Draw Media

بەرەو تونێلی هەڵبژاردن 

بەرەو تونێلی هەڵبژاردن 

2023-05-28 20:23:41


 
شیكاری: درەو

پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بە ناکۆکییەکی سەختی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمدا تێپەڕدەبێت،  چارەسەرنەکردنی بنەڕەتی بۆ پرسەکانی پەیوەند بە هەڵبژاردن (چارەسەرنەکردنی نادادی جوگرافی، پاکژنەکردنەوەی تۆماری دەنگدران، کورسی پێکهاتەکان، پێکهێنانەوەی کۆمسیۆن لە سەر بنەمای پشک پشکێنەی حیزبی...)، چەندین ئاستەنگی دیکەن لەبەردەم هەڵبژاردن و ئەگەری قوڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکان دێنێتە ئاراوە. 

دەستپێک
لە رۆژی  (21/5/2022) کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەکان دوای کۆبوونەوەکە (هێمن هەورامی – جێگری سەرۆکی پەرلەمان) دەچێتە پەرلەمانی کوردستان و بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ کارنامەی پەرلەمانی کوردستان زیاد دەکات.
لە ڕۆژی (22/5/2023) دانیشتنی ژمارە چواری ئاسایی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکە (رێواس فائق - سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان) وەک هەڵوێستەیەک بەرامبەر بەو کارەی جێگرەکەی، رایگەیاند؛ "لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان، بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە ڕەها و تاکانەیە بەکاربهێنم، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی دیکە تا بەرنامەیەکی دیکەی کار دوابخەم".
دواتر (هێمن هەورامی - جێگری سەرۆک پەرلەمانی کوردستان وتی؛ "ئیمە پێمان وایە ئەمە تەعەسوفە".
پاشان گرژی و پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارانی هەردوو حزب ڕوویدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند بە دەنگی (58) پەرلەمانتار، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە. 
لە هەمان رۆژدا لە سایتی فەرمی پەرلەمانی کوردستان ئەوە بڵاوکراویەوە کە "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22/5/2023، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، منی نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (٤)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی پێنجه‌م له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ناوی خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و بڕیاری دواخستنی دانیشتنه‌كه‌ی بۆ كاتێكی تر دواخست.
پاشان د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تیی دانیشتنه‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ به‌خستنه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌رده‌وامیی به‌ دانیشتنه‌كه‌دا و هه‌ر به‌ده‌نگدانیش ئاڵوگۆڕی له‌ ڕیزبه‌ندیی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ كرا و به‌مجۆره‌ به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، د. هێمن هه‌ورامی، كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیارانی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی (٥٨) په‌رله‌مانتار په‌سندكرا و پاشان ناوی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان (عه‌لی ساڵح مه‌حمود وكامه‌ران نه‌شئه‌ت به‌كر)ی وه‌ك دوو پاڵێوراو بۆ ئه‌ندامیه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی (٥٨) په‌رله‌مانتار په‌سەندكران و به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا".
پاش دوو ڕۆژ لەو دانیشتنە، ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ (عه‌لی ساڵح مه‌حمود وكامه‌ران نه‌شئه‌ت به‌كر) وه‌ك دوو پاڵێوراو بۆ ئه‌ندامیه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری سوێندی یاساییان خوارد.  
ئەگەرچی ئەم پرسە بە ناکۆکییەکی سەختی نێوان پارتی و یەکێتیدا تێپەڕدەێت. چارەسەرنەکردنی بنەڕەتی بۆ پرسەکانی پیوەند بە هەڵبژاردن، وەک؛ (چارەسەرنەکردنی نادادی جوگرافی، پاکژنەکردنەوەی تۆماری دەنگدران، کورسی پێکهاتەکان و نەدانی بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان و پێکهێنانەوەی کۆمسیۆن لە سەر بنەمای پشک پشکێنەی حیزبی...)، چەندین ئاستەنگی دیکەن لەبەردەم هەڵبژاردن و ئەگەری قوڵبوونەوەی زیارتری ناکۆکییەکان دێنێتە ئاراوە. 

یەکەم؛ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
لەگەڵ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992) حەوت جار هەموارکراوەتەوە، پێنج خولی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای یاساکە بەڕێوەچووە، بەڵام ئێستا زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان ناکۆکن دەربارەی یاساکە، هەوڵی هەموارکردنەوەی یاساکە لە ئارادایەو هەندێ جار لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکان زیاتر دەڕۆن و باس لە یاسایەکی نوێ دەکەن، هەرچۆن بێت (هەموار یان گۆڕینی یاساکە) چەند پرسێکی سەرەکی نزیکە یاخود هەوڵ هەیە گۆڕانکاری تێدا بکرێت ئەوانیش؛ 
1.    هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی
لەگەڵ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (7) جار هەموارکراوەتەوە، بەڵام لەسەرجەم هەموارکردنەکاندا ئەوە وەک خۆی ماوەتەوە کە "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت..." ئەم دەقەش لە ماددەی نۆیەمی یاساکە جێگیر کراوە.
بەڵام لە ئێستا فشارێکی زۆر هەیە خولێکی نوێی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، ئەو دەقەی سەرەوە یەکێک بووە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێو لایەنەکان، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانی دیکە، "هەرچەندە وا نیشان دەدرێت کە لە ئێستادا ئەو ناکۆکیانە لەم بارەوە رەویوەتەوەو پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕەزامەندبووە بە هەموارکردنی دەقی ناوبراو".
بەپێی ئەو دەقە، سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە سەرجەم ناحیەو قەزاو پارێزگاکانییەوە لە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتووە، گرفتی سەرەکی "یەک بازنەی هەڵبژاردن" بەڕای زۆربەی چاودێرانی بوارەکە، لە قوڵایدا نادادپەوەری جوگرافی لێدەکەوێتەوە، لە ڕووی بوونی نوێنەر لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا.
بەپێی پەیڕەو کردنی سیستمی یەک بازنەیی، سەرجەم ناوچە جوگرافییە جیاوازەکان نوێنەریان بە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان ناگات. ئەمە چۆن؟ بۆ نمونە "بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن" لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆی (135) قەزاو ناحیەی هەرێمی کوردستان، (114) قەزاو ناحیە هیچ نوێنەرێکیان لە پەرلەمانی کوردستان نیە. بە پێچەوانەوە لە کۆی (111) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان (74) ئەندامیان بەڕێژەی (67%) نوێنەری (3) قەزاکەی ناوەندی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)ن. لە کاتێکدا (132) قەزاو ناحیەکەی دەرەوەی ئەو سێ شارە تەنها (37) نوێنەریان بە ڕێژەی (33%) لە پەرلەمانی کوردستانە.
بۆ چارەسەرکردنی یاخود لانی کەمی کاڵ کردنەوەی ئەو نادادپەروەرییە جوگرافییەی کە لە یەک بازنەیی دەکەوێتەوە، چەند بژاردەیەک لە ئارادایە، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها تیشک دەخەینە سەر هەموارکردن دەقی ماددە یاساییەکەو گۆڕینی کە (یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن) وەک ئەوەی لە ئێستادا زۆربەی لایەنە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکەنەوە.
ئەگەر هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پارێزگانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) بکرێت بە (4) بازنەی هەڵبژاردن، بەمانای کۆتایی هاتن نییە بە نادادپەوەری جوگرافی، چونکە بەهۆی ڕێژەی بەرزی دانیشتوان لە شارە گەورەکان، نادادپەرەوەییەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان دووبارە دەبێتەوەو ڕوودەداتەوە. 
بە بەڵگەی ئەوەی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا پارێزگانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)، کە هەر یەکەو بازنەیەکی هەڵبژاردن بوو. بۆ نمونە لە پارێزگای سلێمانی لە کۆی (14) قەزای سنوری پارێزگاکە (6) قەزایان بەڕێژەی (43%)ی قەزاکانی سنورەکە هیچ نوێنەرێکیان سەرنەکەوتووە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کە بریتین لە قەزاکانی (پێنجوێن، دەربەندیخان، کفری، قەرەداغ، شارباژێڕ و ماوەت)، بەڵام تەنها لە ناوەندی قەزای سلێمانی (16) کاندید سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
 ئەمەش ئەو ڕاستییە رووندەکاتەوە، کە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، مەرامی سیاسییان هەیە بە گۆڕینی یاساکە لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، زیاتر لەوەی لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو نادادپەروەرییە بێت کە لە سیستمی یەک بازنەیی دەکەوێتەوە.
بۆ نمونە پاڵپشت بە ئەنجامی دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانەی عێراق، سەنگی لایەنە سیاسییەکان هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان و دواتر گریمانە کردنی هەموای یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی لێکەوتەکانی لەسەر پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کورستان، بەو شێوەیە دەبێت کە لە(چارتی ژمارە (1))دا نیشان دراوە.
چارتی ژمارە (1)

دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین، کە ئایا لەسەر چ بنەمایەک ژمارەی کورسی بۆ هەر بازنەیەک تەرخان دەکرێت، ئەگەر ژمارەی دانیشوانی سنوری هەر بازنەیەک بە پێوە بگیرێت _کە دەبێت هەر واش بێت_ کام پێوەری سەرژمێری تەبەنی دەکرێت، چونکە بە گوێرەی هەردوو ئاماری وەزارەتەکانی پلاندانانی (هەرێم و و عێراق) جیاوازی گەورە هەیە لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی سنوری پارێزگاکانەوە، لەم بارەیەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). 

  


2.    تۆماری دەنگدەران
هەر بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1) ساڵی (1992)ی هەموارکراو، پاڵپشت بە ماددەی شەشەمی یاساکە "بەیاسایەک، دەستەیەکی باڵای سەربەخۆ پێکدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان و بەڕێوەبردنی کارەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان – عێراق، خشتەی دەنگدەران ئامادە دەکات..." ئەم دەقە یاساییە ئامادەکردن و ڕێکخستنی تۆماری دەنگدەران دەخاتە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان.
سەربارەی ئەوەش وەک لە یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (4)ی ساڵی (2014) ماددەی چوارەم بڕگەی پێنجەمدا هاتووە؛ (به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی تۆماركردنی ده‌نگده‌ران و رێكخستن و نوێ كردنه‌وه‌ی تۆماره‌كانیان بۆ مسۆگه‌ر كردنی مافی هه‌ڵبژاردنیان) دەخاتە ئەستۆی کۆمسۆن.
هاوکات لە مادده‌ی شه‌شه‌م، بڕگەی یەکەم، خاڵی (1)دا هاتووە "دامه‌زراندن و نوێ كردنه‌وه‌ و بژارد كردنی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌ رێی هه‌موو جۆره‌ شێوازێكی تازه‌ی به‌رده‌ست، له‌سه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریش پێویسته‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌ندا بكه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌و مه‌به‌سته"‌. ئەم دەقە یاساییانەش دەسەڵاتی ئامادەکردن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم یەکلا دەکاتەوە.
بەڵام زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان خشتەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بە ناخاوێن دەزانن، داوای هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد دەکەن. دەکرێت بوترێت ئەم خواستەش ڕەوایەتی تێدایە، بۆ نمونە بەپێی ڕاپۆرتێکی ئێنستتیوتی پەی کە لە ساڵی (2018)دا بڵاوی کردووەتەوە، تێدا ئاماژە بەوە دراوە زیاتر لە (932 هەزار) ناوی گوماناوی ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە بەجۆرێک: 
-    لیستی‌ ده‌نگده‌رانی‌ تایبه‌ت كه‌ دووباره‌ ناویان هه‌یه‌ (184 هەزار) کەسە.
-    دووباره‌ بووه‌وه‌ی‌ نێو خودی‌ هه‌رێم (100 هەزار) کەسە.
-    دووباره‌ بووه‌وه‌ی‌ نێوان هه‌رێم و ناوچه‌كانی‌ ماده‌ی‌ 140 (94 هەزار و 567) کەسە.
-    ژماره‌ی‌ مردووان (218 هەزار و 965) کەسە. 
-    له‌دایك بووانی‌ ساڵی‌ 2000 كه‌ ته‌مه‌نیان به‌ر له‌واده‌ی‌ ده‌نگدانه‌و نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ 18 ساڵ (60 هەزار) کەسە. (بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە لە ساڵی (2018)دا بڵاو کراوەتەوە، چونکە لە ئێستادا لەدایکبووانی ساڵی (2005) مافی دەنگدان بەدەست دەهێنن).
-    جیاوازی‌ له‌نێوان تۆماری‌ بایۆمه‌تری‌ عێراق و تۆماری‌ هه‌رێم (275 هەزار و 423) کەسە و كۆی‌ گشتی‌ (932 هەزار و 964) هەزار ناوی گوماناوی دەکات.
ئەگەر ئەو ژمارانە بە ڕێژەی (50%)یش ڕاستبن و ئەوا دەتوانن کاریگەری گەورە لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردن جێبهێڵن، بە تایبەت ئەگەر لایەن یان چەند لایەنێکی سیاسی بە مەبەست ئەو ناوانەیان خزاندبێتە نێو لیستی تۆماری دەنگدەرانەوەو بتوانن بە قازانجی خۆیان بەکاری بهێنن.
ڕاپۆرتەکەی ئێنستتیوتی پەی ئاماژەی بەوەش داوە تۆماری دەنگدەران لە هەرێم پشت بە فۆرمی خۆراک دەبەستێت و ئەم فۆرمەش لەساڵی (1996)ەوە دروستکراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو کەسانەی کە مردوون لە ساڵی (1996)ەوە بە دەگمەن نەبێت ناویان لە تۆمارەکە نەسڕاوەتەوە، کە بە سەدان هەزار کەس دەخەمڵێنرێت.
سەرباری ئەو کەموکورتیانەی نێو تۆماری دەنگدەرانی هەرێم، ئەگەر لایەنێک یان چەند لایەنێکی سیاسی داوای جێبەجێکردنی تۆماری دەنگدانی کومسیۆنی عێراق بکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوا پێویستە هەردوو یاسای (هەڵبژاردن و کۆمسیۆن)ی هەرێم هەموار بکرێتەوە، ئەمەش بە ئاسانی لە پەرلەمانی کوردستان تێناپەڕێت (ئەگەر لایەنەکان لە بابەتی دیکەدا سازش بۆ یەکتر نەکەن) و ڕەنگە لە رووی واقعیشەوە گونجاو نەبێت کۆمسیۆنی هەرێم بەتەنها پشت بە تۆماری دەنگدەرانی کۆمسیۆنی عێراق ببەستێت.
بۆیە ڕێگاچارەی گونجاو داڕشتنی تۆمارێکی پاک و بێگەردی تایبەت بە کۆمسیۆنی هەرێمە، کە ئەمەش پێویستی ڕێ و شوێن قورس و کاتی زۆرە.
بەڵام پێویستە لێرە ئاماژە بەوەش بدەین بە پێچەوانەی ئەو دەرەنجامەی لە ئامارەکانی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووەتەوە، جیاوازی گەورە هەیە لە نێوان هەردوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق، سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان مافی دەنگدان و بەشدارییان لە هەڵبژاردن هەیە، چونکە بە پێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق، لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021)، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لەم سێ پارێزگایە مافی دەنگدانیان هەبوو بریتی بوو لە (3 ملیۆن و 85 هەزار و 461) هاوڵاتی. بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا و پاڵپشت بە داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، کە لە سایتی فەرمی دەستەکە بڵاوکراوەتەوە (3 ملیۆن و 277 هەزار و 551) کەس مافی دەنگدانی هەیە لە سێ پارێزگاکەو بەم پێیەش جیاوازییەکە بە ڕێژەی (6%) و (192 هەزار و 90) کەس کەمترە بەراورد بە داتاکانی کۆمسیۆنی عێراق. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).

 

3.    پشکی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان 

پشکی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان یەکێکی دیکەیە لە خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەندێکش بە "گرێکوێرەی هەڵبژاردن" ناوی دەبەن. هەر بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەموارکراو ماددەی (سی و شەشەم)؛
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان سریان ئاشوری تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
لە یەکەم خولی هەڵبژاردن  لە یاسای ژمارە (١) ساڵی ١٩٩٢ ماددەی یەکەم (١٠٠) کورسی  گشتی تەرخان کرا لە سەر بنەمای هەر نوێنەرێک (٣٠) هەزار کەس بێ ، کە ئەو کات ڕێژەی دەنگدەر نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی بوو، ڕێژەی  (٥) کورسی  بۆ (مەسیحیەکان) پێکهاتەی  کلدان، سریان، ئاشووری دابین کرا."لەسەر پێشنیازی  مام جلال "، دواتر ڕیژەی پێکهاتەکان  لە (٥) کورسی زیاد کرا بۆ (١١) کورسی.
پرسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان خاڵێکی دیکەی جەوهەری ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانە بە تایبەت پارتی بەرامبەر یەکێتی و ئۆپۆزسیون و سەربەخۆکان، کە ئەویش بریتیە لە دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان و تۆماری دەنگدانی تایبەت بە پێکهاتەکان.
هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن لەسەر ئەو بنەمایەی "نوێنەری ئێستای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکەن ژمارەی کورسی پێکهاتەکان زیاد بکرێ، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٩٢ کە (١) ملیۆن دەنگدەر هەبوو ژمارەی کورسی گشتی (١٠٠) کورسی بوو، لە ئێستادا ڕێژەی دەنگدەری گشتی زیاد لە (٣) ملیۆن دەنگدەرە، هیچ داواکاریەک نیە بۆ زیادکردنی ڕێژەی کورسی گشتی، کە جیاوازی لە نێوان ساڵی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٢٢ سێ سەد هێندەیە". 
لە پاڵ ئەم گۆڕانکاریە گەورەی ڕێژەی دەنگدەر هیچ لایەنێک لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی پێکهاتەکان نیە داوای زۆرینەی لایەنە ناکۆکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتییە لەوەی کە کورسی پێکهاتەکان دابەشی سەر بازنەکان بکرێت و تۆماری تایبەتی دەنگدەرانی خۆیان ببێت، تەنها بەئامانج ئەوەیە کە پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن، له‌ ژێر گوشاردا نه‌بن به پاشكۆی سیاسه‌تی ته‌سكی هیچ لایه‌نێك، ده‌یانەوێت هه‌ڵبژاردن و پشتیوانیكردنیان به جۆرێك بێت كه سه‌ربه‌خۆیی و به‌های نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌یان، له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش، كورسیی پێكهاته‌كان پێویسته ئه‌وه‌نده ئازاد بێت كه بتوانێت له سێبه‌ری پاشكۆیه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبت رزگار بكرێن.
هەر لە بارەی کورسی پێکهاتەکانەوە (ئارام جەمال – بەرپرسی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن) پێی وایە؛ "ئەو یانزە کورسییەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکان تەرخانکراوە، بۆ یەکەمجارە بۆتە کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام نابێت ئەو کێشەیە بەوە چارەسەربکرێت کە بەشێک لە یانزە کورسییە کە لە دەست یەکەمیان بسەنرێتەوە و بەشی دووەمی لێبدرێت، بەڵکو چارەسەری دروست ئەوەیە و کە ئەو پێکهاتانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، چونکە ڕەگی کێشەکە ئەوەیە هەتا ئێستا هاوڵاتیانی ئەو پێکهاتانە بەناوی نوێنەرایەتیەوە قەیرانی نوێنەرایەتیان هەیە".
ئەگەر هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (یەکێتی و پارتی) ئەوەندە بە تەنگ مافی پێکهاتەکانەوەن بۆچی کاندیدی کلدۆ سریانی و ئاشوری و تورکمان و کاکەیی و ئێزیدی ناخەنە نێو لیستەكانیانەوە؟، بۆ چارەسەری گرفتی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانیش (3) ڕێگە پێشنیار دەکات؛
1.    جیاکردنەوەی چەند کوردسییەک بۆ پێکهاتەکان، لەنێو خۆیاندا هەڵبژاردن بکەن و کاریگەری دەنگدانەی پێکهاتەی زۆرینەیان بەسەرەوە نەبێت.
2.    شێوازی جێکردنەوەی کاندیدانی پێکهاتەکان لەنێو حزبە زۆرینەکاندا (باشترین نەبراوەی کاندیدی پێکهاتەکان)
3.    لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی پێکهاتەکان لە داڕشتنی بازنەکانی هەڵبژاردندا.

دووەم؛ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (8 ساڵ و نیوی) تەمەنی خۆیدا سەرپەرشتی ڕاپرسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25/9/2017، و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە لە 30/9/2018 دا. لە ئێستاشدا زیاتر لە (3 ساڵ و نیو) بەسەر ماوەی یاسایی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا تێپەڕیوە و (2) لە ئەندامەکانی ساڵانێکە لە پۆستەکانیان نەماون. لایەنە سیاسییەکان بۆچونی جیاوازیان لەبارەی شێوازی کاراکردنەوەو پڕکردنەوەی هەبوو.
لە 23/7/2014 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 بەناوی (یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان - عێراق)ی پەسەند کرد.
لەماددەی دووەمی یاساکەدا هاتووە: "بە گوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەک دادەمەزرێ لە ژێر ناوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاکە دەسەڵات کە ڕێکاری هەموو هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسییە گشتییەکان ئەنجام دەدا لەسەر ئاستی سەرتاسەری کوردستان – عێراق".
بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کۆمسیۆن پێکدێت لە؛ یەکەم: ئەنجومەنی کۆمسیاران: لە خاڵی (1)ی ماددەکە هاتووە: ئەنجومەنی کۆمسیاران لە (9) ئەندام پێک دێ کە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن و دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە کە پەرلەمان  پێکیدەهێنێ و پێشنیاز دەکرێن، بە مەرجێک دوو ئەندامی ئەنجوومەن بەلانی کەمەوە یاساناس بن، هەروەها دەبێ نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێ و ماوەی کارکردنی ئەنجومەنەکەش (5) ساڵی رۆژ ژمێرییە.  
لەم چوارچێوەیەدا پارتە سیاسییە سەرەکییەکان کاریان بۆ ئەوە کرد ئەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە نێوان خۆیان بەش بەش بکەن و سێ ئەندامی درا بە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتیش لەپشکی خۆی ئەندامێکی دا بە تروکمان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانیش یەکی دوو ئەندام و هەر یەک لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەندامێکییان پێدرا. ئەندامەکانیش لە ڕۆژی 3/12/2014 لە پەرلەمانی کوردستان و 23/12/2014 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان متمانه‌ی پێدرا.
وەک ئاشکرایە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران ماوەی یاساییان تەواو ببوو، هاوکات دوان لە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو ئەنجومەنەکەدا نەمابوون، لەم بارەیەوە لە رۆژی  (21/5/2022) کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەکان دوای کۆبوونەوەکە (هێمن هەورامی – جێگری سەرۆکی پەرلەمان) دەچێتە پەرلەمانی کوردستان و بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ کارنامەی پەرلەمانی کوردستان زیاد دەکات.
لە ڕۆژی (22/5/2023) دانیشتنی ژمارە چواری ئاسایی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشینەکە (رێواس فائق - سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان) وەک هەڵوێستەیەک بەرامبەر بەو کارەی جێگرەکەی، رایگەیاند "لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی نیشتیمانی و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان، بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە ڕەها و تاکانەیە بەکاربهێنم، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی دیکە تا بەرنامەیەکی دیکەی کار دوابخەم".
دواتر (هێمن هەورامی - جێگری سەرۆک پەرلەمانی کوردستان وتی؛ "ئیمە پێمان وایە ئەمە تەعەسوفە".
پاشان گرژی و پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارانی هەردوو حزب ڕوویدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند بە دەنگی (58) پەرلەمانتار، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە. 
لە هەمان رۆژدا لە سایتی فەرمی پەرلەمانی کوردستان ئەوە بڵاوکراویەوە کە "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22/5/2023، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، منی نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (٤)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی پێنجه‌م له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ناوی خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و بڕیاری دواخستنی دانیشتنه‌كه‌ی بۆ كاتێكی تر دواخست.
پاشان د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تیی دانیشتنه‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ به‌خستنه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌رده‌وامیی به‌ دانیشتنه‌كه‌دا و هه‌ر به‌ده‌نگدانیش ئاڵوگۆڕی له‌ ڕیزبه‌ندیی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ كرا و به‌مجۆره‌ به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، د. هێمن هه‌ورامی، كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیارانی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی (٥٨) په‌رله‌مانتار په‌سندكرا و پاشان ناوی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان (عه‌لی ساڵح مه‌حمود وكامه‌ران نه‌شئه‌ت به‌كر)ی وه‌ك دوو پاڵێوراو بۆ ئه‌ندامیه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ ده‌نگی (٥٨) په‌رله‌مانتار په‌سەندكران و به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا".
پاش دوو ڕۆژ لەو دانیشتنە، ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاوکردەوە.
بڕیار وایە هه‌ریه‌ك له‌ (عه‌لی ساڵح مه‌حمود وكامه‌ران نه‌شئه‌ت به‌كر)ی وه‌ك دوو پاڵێوراو بۆ ئه‌ندامیه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران رۆژی (28/5/2023) لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری سوێندی یاسایی بخۆن. رۆژی (29/5/2023) بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کۆمسیاران بکەن. تایبەت بە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە ڕابردوو و ئێستادا (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))؛

 

سەرچاوەکان
1.     درەو میدیا، هەڵبژاردنی كوردستان بە ئاماری هەرێم دەكرێت یان بەغداد، 16/6/2022.
2.    درەو میدیا، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێم لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، 7/6/2022.
3.    درەو میدیا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم لە پشک پشکێنەی حیزبی ڕزگاری نابێت!، 25/1/2021.
4.    عەونی بەزاز؛ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992) بە سەرجەم هەموارەکانییەوە.
5.    یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 2014 یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی.
6.    ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، تۆماری دەنگدەران لە نێوان بێگەردی و ساختەکاریدا، تشرینی دووەمی (2017).
7.    هاوڕێ تۆفیق، لە کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت کێشەکان چی بوون و کامیان چارەسەر بوون؟ (دەرەو میدیا)
8.    ڕاپۆرتی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن (ئیفۆ گرافیک)، واڵی ئارام جەمال.
9.    سەركۆ گەڵاڵی (ئەندامی پەرلەمانی کوردستان – فراکسیۆنی یەکێتی)، گرێ کوێرەی هەڵبژاردن بە ئاسانی ناکرێتەوە، پەڕەی تایبەتی نوسەر، 24/1/2023.
10.    ئارام جەمال، رێگەچارەی قەیرانی نوێنەرایەتی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستاندا، ئەیلولی 2022.
11.    ڕاگەیەندراوی هابەشی کۆبونەوەی بەشی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە 28/2/2023
12.    سایتی پەرلەمانی کوردستان؛ بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کارا کرایه‌وە.
13.    سایتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان.
14.    سایتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عێراق.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand