Draw Media

ئەژی ئەمین دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی

ئەژی ئەمین دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی

2023-05-22 10:02:46


(درەو): 
ئەژی ئەمین بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاری یەكێتیی دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی‌و بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی دەبینێت. 
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتیی بە (درەو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەژی ئەمین یاریدەدەری راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی‌و هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران دەبینێت. 
ئەژی ئەمین دوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021 پۆستی بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەكێتیی وەرگرت، بەڵام زۆر نەمایەوە‌و پەیوەندییەكانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی تێكچوو، بەوهۆیەوە سلێمانی بەجێهێشت‌و لە هەولێر نیشتەجێ بوو. 
لەماوەی مانەوەیدا لە هەولێر، یەكێتیی بەرپرسی دەزگای زانیاری گۆڕی‌و (جەلال شێخ ناجی) لە پۆستەكەدا دانا، لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت پۆستی یاریدەدەری راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەخشی بە ئەژی ئەمین. 
گەڕانەوەی ئەژی ئەمین بۆ سلێمانی هاوكاتە لەگەڵ تێكچوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی سەبارەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی‌و پرسی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.  
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، گەڕانەوەی ئەژی ئەمین بۆ سلێمانی لەچوارچێوەی هەوڵێكی ئاشتەوایی ناوخۆیدایە لەناو یەكێتیی‌و (چەتۆ ساڵح) بریكاری وەزیری ناوخۆش لەچوارچێوەی ئەم هەوڵەدایە.
ئەوانەی ئاگادارن لەناو یەكێتییەوە، دەڵێن ئەم هەوڵی ئاشتەواییە سەركردە كۆنەكانی یەكێتیی‌و تەنانەت (لاهور شێخ جەنگی)ش دەگرێتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand