی هەرێمێکدا ڕێکنەخراون.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو پسپۆری و دەسەڵاتە فراوانانەی كە دەستوری كۆماری عێراق بە پارێزگاكانی داوە، هەروەها بۆ دەوڵەمەندكردنی ئەو یاسایانەی تایبەتن بە گۆڕینی باری دەوڵەت لە دەوڵەتێكی سادەوە بۆ دەوڵەتێكی فیدراڵی، لە نێویاندا یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانە.
ئهنجومهنی پارێزگاكان، ئهنجومهنێكی ههڵبژێردراوه لهلایهن خهڵكەوە، لهڕووی كارگێڕی و دارایی و یاساییهوه بهستراوهتهوه بهسهرۆكایهتی ئهنجومهنی وهزیران و لهڕووی چاودێرییهوه دهكهوێته ژێر چاودێریی پهرلهمانهوه.
دهسهڵاتی ئهنجومهن چاودێریكردنه لهسنوری كارگێڕی پارێزگاكهداو مافی ئهوهی ههیه بڕیارو پێڕهو و رێنماییهكان بۆ رێكخستنی كاروباری كارگێڕی و دارایی لهسنوری پارێزگاكهدا دهربچوێنێ، تا بتوانرێت سهرپهرشتی بهڕێوهبردنی كاروباری پارێزگا بهپێی پرهنسیپی لامەرکەزی كارگێڕی بكات.
رێخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق
"محەمەد شیاع سودانی" لەگەڵ وەرگرتنی متمانەی لە ئەنجومەنی نوێنەران، وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە رۆژی 27/10/2022 لە چوارچێوەی تەوەری یاسایی بەرنامەی کاری حکومەتەکەی ئاماژەی بە چەند خاڵێک دابوو، لەوانەش؛ "هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە ماوەی شەش مانگدا..." هاوکات لە کۆتا خاڵی ئەم تەوەرەدا هاتووە؛ "ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەهەمان کات و رێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەپێی یاسای بەرکار کە ساڵێک تێپەڕ نەکات بەسەر بەرواری پێکهێنانی حکومەت".
بەدوایدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018ی لە (26/3/2023) پەسەند کرد. لە (مادەی (5) بڕگەی یەکەم خاڵی/ ا )دا هاتووە "بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆن لەسەر ئەنجومەنی وەزیران پێویستە کاتێک دیاری بکات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە (20/12/2023) تێنەپەڕێت".
کاتێکیش حکومەتی عێراق لە (17/3/2023) ڕایگەیاند کە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023 – 2024 - 2025)ی ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کردووە، لە پرۆژە یاساکەدا حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی خەرجی حاکیمەدا جێگەی خەرجی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کردبوویەوە.
لە (5/5/2023) وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق ڕیگەیاند؛ "ڕێوشوێنی هونەری پێویستیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستپێکردووە".
کاتێکیش لە (12/6/2023) پرۆژە یاسای بودجەی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکراو ڕەوانەی سەرۆکایەتی کۆمارکرا، سەرۆک کۆماریش لە (20/6/2023) موسادەقەی لەسەر پرۆژەکە کرد. وەک چۆن لە پرۆژەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتبوو بڕی (43 ملیار و 769 ملیۆن و 149 هەزار) دینار بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تەرخانکراوە.
هاوکات هەر لە هەمان رۆژی (20/6/2023)دا نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەنجومەنی وەزیران ڕۆژی (18ی کانونی یەکەمی 2023)ی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دیاریکردوە". ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارەکە وەک پابەندبونە بەو بەرنامە وەزارییەی کە حکومەت پەسەندی کردوە و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوش لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە.
ئەمە لەکاتێکدا عێراق لەدوای ساڵی (2003)ەوە هەنگاو بەرەو چوارەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەنێت، کە؛
یەکەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 30ی کانونی دووەمی 2005 بەڕێوەچووە.
دووەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 31ی کانونی دووەمی 2009 بەڕێوەچووە.
سێیەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 20ی نیسانی 2013 بەڕێوەچووە.
چوارەم: بڕیارە لە (18ی کانونی یەکەمی 2023) هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە (15) پارێزگای عێراق بە کەرکوکیشەوە بەڕێوەبچێت.
بەڵام لە هەرێمی کوردستان تەنها دوو خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچووەو دیارنیە خولی سێیەم چۆن و کەی بەڕێوەدەچێت، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی یاسا لە (24ی 6ی 2018)ەوە كۆتایی بە ماوەی یاسایی كاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هاتووە، بەپێی یاسا دوای كۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی، ئەنجومەنەكان دەتوانن (90) ڕۆژی تر لەسەر كارەكانیان بەردەوام بن، ئەو ماوەیەش لە (24ی 9ی 2018) کۆتاییهات. واتە لە ئێستادا نزیک دەبینەوە لە (5) ساڵ بەسەر وادەی بەسەرچوونی یاسایی کارکردنی ئەو ئەنجومەنانە وهیچ لایەنێکی پەیوەندیدار باس لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ناکەن و هیچ هەوڵێکیش نیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
ژمارەی کورسی و پارێزگاکان و سیستمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق
بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018، ژمارەی کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە ژمارەیان (15) پارێزگایە جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. هیچ پارێزگایەک نابێت کورسییەکانی لە (12) کورسی کەمتربێت و هەر پارێزگایەک ژمارەی دانیشتوانی بۆ هەر کوردسییەک زیاتر بوو لە (200 هەزار) کەس ئەوا کورسییەکانی بۆ زیاد دەکرێت لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی پلاندانی عێراق لە ساڵی (2019)، کۆی ژمارەی ئەندامانیش (275) ئەندامە، وەک پابەندبوون بە دەستوری هەمیشەیی عێراق ڕێژەی (25%)ی کورسییەکان بۆ کۆتای ئافرەتان دەستەبەرکراوە، سەرەڕای دیاریکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان بۆ هەر ئەنجومەنی پارێزگایەک، بەم شێوەیەکی لای خوارەوە؛
خشتەی (1)
هەر وەک لە مادەی (12)ی یاساکەدا هاتووە هەموو پارێزگایەک یەک بازنەی هەڵبژاردن دەبێت. بۆ داباشکردنی کورسیش بەسەر براوەکانی هەڵبژاردن پشت بە سیستمی (سانتلیگۆی هەموارکراو) دەبەسترێت، وەک لە مادەی (7)ی بڕگەی یەکەمدا هاتووە؛ دەنگی ڕاستەقینەی هەر لیستێک لە بازنەیەکی هەڵبژاردن ڕێکدەخرێن دابەشی ژمارەکانی (1.7، 3، 5، 7، 9... هتد) دەکرێن تا دەگات بە دواین ژمارەی کورسی تەرخان کراوی هەر پارێزگایەکەک. لێرەدا بە خشتەیەکی گریمانەیی ئەوە ڕوندەکەینەوە کە ئەگەر (7) لیستی سیاسی لە پارێزگای کەرکوک لە سەر (16) کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە رکاربەری بکەن و دەنگەکانیان بەشێوەیەکی گریمانەیی بەو شێوەیە بێت کە لە خشتەکەدا هاتووە، ئەوا؛
لیستی یەکەم؛ (6) کورسی دەباتەوە.
لیستی دووەم؛ (3) کورسی دەباتەوە.
لیستی سێیەم؛ (4) کورسی دەباتەوە.
لیستی چوارەم؛ (1) کورسی دەباتەوە.
لیستی پێنجەم؛ (2) کورسی دەباتەوە.
لیستی شەشەم و حەوتەم؛ هیچ کورسییەک بەدەست ناهێنن.
خشتەی (2)