Draw Media

ئێران: شەپۆلێكی نوێی خۆپیشاندان دەستیپێكرد

ئێران: شەپۆلێكی نوێی خۆپیشاندان دەستیپێكرد

2018-06-25 13:49:23


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
شەپۆلێك خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی نوێ ئێرانی گرتەوە، خۆپیشاندانی ئەمجارەی ئێران لە ناو بازاڕەوە دەستیپێكرد. بەرزبونەوەی بەهای دراوی بیانی و نرخی كاڵا و كەمبونەوەی كڕیاران لە بازاڕەكاندا سەرچاوەی نیگەرانی ئەمجارەی ئێرانە.
بەپێی قسەی چالاكوانان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، خۆپیشاندان شارەكانی (تاران- شەهرەیار- كەرەج- قیشم- بەندەر عەباس- مەشهەد) گرتوەتەوە، دوكاندارەكان وەكو ناڕەزایەتی دوكانەكانیان داخستووە.


موحسین هەمەدانی یاریدەدەری ئەمنی پارێزگاری تارانی پایتەخت لەبارەی بارودۆخی تارانەوە رایگەیاند" ئێستا خەریكە بارودۆخەكە كۆنترۆڵ دەكەین، بڕیاردراوە هێزە ئەمنییەكان لەناو بازاڕدا جێگیربكرێن".
یاریدەدەرەكەی پارێزگاری تاران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئیلنا وتی: هەندێك كەس دەیانویست بارودۆخەكە بقۆزنەوە، بۆیە بەرەنگاریان بوینەوە.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باسلەوەدەكەن، هێزە ئەمنییەكانی تاران گازی فرمێسكڕێژیان لەدژی كاسبكارە ناڕەزییەكان بەكارهێناوە و هەندێك لە بەشداربوانی ناڕەزایەتییەكان بە دەستی هێزە ئەمنییەكان لێیان دراوە.


سەرەتای ناڕەزایەتییەكانی ئەمجارەی ئێران دژی خراپی دۆخی ئابوری و بازاڕ لە تارانەوە دەستیپێكرد، كاتێك ژمارەیەك لە دوكاندارەكان بڕیاریاندا دژی بارودۆخی خراپی بازاڕ دوكانەكانیان دابخەن.
بەگوێڕەی هەندێك ڤیدیۆ كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبونەتەوە، دوكاندارەكانی تاران ئەوانەی ناڕەزایەتییان دەستپێكردووە، بەناو بازاڕەكاندا دەگەڕێن و داوا لە هاوكارەكانیان دەكەن دوكانەكانیان دابخەن و ببێنە ناو ناڕەزایەتییەكانەوە.
ئەحمەد كەریمی ئەسفەهانی ئەمینداری ئەنجومەنەكانی سەندیكا و بازاڕ لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی دانشجویانی ئێران (ئیسنا)ی وت: بارودۆخی بازاڕمان پێشبینی كردبوو، بۆیە چەندینجار یاداشتمان بە بەرپرسان داو پێمانوتن ناكرێت بەم سیاسەتانەی ئێستا بارودۆخی بازاڕ كۆنترۆڵ بكرێت.


بازاڕی كڕین و فرۆشتنی موبایل لە تاران سەرچاوەی سەرەكی نیگەرانییەكانە، بەرزبونەوەی نرخی موبایل و ئاڵتون لە بازاڕەكاندا گەیشتوەتە ئاستێكی چاوەڕواننەكراو، ناڕەزایەتییەكان كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان و بازرگانیشی گرتوەتەوە.

ئێستا (100 هەزار) ریاڵی ئێرانی بەرامبەر بە (یەك دۆلار)ی ئەمریكییە، ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی بانگهێشتكردنی حەسەن رۆحانی سەرۆكی وڵات دەكەن بۆ لێپرسینەوە، ئەگەر دابەزینی بەهای دراوی ئێران هەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئەو پەرلەمانتارانە داوایان لە حكومەتی رۆحانی كرد رێوشوێنی خێرا بگرێتەبەر.

لە تشرینی یەكەمی 2012وە ئەمە گەورەترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە كە تارانی پایتەخت بەخۆیەوە ببینێت، كە لەو ساڵەدا بەهەمان شێوەی ئێستا سزا نێودەوڵەتییەكان بوونەهۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێران و بەوهۆیەوە شەپۆلێك خۆپیشاندان لەو وڵاتە سەریهەڵدا و دواجار حكومەتی ئێران رەزامەندی نیشاندا لەسەر دانوستان لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە.
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ژوری بازرگانی كۆبوەوە و وتی: نیگەرانی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا مەبن، كێشەی ئاڵوگۆڕی درا و دارایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چارەسەر دەكرێت.
زەریف وەكو ئاماژەیەك بۆ سزا ئابورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران لەدوای كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە روی دەمی كردە ناڕەزایەتییەكان و رایگەیاند" هەمومان لەناو یەك كەشتیداین، لاوازكردنی حەسەنی رۆحانی لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێكدا نییە، ئامانجەكە نە رژێمی ئیسلامی ئێرانە و نە دەوڵەتی ئاغای رۆحانی، ئێران بە ئامانجگیراوە".

لە تشرینی یەكەمی 2012وە ئەمە گەورەترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە كە تارانی پایتەخت بەخۆیەوە ببینێت، كە لەو ساڵەدا بەهەمان شێوەی ئێستا سزا نێودەوڵەتییەكان بوونەهۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێران و بەوهۆیەوە شەپۆلێك خۆپیشاندان لەو وڵاتە سەریهەڵدا و دواجار حكومەتی ئێران رەزامەندی نیشاندا لەسەر دانوستان لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand