سوید: ئەردۆغان ناتوانێت وانەی دیموكراتیەت بە وڵاتانی تر بدات
2018-06-26 10:18:21
(درەو میدیا):
" ئەردۆغان ناتوانێت وانەی دیموكراتیەت بداتە وڵاتانی تر" ئەمە وتەی مارگۆت ڤاڵسترۆم وەزیری دەرەوەی سویدە لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بەو وتارەی كە رەجەب تەیب ئەردۆغان بە بۆنەی سەركەوتنی لە هەڵبژاردندا پێشكەشیكرد و تێیدا وتی:" هەڵبژاردنەكانی توركیا وانەیەكن بۆ جیهان لە دیموكراتیەدا".
ڤاڵسترۆم لە رێگەیدا بۆ كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە لۆكسمبۆرگ وەڵامی لێدوانەكەی ئەردۆغانی دایە و وتی:" ناتوانن بڵێن كە ئەوان وانەی دیموكراتیەت بۆ وڵاتانی تر بڵێنەوە."
وەزیری دەرەوەی سوید راشیگەیاند سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردن لە توركیا بەڕێوەچووە، بەڵام هێشتا ئاستەنگەكانی بەردەم ئەم وڵاتە زۆرن وتیشی:" كاتێك سەركردەی ئۆپۆزسیۆن لە زیندانەكانی توركیادایە و پرسی كورد و پرسی ئابووری لە توركیا ئاستەنگی گەورەن. ئێمە بەهۆی پێشهاتەكانی ئەم دوایەی توركیا نیگەرانبووین".
وەزیری دەرەوەی سوید هیواشیخواست توركیا لە مامەڵەیدا لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا چاكسازی بكات و دەربارەی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغانیش و مانەوەی لە كورسی دەسەڵاتدا بە دەسەڵاتێكی زۆرەوە وتی:" بەداخەوە، هیوای گەورەم نییە كە رووداوی زیاتر دیموكراتیانە رووبدات، بەڵام پیچویستە هەلێكی تر بدەینە ئەردۆغان".