Draw Media

كارمەندانی پۆلیسی شارۆچكەیەكی مەكسیك دەستگیركران 

كارمەندانی پۆلیسی شارۆچكەیەكی مەكسیك دەستگیركران 

2018-06-25 11:18:07


(درەو میدیا):
لە مەكسیك ئەو هاوكێشەیە پێچەوانە بووەوە كە هەمیشە پۆلیس تاوانبارو گومانلێكراوان دەستگیردەكات، ئەمجارەیان پۆلیسەكان خۆیان دەستگیركران.
بە گومانی تێوەگلان لە تیرۆركردنی یەكێك لەو كەسانەی كە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی شارەوانی كاندیدكردووە، دەسەڵاتدارانی مەكسیك هەموو پۆلیسەكانی شارۆچكەی (ئۆكامبۆ)یان دەستگیركرد.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو فرناندۆ ئەنجیلیس خوارێز كە تەمەنی (64 ساڵ)ەو خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی (ئۆكامبۆ) كاندید كردبوو، لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە و كوژرا.
ئەنجیلیس سێیەمین سیاسەتمەدار بوو كە لە ماوەی سێ هەفتەدا لە ویلایەتی میچواكان لە خۆرئاوای مەكسیك بكوژرێت، بەشێوەیەكی گشتیش لەسەرتاسەری مەكسیك تائێستا و بەر لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كە بڕیارە تەموزی داهاتوو بەڕێوەبچێت، زیاتر لە 100 كەسی سیاسەتمەدار كوژراون.
هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی مەكسیك هەموو كارمەندانی پۆلیسی شارۆچكەی (ئۆكامبۆ)یان دەستگیركرد كە ژمارەیان (27) كەسە لەگەڵ فەرماندەی پۆلیسی شارۆچكەكە، بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە ئەگەری تێوەگلانیان لە روداوی كوشتنی ئەو پیاوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand