Draw Media

كۆمسیۆن دەتوانێت كۆببێتەوە؟

كۆمسیۆن دەتوانێت كۆببێتەوە؟

2023-05-27 11:46:45



درەو:
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ كۆبوونەوە، كۆبوونەوەی كۆمسیۆن پێویستی بە ئامادەبوونی (5) ئەندامە لەكۆی (9) ئەندامی كۆمسیۆن، ئەوەی تا ئێستا یەكلا بووەتەوە، سێ ئەندامی (پارتی)یە كە دوانیان سوێندی نەخواردووە ، شەش ئەندامی (كۆمەڵ، یەكگرتوو، گۆڕان، یەكێتی) یەكلابوونەتەوەو بەشدار نابن لە كۆبوونەوەی كۆمسیۆن. 
لە دانیشتنی رۆژی 22/5/2023 پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كردووە بەدوو بەشەوە، ئەندامانی كۆمسیۆن لە پشكی پارتی، پشتیوان لە نوسراوەكەی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەكەن و پێیان وایە كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە، دوو ئەندامەكەی پشكی یەكێتی پشتیوانی لە نوسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و پێیان وایە كارانەكراونەتەوەو "ماوە بەسەرچوون" دوو ئەندامەكەی (یەكگرتوو كۆمەڵ)، بەشداری هیچ چالاكی و كۆبوونەوەیەك ناكەن و دەڵێن" بەشێك نابین لەو ململانێ و كێشانە".
بە پێی بەدوادچوونەكانی (درەو) بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ كۆبوونەوەی فراوانی كردووە بە ئامادەیی دوو ئەندامەكەی كۆمسیۆن، تیایدا بڕیاریانداوە نەبنە بەشێك لەو ململانێ و كێشانەی نێوان یەكێتی و پارتی و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیش دەبێت بە یاسایی و پەیڕەوی بێت، ئەوان بڕیاریان داوە بەشدار نەبەن لە هیچ كۆبوونەوەو چالاكیەكدا. 
كۆبوونەوەی ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن (دەنگۆی ئەوە هەیە كە رۆژی دووشەمە كۆببنەوە)، كۆبوونەوەكە پێویستی بە (5) ئەندام هەیە لە كۆی (9) ئەندامی كۆمسیۆن، واتا زۆرینەی رەها (50+1)، بە پێی هەڵوێستی تا ئێستای حزبەكان بێت، كۆمسیۆن ناتوانێت كۆببێتەوە تەنیا بە سێ ئەندامەكەی پارتی. 
بەپێی دابەشكارییە، پشكی حزبەكان لەناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەمشێوەیە:
•    پارتی: 3 ئەندام
•    یەكێتی: 2 ئەندام
•    گۆڕان: 2 ئەندام
•    كۆمەڵ: 1 كورسی
•    یەكگرتوو: 1 كورسی 

بڕیارە سبەینێ شوێنگرەوەی دوو ئەندامی كۆمسیۆن سوێندی یاسایی دەخۆن لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان:
•    عەلی ساڵح بەندی لە شوێنی (جوتیار عادل) كە ئێستا وتەبێژی حكومەتی هەرێمە دەبێتە ئەندامی كۆمسیۆن و سوێندی یاسایی دەخوات لەسەر پشكی پارتی.
•    كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنی (سەیاح عەبدوڵا قاسم) ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانە‌و لەلایەن پارتییەوە دانراوە.
ئەگەر ئەو دوو ئەندامەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی سوێندی یاسایی بخۆن پێكهاتەی كۆمسیۆن بەم شێوەیەی لێدێت: 
•    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە
•    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
•    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە
•    شیروان زرار- كۆمسیارو  وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە
•    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە
•    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە
•    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە‌و ئەگەر دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا عەلی ساڵح مەحمود لە شوێنەكەی دانراوە)
•    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە
•    سەیاح عەبدوڵا قاسم- كۆمسیار، لەسەر پشكی پێكهاتەی توركمانە‌و لەلایەن پارتییەوە دانراوە (ئەم پیاوە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، ئەگەر دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەمان بە دروست ئەژماربكرێت ئەوا كامەران نەشئەت بەكر لە شوێنەكەی دانراوە)
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand