ئەنجومەنی دادوەریی لەنێوان پارتیو یەكێتیدا
2023-05-28 13:26:01
راپۆرت: درەو
لەدوای پەرلەمانی كوردستان، ئەنجومەنی دادوەریش كەوتە ناو كێژاوی ململانێی پارتیو یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنەوە، دادوەرەكانی هەولێرو دهۆك بەبێ دادوەرەكانی سلێمانی كۆبونەوەو سوێندخواردنی دوو ئەندامی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان پەسەندكرد، یەكێتیی دەڵێ نیسابی كۆبونەوەكە تەواو نەبووە، ئەنجومەنی دادوەریی چییە؟ دادوەرەكانی چۆن دابەشبوون ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریدا
بێ گوێدانە ناڕەزایەتییەكانی یەكێتیی نیشتمانی، پارتی دیموكراتی كوردستان سورە لەسەر ئەوەی كۆبونەوەی رۆژی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم كۆبونەوەیەكی دروستە، بۆیە ئەمڕۆ لەڕێگەی ئەنجومەنی دادوەرییەوە بڕیارەكەی پەرلەمانی جێبەجێكرد.
دوای كۆبونەوە كێشەلەسەرەكەی 22ی مانگ، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پارتی نوسراوی ژمارە (10)ی ئاڕاستەی وەزارەتی داد كرد، تێیدا رایگەیاند، پەرلەمان كۆمسیۆنی كاراكردوەتەوەو متمانەی بە دوو كەس داوە بۆ پڕكردنەوەی شوێنە بەتاڵەكانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن، هاوكات رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتییە نوسراوی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە كۆبونەوەی 22ی مانگی پەرلەمان هەڵگیراوەو كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوە.
لەنێوان ئەم دوو نوسراوەدا، فەرسەت ئەحمەد وەزیری دادی هەرێم كە سەربە پارتییە، نوسراوەكەی هێمن هەورامی پەسەندكردو لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاویكردەوە.
لەسەر بنەمای نوسراوی ژمارە (10)ی وەقایعی كوردستان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم كۆبووەوە، لە كۆبونەوەكەدا دەستبەكاربوونی دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد.
(عەلی ساڵح مەحمود)و (كامەران نەشئەت بەكر) وەكو كۆمسیاری نوێی كۆمسیۆن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەریی سوێندی یاساییان خوارد.
نیسابی ئەنجومەنی دادوەریی.. كێشەیەكی تر
لەكاتێكدا هێشتا پارتیو یەكێتیی ناكۆكییەكانیان لەبارەی كۆبونەوەكەی 22ی مانگی پەرلەمانی كوردستان بەلادا نەخستووە، ئەمڕۆ كێشەیەكی تر هاتە پێشەوە كە كێشەی نیسابی یاسایی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمە.
بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی (33) لە یاسای ژمارەی (23)ی ساڵی 2007ی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستانو بەگوێرەی بڕگەی (ا) لە مادەی 3ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی دادوەریی، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەریی پێویستی بە ئامادەبوونی (3/4) ئەندامانی ئەنجومەنەكە هەیە.
ئێستا ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم لە (8) ئەندام پێكدێت، واتا بۆ تەواوكردنی نیسابی كۆبونەوە، دەبێت لە كۆی (8) ئەندام (6) ئەندام ئامادەبن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، 8 ئەندامەكەی ئەنجومەنی دادوەریی بەمشێوەیە دابەشبوون:
• 3 ئەندام لە سنوری سلێمانیی
• 5 ئەندام لە سنوری هەولێرو دهۆك
سێ ئەندامەكەی سنوری سلێمانی ئەمڕۆ بەشداری كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی دادوەرییان نەكرد تایبەت بە سوێندخواردنی دوو ئەندامەكەی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ئەوانەی بەشدار نەبوون بریتین لە هەریەكە لە:
• دادوەر (لەتیف عوسمان شەریف) جێگری سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان (تەمەنی یاسایی بەسەرچووە، بەپێی زانیارییەكان دوێنێ بۆی درێژكراوەتەوە بە ئومێدی ئەوەی ئەمڕۆ بەشداری كۆبونەوەكە بكات، بەڵام بەشداری نەكرد)
• دادوەر (جاسم جەزا جافر هەورامی)- سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی
• دادوەر (ئاوات حاجی)- سهرۆكی دادگای تێههڵچوونهوهی كهركوك/ گهرمیان
لەبەرامبەردا ئەو (5) دادوەرەی هەولێرو دهۆك كە بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆیان كرد بریتی بوون لە هەریەكە لە:
• دادوەر (عەبدولجەبار عەزیز حەسەن)- سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی كردووە)
• دادوەر (محەمەد مستەفا مەحمود)- جێگری سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم
• دادوەر (كاوە فەتحی مەعسوم)- سەرۆكی داواكاری گشتیی
• دادوەر (فاخر سابر بایز)- سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر
• دادوەر (بەهزاد فەتحی عەلی)- جێگری سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی دهۆك (لەبری سەرۆكی دادگاكە بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی كردووە)
یەكێتیی نیشتمانی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەریی بە كۆبونەوەیەكی نایاسایی دەزانێت، چونكە دەڵێ نیسابی كۆبونەوەكە تەواو نەبووە، لەبری (6) ئەندام تەنیا (5) ئەندام بەشدارییان كردووە، ئەمە بەواتای ئەوەدێت ئەنجومەنی دادوەریی بەبێ نیساب بڕیاریداوە لەسەر دەستبەكاربوونو سوێندخواردنی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن.
ئەمڕۆ كاری یەكێتیی قورستر بوو، ئەگەر سكاڵا لەسەر كۆبونەوەكەی 22ی پەرلەمان تۆمار بكات، دەبێت سكاڵاش لەسەر كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەریی تۆمار بكات.
هەموو ئەم كێشانە وا دەكەن پێشبینی ئەوە بكرێت پارتیو یەكێتیی لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەگەنە رێككەوتنو بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی دوابكەوێت كە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە.
لەبارەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە
ئەنجومەنی دادوەریی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی كوردستان، دەسەڵاتی سێیەمە لەپاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)و دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت).
تاوەكو ساڵی 1992 دەسەڵاتێكی دادوەریی سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان نەبووە، كاری سەرجەم دادگاكان بە یاسای ژمارە (160)ی ساڵی (1979) رێكدەخراو دادگاكان سەر بە وەزارەتی دادی بەغداد بوون.
لەدوای راپەرینی ساڵی 1991و كشانەوەی دامودەزگاكانی رژێمی بەعس لە كوردستان دۆخەكە وەكو خۆی ماوەیەوە، واتا دەسەڵاتی سەربەخۆی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان دروست نەكرا، چونكە یاسای دەسەڵاتی دادوەریی ژمارە (14)ی ساڵی 1992 كە یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە، دادگاكانی بەستوەتەوە بە وەزارەتی دادەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت دادگاكان راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت)و سەربەخۆ نەبوون.
دۆخی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا روخا، ساڵی 2005 عێراق دەستورێكی نوێی نوسییەوە، لە دەستورەكەدا مافی ئەوە بە دەسەڵاتی هەرێمەكان درا مومارەسەی دەسەڵاتی دادوەریی خۆیان بكەن، لەسەر ئەم بنەمایە پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارەی (23)ی ساڵی 2007ی دەركرد، ئیتر لێرەوە بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان دادگاكان لە وەزارەتی دادو دەسەڵاتی جێبەجێكردن جیاكرانەوەو خرانە سەر ئەنجومەنی دادوەریی وەكو دەسەڵاتێكی سەربەخۆ لەپاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان)و دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت).
بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەریی، سەرۆكی دادگای پێداچونەوە هاوكات سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریشە، ئەم كەسە پۆستەكەی هاوتای پۆستی سەرۆكی پەرلەمانو سەرۆكی حكومەتە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە بەپێی ماددەی (38)ی یاساكە:" سەرۆكی دادگای پێداچونەوە پلەكەی وەزیرەو موچەو دەرماڵەی وەزیر وەردەگرێ"، واتا بەپێی پلەی وەزیفی نەخراوەتە ئاستی سێ سەرۆكایەتییەكانی هەرێم.
ئەو دادگایانەی كە سەربە ئەنجومەنی دادوەرینو بە دادگا مەدەنییەكان ناودەبرێن، بریتین لەم دادگایانە:
• دادگای پێداچونەوە (التمییز)
• دادگای تێهەڵچونەوە (استئناف)
• دادگاكانی تاوان
• دادگاكانی نەوجەوانان
• دادگاكانی باری كەسایەتی
• دادگاكانی كەتن
• دادگاكانی كار
• دادگاكانی لێكۆڵینەوە
• دادگاكانی تایبەت بە ماددەكانی كەسایەتی بۆ مەسحییەكانو ئێزدییەكانو ئاینەكانی تر
دەسەڵاتی سێیەم كێیە ؟
ئەنجومەنی دادوەریی كە دەسەڵاتی سێیەمە لە هەرێمی كوردستان، بەگوێرەی ئەو یاسایەی كە كاری پێدەكات، ئەندامەكانی بریتین لەو كەسانەی كە ئەم پۆستانەیان هەیە:
• سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەو جێگرەكانی
• سەرۆكەكانی دادگاكانی تێهەڵچوونەوە (هەولێر- دهۆك- سلێمانی- كەركوك/گەرمیان)
• سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەریی (تا ئێستا یاسای بۆ دەرنەچووە)
• سەرۆكی داواكاری گشتی
ئەم ئەنجومەنی سەرباری ئەوەی سەربەخۆیەو بەپێی یاساكەی دەبێت دادوەرەكانی حزبی نەبن، بەڵام وەكو هەموو دامەزراوەكانی تر ئەندامەكانی ئەم ئەنجومەنە دابەشبووە بەسەر پارتیو یەكێتیدا، دادوەرەكانی سنوری سلێمانی لەلایەن یەكێتییو ئەوانەی سنوری هەولێرو دهۆكیش لەلایەن پارتییەوە دانراون، بۆیە كاتێك كێشە لەسەر پرسە یاساییەكان لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دروست دەبێت، دادوەرەكانیش دابەش دەبن، باشترین نمونە بۆ ئەم دابەشبوونەی دادوەرەكان كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەرییە.
پارتی لە ئەنجومەنی دادوەریی (5) ئەندامو یەكێتیش (3) ئەندامی هەیە، واتا جگە لە سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەتو زۆرینەی پەرلەمانیی، پارتی دیموكرات جڵەوی دەسەڵاتی سێیەمیشی لەدەستدایە كە دەسەڵاتی دادوەرییەو دەتوانێت لەڕێگەیەوە سیاسەتەكانی خۆی سەربخات.
ئەنجومەنی دادوەری بەپێی یاسا دەبێت مانگانە لانی كەم جارێك كۆبونەوە بكات، لەپاڵ ئەمەدا سەرۆكی ئەنجومەنەكە بۆی هەیە لەكاتی پێویستدا داوای كۆبونەوە بكات، ئەگەر سەرۆك یان ئەو كەسەی كە نوێنەرایەتی سەرۆك دەكات لەگەڵ سێ لەسەر چواری ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری ئامادەی كۆبونەوەیەك نەبن، كۆبونەوەكە بەڕێوەناچێت، بڕیار لەناو ئەم ئەنجومەنەدا بەزۆرینە دەدرێت واتە (50+1)ی ئەندامانی ئەنجومەن.
بەپێی یاسا ئەنجومەنی دادوەریی ئەم تایبەتمەندیانەی پێدراوە:
• ئامادەكردنی پلانو نەخشە بۆ دەزگای دادوەرییو وتووێژ لەسەركردنیو دەربڕینی تێبینییەكانی لەبارەیەوە.
• سەیركردنی كاروباری دامەزراندنو بەرزكردنەوەو پایەپێدانو گواستنەوەو گەڕاندنەوەی دادوەرەكانو لێكۆڵینەوە لە رەوشتو توانایانو سەرپەرەشتیكردنی سەربەخۆیی دادوەریی.
• ئامادەكردنی بودجەی ئەنجومەنو بەرزكردنەوەی بۆ پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی.
• رێكخستنی كارگێڕیو دادگاكان بەكاروباری خزمەتی كارمەندانو بەرزەفتكردنیان.
• دیاریكردنی میلاكاتی دادگاكانو دامەزراندنی فەرمانبەران كە ئەو میلاكانە پڕدەكەنەوەو ئەوانی دیكە لەچوارچێوەی تەرخانكراوەكانی بودجەی ئەنجومەن دەبن.
• دانانی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ ئەنجومەن.
بودجەی دەسەڵاتی سێیەم
ئەنجومەنی دادوەریی وەكو دەسەڵاتی سێیەم لە هەرێمی كوردستان بودجەی تایبەت بەخۆی هەیە، بەپێی ئەو یاسایەی كاری پێدەكات، بودجەی ئەم دەسەڵاتە سەربەخۆیە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە ئامادە دەكرێتو دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان بۆئەوەی وەكو پاشكۆی بودجەی گشتی ساڵانەی هەرێمی كوردستان پەسەندی بكات.
بەگشتی بودجەی ئەنجومەنی دادوەریی لەم دوو سەرچاوەیەوە دابین دەكرێت:
• رەسمو غەرامەی دادوەریی كە لەلایەن دادگاكانەوە وەردەگیرێن.
• ئەو پارەیەی كە ساڵانە حكومەتی هەرێم بۆ ئەنجومەنی دادوەریی تەرخان دەكات.
بەگوێرەی دواین پرۆژەی بودجەی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2013 دەرچووە، بودجەی ئەنجومەنی دادوەریی بۆ ساڵەكە (46 ملیارو 787 ملیۆن) دیناربووە، لەو ساڵەدا ئەنجومەنی دادوەریی رێژەی (0,4%)ی كۆی گشتی بودجەی هەرێمی بردووە.
بەپێی یاسای بودجەی 2013ی هەرێم، ئەنجومەنی دادوەریی (3 هەزارو 468) كارمەندی هەبووە، ئێستا خەرجی موچەی ئەنجومەنی دادوەریی مانگانە بڕەكەی (3 ملیارو 769 ملیۆن) دینارە.
هەیكەلی كارگێری ئەنجومەنی دادوەریی