ئەنجومەنی دادوەری بۆ سوێندخواردنی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆن كۆدەبێتەوە
2023-05-28 08:25:48
درەو:
بڕیارە ئەمڕۆ كاتژمێر (9) ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان كۆببێتەوەو سوێندخواردنی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەبەرنامەی كاری دانیشتنەكەیە، بەڵام تا ئێستا نیسابی كۆبوونەوە تەواو نەبووە، لەبەر ئەوەی پێویستی بە ئامادەبوونی (3/4) واتا لەكۆی (8) ئەندامی ئەنجومەنی دادوەری (6) ئەندام دەبێت ئامادەبێت، لە ئێستادا پێكهاتەی ئەنجومەنی دادورەی لە (8) ئەندام پێكدێت كە (3) ئەندامیان لە سنروی سلێمانین و (5) ئەندامیان لە سنوری هەولێرو دهۆك.
لەدوای دانیشتنەكەی رۆژی 22ی ئایارو درووستبوونی پشێوی لەناو هۆڵی پەرلەمانی كوردستان و هەڵگرتنی دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نوسراوی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و دەستبەكاربوونی دوو ئەندامی كۆمسیۆنی (عەلی بەندی و كامەران نەشئەت بەكر)ی رەوانەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان كردووە بۆ سوێندخواردن، لە بەرنامەی كاری ئەمڕۆی سوێندخواردنی ئەو دوو ئەندامەی كۆمسیۆنی تێدایە، بەڵام بە پێی زانیارییەكانی (درەو) تا ئێستا نیسابی كۆبوونەوە تەواو نەبووە، چونكە كۆبوونەوە پێویستی بە ئامادەبوونی (3/4)ی ئەندامانی هەیە.
بە پێی بڕگەی دووەمی مادەی (33) لە یاسای ژمارەی (23)ی ساڵی 2007ی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەری پێویستی بە ئامادەبوونی ئەندامانی (3/4) هەیە لە ئێستادا ئەنجومەنی دادوەری (8) ئەندامی هەیە، واتا بۆ كۆبوونەوە دەبێـت (6) ئەندامی ئامادەبێت، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لەو (8) ئەندامەی ئەنجومەنی دادوەری (3) ئەندامی لە سنوری سلێمانیەو (5) ئەندامی لە سنوری هەولێر و دهۆكە، تا ئێستا ئەو (3) ئەندامەی سنوری سلێمانی نەچوون بۆ كۆبوونەوەكە، بۆیە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی دادوەری نیسابی یاسایی پێتەواوناكرێت.
هەروەها بە پێی بڕگەی (ا) لە مادەی 3ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانیش "كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دادوەری ناكرێت تا 3/4ی ئەندامانی ئامادە نەبێـت"
بۆیە تا ئێستا ئەنجومەنی دادوەری نەیتوانیوە كۆبوونەوەكەی رێكبخات و ئەو دوو ئەندامەی كۆمسیۆنیش سوێندی یاسایی بخۆن.