Draw Media

كێ گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌وه‌ ؟

كێ گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردن ده‌باته‌وه‌ ؟

2023-05-23 11:34:36


(درەو): 
نزیكەی (11 ملیۆن) دەنگ بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا چارەنوسی ئەردۆغان‌و كلیچدارئۆغلۆ یەكلادەكەنەوە، لەم رێژەیە سینان ئۆغان بە نوێنەرایەتی (2 ملیۆن‌و 800 هەزار) دەنگدەر پشتیوانی بۆ ئەردۆغان راگەیاندووە، بەڵام (8 ملیۆن) دەنگدەر هەن كە لە گەڕی یەكەمدا بایكۆتی دەنگدانیان كردووە، كلیچدارئۆغلۆ ئومێدی لەسەر بایكۆتچییەكان هەڵچنیوە. لە گەڕی یەكەمدا ئەردۆغان بە جیاوازی (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دەنگ لە پێش كلیچدارئۆغلۆوە بوو، لە گەڕی دووەمدا كێ دەیباتەوە؟

دوو ملیۆن دەنگەكەی سینان
یەكشەممەی داهاتوو گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە توركیا بەڕێوەدەچێت، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا‌و كەمال كلیچدارئۆغلۆی كاندیدی ئۆپۆزسیۆن جارێكی تر روبەڕووی یەكتر دەبنەوە.  
سینان ئۆغان كاندیدی براوەی سێیەمی گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی دوێنێ دواجار هەڵوێستی خۆی راگەیاند‌و داوای لە لایەنگرانی كرد لە گەڕی دووەمدا دەنگ بۆ ئەردۆغان بدەن. 
لە گەڕی یەكەمدا، سینان ئۆغان (2 ملیۆن‌و 800 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا، ئەمە لەكاتێكدایە جیاوازی دەنگی ئەردۆغان‌و كلیچدارئۆغلۆ لە گەڕی یەكەمدا (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دەنگە.
لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا كە 14ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، ئەردۆغان رێژەی 49,5%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ركابەرە سۆسیال دیموكراتەكەشی (كلیچكدارئۆغلۆ) رێژەی 44,9%ی دەنگەكانی برد، ئەردۆغان بە جیاوازی (2 ملیۆن‌و 500 هەزار) دەنگ لە پێش كلیچدارئۆغلۆوە بوو. 
سینان ئۆغان كە نەتەوەپەرەستێكی توندڕەوەو لە گەڕی یەكەمدا رێژەی 5,2%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، وتی:" داوا لەو دەنگدەرانە دەكەم كە لە گەڕی یەكەمدا دەنگیان بۆ ئێمەدا، لە گەڕی دووەمدا دەنگ بۆ ئەردۆغان بدەن".
سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئەردۆغان، سینان ئۆغان رایگەیاند" لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، دانانی خشتەی زەمەنی بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران‌و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت دانوستانمان كرد". 
هێشتا دیار نییە ئایا ئەو (2 ملیۆن‌و 800 هەزار) كەسەی لە گەڕی یەكەمدا دەنگیان بۆ سینان داوە لە گەڕی دووەمدا دەچنەوە سەر سندوقەكان‌و دەنگ بۆ ئەردۆغان دەدەن یان نا، بەڵام راپۆرتەكان لە توركیاوە ئاماژە بەوە دەكەن، بەشێكی زۆری دەنگدەرانی سنان لە گەڕی دووەمدا ناچنە سەر سندوقەكان‌و نایانەوێت دەنگ بۆ ئەردۆغان بدەن كە 20 ساڵە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، سەرباری ئەمە ئەگەر لە گەڕی یەكەمدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئاستی بەشداری دەنگدەرانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش زیادكردبێت، ئەمجارە مەرج نییە دەنگدەران بەهەمان رێژەی گەڕی یەكەم بچنەوە سەر سندوقەكان. 
ئاستی بەشداری دەنگدەران لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی‌و پەرلەمانی توركیا گەیشتە 89%. 
بیرك ئیلسن پسپۆڕی سیاسی لە زانكۆی سابانجی لە ئیستانبوڵ دەڵێ:" زۆرێك لە دەنگدەرانی نەتەوەپەرەست ناڕازین لەوەی كلیچدارئۆغلۆ نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆن بكات، بۆیە دەنگیان پێنەداوە". 

8 ملیۆن دەنگی بایكۆت  !
هەر دوای ئەوەی سینان ئۆغان پشتیوانی خۆی بۆ ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵباردن راگەیاند، كلیچدارئۆغلۆ بەپەلە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، تویتێكی كرد‌و ئیدانەی ئەوانەی كرد كە "ئەم وڵاتە جوانە دەفرۆشن". 
كلیچدارئۆغلۆ نوسی:" ئێمە هاتووین بۆ رزگاركردنی ئەم وڵاتە لە تیرۆرو پەنابەران"، دوای لەو (8 ملیۆن) كەسە كرد كە لە گەڕی یەكەمدا نەچونە سەر سندوقەكانی دەنگدان، لە گەڕی دووەمدا بەشداری بكەن. 
پێشتر كلیچدارئۆغلۆ بەڵێنی ئەوەی دا، (3 ملیۆن‌و 700 هەزار) پەنابەری سوری بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەكەیان كە ئێستا لە توركیا نیشتەجێبوون، ئەمە لەحاڵی سەركەوتنیدا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی. 
ئەردۆغان كە رۆژی هەینی رابردوو لە ئیستانبوڵ چاوی بە سینان ئۆغان كەوت، بەڕوونی ئەوەی نیشاندا كە بۆ بردنەوەی ولایەتی سێیەمی سەرۆكایەتیی، پێویستی بە پاڵپشتی ئەو نییە. 
پارتە نەتەوەپەرەستەكان بەگشتی رێژەی 23%ی دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی توركیا بەدەستهێنا، كە رۆژی 14ی ئەم مانگە هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا بەڕێوەچوو. 
سینان ئۆغان لەبارەی ئەم رێژەوە رایگەیاند، توشی سەرسوڕمان نەبووە، چونكە ئەوە دەنگی ناسیۆنالیستەكانی تورك‌و ئەو گەنجانەیە كە بەوتەی ئەو رۆشنبیرترن‌و بێزاربوون لە روخسارە كۆنەكانی سیاسەت لە توركیا، هەر لە ئەردۆغانی تەمەن (69 ساڵ)ەوە بیگرە تا دەگاتە كلیچدارئۆغلۆی تەمەن (74 ساڵ) كە لە ساڵی 2010وە سەرۆكایەتی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) دەكات.
لەبارەی دەنگدەرانی ناسیۆنالیستەوە لە توركیا، ئۆغان بە ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس) وت:" ئەوان ئێمە بە هاوچەرختر دادەنێن‌و وای دەبینن ئێمە نوێنەرایەتی سیاسەتێكی نوێ دەكەین". 
سینان ئۆغان لە خێزانێكی جوتیاری پارێزگاری ئیغدیر لە خۆرهەڵاتی توركیا لەدایكبووە، ماف‌و زانستی سیاسی لە توركیاو دواتر لە مۆسكۆ خوێندووە، ئەو وەكو بەرگریكارێكی نەریتی لە توركیا خۆی نمایش دەكات، نوێنەرایەتی نەتەوەپەرەستی عەلمانی دەكات‌و پابەندە بە بنەماكانی مستەفا كەمال ئەتاتوركی دامەزرێنەری دەوڵەتی هاوچەرخی توركیا دور لە بنەماكانی پارتی دادو گەشەپێدانی ئیسلامی بە رێبەرایەتی ئەردۆغان. 

كێ گه‌ڕی دووەم دەباتەوە ؟
گروپی راوێژكاری ئۆراسیا كە یەكێك لەو كۆمپانیا زۆركەمانەی پێشبینی ئەوەی كرد لە گەڕی یەكەمدا ئەردۆغان پێش كلیچدارئۆغلۆ بكەوێت، ئێستا پێشبینی ئەوە دەكات لە گەڕی دووەمدا ئەردۆغان هەڵبژاردن بباتەوە‌و بۆ ولایەتێكی تر لە پۆستی سەرۆكی توركیادا بمێنێتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand