دووەم رووبەڕووبوونەوەی ئیسلامیو سۆسیال دیموكرات
2023-05-28 07:07:10
(درەو):
گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە توركیا دەستی پێكرد، 8 ملیۆن دەنگدەر كە لە گەڕی یەكەمدا بایكۆتیان كردووە، چەقی ململانێی ئەردۆغانو كلیچدارئۆغلۆیە، ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت دەنگی بایكۆتچییەكان لە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، بەتایبەتیش كە دواین راپرسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەردۆغان لە پێشەوەیە، ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆ بۆ هەر سندوقێك 5 چاودێری داناوە.
دووەم روبەڕووبونەوەی ئیسلامیو سۆسیال دیموكرات
بۆ جاری دووەم، بەیانی ئەمڕۆ لە توركیا بنكەكانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا كرایەوە. ئەمە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە، ئەنجامی دەنگدانی ئەمڕۆ دەریدەخات ئایا ئەردۆغان دەڕوات یان بۆ ماوەی پێنج تری لە پۆستی سەرۆكایەتی توركیادا دەمێنێتەوە.
لە كاتژمێر 8:00 بەیانییەوە دەرگای بنكەكان كرانەوەو كاتژمێر 5:00 ئێوارە دادەخرێن، دەست بە جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان دەكرێت. ئەردۆغان كە ماوەی 20 ساڵە لە دەسەڵاتدایە، لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆشدا چانسی زیاتری سەركەوتنی هەیە بەبەراورد بە ركابەرەكەی كە كەمال كلیچدارئۆغلۆی سۆسیال دیموكراتە.
ئەمڕۆ دەنگدەرانی توركیا كە ژمارەیان (60 ملیۆن) كەسە، لەنێوان دوو تێڕوانیندا بۆ داهاتووی وڵاتەكەیان هەڵبژاردن دەكەن، دەنگ بە بەردەوامبوونی ئەردۆغانی ئیسلامی كۆنەپارێز دەدەن كە تەمەنی 69 ساڵەو هێشتا لە دەسەڵات تێرنەبووە یاخود دەنگ بە كەمال كلیچدارئۆغلۆی تەمەن (74 ساڵ) دەدەنو دیموكراتیەتێكی ئارام هەڵدەبژێرن، ئەمە وەكو ئەوەی كلیچدارئۆغلۆ دەیڵێت كە پێشتر فەرمانبەرێكی گشتی بووە.
ئەردۆغان لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا رێژەی 49,5%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە سەرباری ئەو هەڵاوسانە ئابورییە گەورەی كە لە توركیا هەیەو دۆخی ژیانی خێزانەكانی قورس كردووە، هێشتا دەنگدەرانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرفراوان پاڵپشتی لە ئەردۆغان دەكەن.
ئەم پشتیوانییە بۆ بەردەوامبوونی ئەردۆغان لە دەسەڵات، لە گەڕی یەكەمدا تەنانەت لەو ناوچانەش بینرا كە شوباتی ئەمساڵ بومەلەرزە لێیداو لانی كەم 50 هەزار كەسی كوشتو نزیكەی سێ ملیۆن كەسی بێ مالو حاڵ كرد، دەنگدانی خەڵكی ئەم ناوچانە بۆ ئەردۆغان پێچەوانە پێشبینییەكانی بەر لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن بوو.
ئەمڕۆ كەمال كلیچدارئۆغلۆ ركابەرایەتی ئەردۆغان دەكات، كەمال كە پسپۆڕێكی ئابورییە، حەزدەكات وەكو "باوە گەورەی دیموكراتیەت لە توركیا" خۆی بناسێنێت، ئەم پیاوە لە گەڕی یەكەمدا نەیتوانی بە باشی پرسی قەیرانی ئابوری مەترسیداری توركیا بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بەسەر سەرۆكی ئێستادا سەركەوێت.
كلیچدارئۆغلۆ كە سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی (جەهەپە)یەو پارتەكەی لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری توركیاوە دروستكراوە، بەڵێنی ئەوە دەدات "بەهار بهێنێت بۆ توركیا"، دەیەوێت سیستەمی پەرلەمانی بگەڕێنێتەوەو سیستەمە سەرۆكایەتییەكەی ئەردۆغان هەڵوەشێنێتەوە، لەپاڵ ئەمەدا بەڵێنی سەربەخۆكردنی دادگاو میدیاكان دەدات.
بەر لە دوو هەفتەو لە گەڕی یەكەمدا كلیچدارئۆغلۆ رێژەی 45%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، سەرباری ئەوەی جارێكی تر پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) وەكو نوێنەری زۆرینەی كورد لە توركیا پشتیوانی خۆی بۆ راگەیاندووە، بەڵام هێشتا چانسی سەركەوتنی كلیچدارئۆغلۆ لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا لاوازە. راپرسییەكان دەریدەخەن بە جیاوازی 5 پۆینت لەدوای ئەردۆغانەوەیە.
یەك ملیۆن چاودێر
كلیچدارئۆغلۆ توشی شۆك بوو كاتێك لە گەڕی یەكەمدا هەڵبژاردنی نەیبردەوە، چونكە ئەمە پێچەوانەی پێشبینی كەمپەكەیو زۆربەی راپرسییەكان بوو.
بەهۆی ئەوەی میدیاكان لە توركیا زۆربەیان تەرخانكراون بۆ هەڵمەتی ئەردۆغان، كلیچدارئۆغلۆ بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن پەنای بۆ تویتەر برد، لایەنگرەكانیشی هەڵمەتی دەرگا بە دەرگایان رێكخست بۆ دووبارە كۆكردنەوەی دەنگدەران.
ستراتیژی كلیچدارئۆغلۆو لایەنگرانی بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆ (8 ملیۆن 300 هەزار) دەنگدەرە كە لە گەڕی یەكەمدا بایكۆتیان كردووەو نەچونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی ئاستی بەشداری دەنگدەران گەیشتە 87%، چونكە لە یەك رۆژدا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیو پەرلەمانی بەڕێوەچوو، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیە، رەنگە ئەمە كاریگەری لەسەر ئاستی بەشداری هەبێت.
لەبەرامبەردا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، ئەردۆغان قسەكردنی لەناو كۆبونەوە جەماوەرییەكاندا زیاتر كرد، ئەمەش پاڵپشت بەو گۆڕانكارییانەی كە لە توركیا روودەدات لەوكاتەوە كە ئەو دەسەڵاتی گرتوەتە دەست، سەرەتا وەكو سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2003و دواتریش لە 2014وە وەكو سەرۆكی وڵات.
ئەردۆغان كە لەماوەی ساڵێكدا سێجار ئاستی كەمترین موچەی بەرزكردوەتەوە، بۆ گەڕی دووەم لەپێناو مانەوەی لە دەسەڵاتدا بەخشندە تر بووەو بەڵێنی ئەوەی داوە دەرماڵەی تایبەت بەو خوێندكارانە بدات كە بەهۆی بومەلەرزەكەوە كەسوكاریان لەدەستداوە.
دوێنێ ئەردۆغان وتی:" یەكشەممە رۆژێكی تایبەتە بۆ هەموومان. سەردەمی كودەتاو حوكمی سەربازی بەسەرچووە".
لەدواین چالاكی خۆیدا بەر لە هەڵبژاردنی گەڕی دووەم، ئەردۆغان سەردانی گڵكۆی مەرجەعە سیاسییەكەی كرد كە (عەدنان مەندەریس) كە سەرۆك وەزیرانی ئیسلامی- نەتەوەپەرەستی توركیا بوو، ساڵی 1961 دەسەڵاتی سەربازی كودەتای بەسەردا كردو لەسێدارەی دا.
ئەمڕۆ كە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیا بەڕێوەدەچێت، هاوكات یادی 10 ساڵەی خۆپیشاندانەكانی "غیزی"یە كە لە ئیستانبوڵ دەستیپێكردو دواتر سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە، ئەم خۆپیشاندانانە یەكەم شەپۆلی ناڕەزایەتی بوون دژ بە حوكمڕانییەكەی ئەردۆغان، بەڵام بەتوندی سەركوتكرا.
بۆ دەنگدانی ئەمڕۆ، ئۆپۆزسیۆن بڕیاریداوە "بۆ هەر سندوقێكی دەنگدان 5 چاودێر دابنێت" واتا بە تێكڕا (1 ملیۆن) چاودێر.
نێردەی هاوپەشی رێكخراوی ئاسایشو هاریكاری ئەوروپاو ئەنجومەنی ئەوروپا لە راپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن لە توركیا دەڵێ: هەڵبژاردنەكە لە كەشێكی پڕ لە كێبركێدا بەڕێوەچووە. میدیاكانی توركیا بێ پاساو پێشڕەوییان بە ئەردۆغان بەخشیوە.
هاوپەیمانەكانی توركیا بە دیاریكراویش پەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" بەچڕی چاوەڕوانی دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكات كە پێشبینی دەكرێت ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامە بەراییەكانی بڵاوبكرێتەوە.