كۆمسیۆن رۆژو مانگی هەڵبژاردنی لەسەر سایتەكەی دیاریكرد
2023-05-27 14:38:46
درەو:
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی رۆژو مانگی دیاریكراوی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەسەر سایتەكەی دیاریكرد.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام تا ئێستا یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكراوەتەوەو كۆمسیۆنیش بەو شێوەیە كاراكراوەتەوە كە سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت دانیشتنەكەی پەرلەمان ناپەیڕەوی و نایاساییەو كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوەو جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش دەڵێت كاراكراوەتەوە، سەرۆكی كۆمسیۆن دەڵێت "كاراكراوینەتەوە" و جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن دەڵێت "كارا نەكراوینەتەوە"، كۆمسیۆن دەیەوێت كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بكات، بەڵام ئەندامانی (یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو) ئامادەنین بەشداری لە هیچ كۆبوونەوەو چالاكیەكی كۆمسیۆن ناكەن، بەوەش كۆمسیۆن ناتوانێت نیسابی خۆی تەواوی بكات.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە سایتی فەرمی خۆی رۆژ و مانگی دیاریكردووە بۆ وادەی هەڵبژاردن كە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە.
لە ئێستادا (174 رۆژ و 9 كاتژمێر و 29 خولەك و 29 چركە)ی ماوە.
لەسەر سایتی پەرلەمانی كوردستان ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە كە (3 ملیۆن و 85 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەیە بەم شێوەیە:
• هەولێر: 1,109,072
• سلێمانی: 1,196,980
• دهۆك: 711,218
• هەڵەبجە: 68,191
• كۆی گشتی: 3,085,461