Draw Media

 پارتی بە زۆرینە كۆمسیۆن كارا دەكاتەوە ؟

 پارتی بە زۆرینە كۆمسیۆن كارا دەكاتەوە ؟

2023-05-21 16:56:19


راپۆرت: درەو
سكاڵاكەی یەكێتیی بۆ بە ناشەرعی ناساندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم و ده‌ركردنی فه‌رمانی (ولائی- سالاری) بۆی، لە دادگای فیدراڵی رەتكرایەوە، ئێستا پارتی پەلەیەتی بەر لەوەی دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەربكات، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە كارا بكاتەوە، دوای هەفتەیەك گەڕانەوەی گەرموگوڕی بۆ پەیوەندییەكانیان، جارێكی تر پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەڵبژاردن توشی ململانێ‌و شەڕی میدیایی دەبنەوە‌و چارەنوسی هەڵبژاردنیش دەكەوێتە تونێلێكی نادیاری ترەوە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

بنبەستی گفتوگۆكان  
لەكاتێكدا مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتیی لە كۆبونەوەدا بوون، فراكسیۆنی پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوایكرد بۆ دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان، دوو بڕگە بۆ بەرنامەی كار زیاد بكرێت، بەمشێوەیە: 
•    كاراكردنەوەی كۆمسیۆن هەڵبژاردن‌و راپرسی كوردستان
•    هەمواری یاسای هەڵبژاردن
دوای كۆنگرەكەی فراكسیۆنی پارتی، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پارتی‌و مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان لەسەر پشكی پێكهاتەكان ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كرد بۆ زیادكردنی بڕگەیەك بۆ دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان، بڕگە زیادكراوەكە بریتییە لە (كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن).
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی یەكێتیی ئیمزای لەسەر زیادكردنی ئەو بڕگەیە بۆ دانیشتنی سبەینێ نەكرد، دواتریش فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا دەڵێ:" پارتی بە بەكارهێنانی نوێنەری بەناو پێكهاتەكان، لە هەنگاوێكی تاك لایەنەی نایاسایی، بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێ زیادكردووە". 
فراكسیۆنی یەكێتیی زیادكردنی ئەم بڕگەیە بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەینێ بە ناپەیڕەوی ناودەبات، بۆ ئەمەش بەڵگە بە ماددەی (48)ی بڕگەی (4) لە پەیرەوی ناخۆی پەرلەمانی كوردستان دەهێنێتەوە كە باسلەوە دەكات بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمان دەبێت (24) كاتژمێری تەواو بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەكان رابگەیەندرێت. 
جگە لە لایەنی یاسایی بڕیاری زیادكردنی بڕگەیەكە، یەكێتیی ئاماژە بە رێككەوتنێكی خۆی لەگەڵ پارتی دەكات، كە تێیدا هەردوولا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن هاوتەریب‌و پێكەوە بكرێن. 
پارتی‌و یەكێتیی لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێشتر رێككەوتنیان كردووە، رێككەوتنەكە بەوشێوەیە كۆمسیۆن وەكو خۆی كارابكرێتەوە‌و شوێنی ئەو كەسانە پڕبكرێتەوە كە بەهۆی وازهێنان یاخود مردنەوە لەناو ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا نەماون، بەڵام لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن ناكۆكن، كرۆكی ناكۆكییەكانیش پەیوەندی بە (11) كورسییەكەی (كۆتا)ی پێكهاتەكانەوە هەیە، یەكێتیی داوا دەكات 4 كورسی كۆتای پێكهاتەكان بدرێت بە سنوری سلێمانی (2 كورسی توركمان بۆ كفری‌و 2 كورسی مەسیحی بۆ كۆیە)، پارتی بەمە رازی نییە، بەمدواییە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نێوەندگیری هاتە ناو دانوستانەكانەوە، پێشنیازی 2 كورسی پێكهاتەكانی كرد بۆ سلێمانی (1 كورسی توركمان‌و 1 كورسی مەسیحی)، بەڵام نە یەكێتیی‌و نە پارتیش بە پێشنیازەكەی یۆنامی رازی نەبوو. ئێستا یەكێتیی دەیەوێت لانی كەم (3) كورسی پێكهاتەكان بۆ سلێمانی تەرخان بكرێت، پارتیش بەمە قایل نییە‌و گفتوگۆكان بە بنبەست گەیشتوون. 
بزوتنەوەی گۆڕانیش كە ئێستا سێیەم گەورە فراكسیۆنی ناو پەرلەمانی كوردستانە، هاوڕای یەكێتییە‌و دەڵێ دەبێت كاراكردنەوەی كۆمسیۆن‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن هاوتەریبی یەكتر بڕۆن بەڕێوە. 

هەفتەی هەنگوینی كۆتایی هات !
 دوای تەنیا هەفتەیەك لە ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتیی‌و گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، پرسی هەڵبژاردن خەریكە دۆخەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. 
فراكسیۆنی یەكێتیی لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێ:" جارێكی تر پارتی نوێنەری بەناو پێكهاتەكانی لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەكارهێناوە بۆ واژۆكردن لەسەر  بابەتێكی ناپەیرەوی.. بۆیە ئۆباڵی لێكەوتەكانی ئەم هەنگاوە دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی". 
رۆژی هەینی رابردوو، دوای ماوەیەك راوەستانی دانوستانەكانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە بەهۆی ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتیی لە حكومەت، جارێكی تر هەردوو حزب لەناو تەلاری پەرلەمان سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن كۆبونەوە. 
سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی‌و یەكێتیی ئامادەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بوون، لەم دانیشتنەدا یەكێتیی پێشنیازێكی نوێی سەبارەت بە كورسی كۆتای پێكهاتەكان خستەڕوو، كرۆكی پێشنیازەكە ئەوە بوو، هەر (111) كورسییەكەی پەرلەمان دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، واتە ئەو 4 بازنەی هەڵبژاردن كە پێشتر هەردوو حزبەكە رێككەوتنیان لەسەر كردووە (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە). 
ئەم پێشنیازەی یەكێتیی، جارێكی تر پارتی توشی دوودڵی كرد سەبارەت بە چارەنوسی هەڵبژاردن. 
ئەمڕۆش كە مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبەكە لە هەولێر كۆبونەوە، پارتی گەیشتە حاڵەتی بێئومێدیی، بەتایبەتیش كە وەفدی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی جارێكی تر جەختیان لەسەر دابەشكردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان كردوەتەوە، وەفدی پارتی ئەم جەختكردنەوەی یەكێتییان وەكو هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لێكداوەتەوە، بۆیە پارتی بەشێوەی تاكلایەنە‌و بێ یەكێتیی بڕیاریداوە هەنگاوەكانی بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەستپێبكات، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت پارتی دەیەوێت چیتر چاوەڕوانی دانوستان نەبێت لەگەڵ یەكێتیی‌و بە پشتبەستن بەو زۆرینەی كە لەناو پەرلەمان هەیەتی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا بكاتەوە. 

پارتی بۆچی پەلەیەتی ؟
بڕیار بوو رۆژی 3ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە رابگەیەنێت كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون، بەڵام رۆژێك بەر لە وادەی راگەیاندنی بڕیارەكە، یەكێتیی تیمێكی خۆی ناردە بەغدادو سێ سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم تۆماركرد. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە سكاڵاكەیدا سەبارەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم، یەكێتیی داوا لە دادگای فیدراڵی دەكات ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن هەڵوەشێنێتەوەو فه‌رمانێكی (ولائی- سالاری)شی بۆ ده‌ربكات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانرێت هیچ ده‌سكارییه‌كی بكرێت تا ئه‌وكاته‌ی سكاڵاكه‌ یه‌كلاده‌بێته‌وه‌، دادگای فیدراڵی ده‌ركردنی فه‌رمانی ولائی بۆ سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی له‌باره‌ی كۆمسیۆنه‌وه‌ ره‌تكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ستی پارتی كرده‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانی بۆ كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ستپێبكات.  
بەهۆی سكاڵاكانی یەكێتییەوە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رانەگەیاند‌و سەرلەنوێ دەرگای دادبینی كردەوە.
پارتی ئاگاداری كرۆكی سكاڵاكانی یەكێتییە لە دادگای فیدراڵی سەبارەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، هەروەك ئاگادارە لەوەی چەند رۆژی رابردوو دادوەرەكەی یەكێتیی پۆستی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقی وەرگرتووە، بۆیە دەیەوێت بەر لە دەرچوونی هەر بڕیارێك لە دادگای فیدراڵییەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان یاخود چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بەو زۆرینەی كە لە پەرلەمانی كوردستان هەیەتی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كارا بكاتەوە، بەمەش رێگە لە یەكێتیی دەگرێت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن پەنا بۆ كۆمسیۆنەكەی عێراق ببات. 
رەنگە ئەمانە هۆكاری ئەو نەرمییە بن كە دوای شەش مانگ دابڕن‌و شەڕی میدیایی، مەسرور بارزانی قایل بوو بە وەرەقەی دارایی یەكێتیی‌و گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو حكومەت. 
پارتی پێیوایە پێگەی خۆی لە هەڵبژاردنی داهاتوو مسۆگەر كردووە‌و دەیەوێت لەم دۆخەی ئێستادا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بۆیە هەموو نەرمییەكی نیشانداوە تەنیا لەپێناو ئەوەی یەكێتیی رابكێشێتە ناو هەڵبژاردنێكی نوێ‌و لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەكە جارێكی تر هاوكێشەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان نوێ بكاتەوە. 
لەبەرامبەردا یەكێتیی كە هێشتا لە كێشەكانی دوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021 رزگاری نەبووە، خوازیارە كۆنگرەیەكی نوێ بكات‌و كێشەی خاوەندارێتی حزبەكە كۆتایی پێبهێنێت بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە (لاهور شێخ جەنگیی)ەوە، دوای ئەمە بچێنە ناو هەڵبژاردنەوە. 
سەردانی باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا توانی تیمی یەكێتیی بگەڕێنێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام پێناچێت بتوانێت هەردوو حزبەكە لەسەر هەڵبژاردن بەو خێراییە بگەیەنێتە رێككەوتن. 

هەڵبژاردن دەكرێت ؟ 
بەم دۆخەوە تادێت ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەی كە دیاری كراوە، گەورە تر دەبێت. 
یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە، ئەگەر سبەینێ پارتی بە زۆرینەو بەبێ یەكێتیی‌و لایەنەكانی تر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە كارابكاتەوە، یەكێتیی لە پەرلەمان بكشێتەوە‌و رێگری لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بكات لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی، سەرلەنوێ جەنگی میدیایی لەنێوان هەردوو حزبەكە دەستپێبكات‌و یەكتری تۆمەتبار بكەن بە دروستكردنی بەربەست بۆ هەڵبژاردن. 
سیناریۆی دووەمیش ئەوەیە، بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، هەردوو حزب بە نێوەندگیری دەرەكیی بگەنە رێككەوتن لەسەر یاسای هەڵبژاردن‌و دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان. 
رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە، لەو وادەی كە سەرۆكی هەرێم دیاریكردبوو، هەڵبژاردن نەكرا، بەوهۆیەوە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022 وادەی یاسایی كۆتایی هات، تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكردەوە. 
درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەلایەن فراكسیۆنەكانی (پارتی+ یەكێتیی+ بزوتنەوەی گۆڕان+ پێكهاتەكان) بەهانەكەی ئەوە بوو رێككەوتن لەسەر هەڵبژاردن بكرێت، بۆ ئەمەش سەرۆكی هەرێمی بۆ جاری دووەم وادەیەكی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دیاریكردەوە، وادەی دووەمی هەڵبژاردن رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە، بەڵام تائێستا رێككەوتن لەسەر سازدانی هەڵبژاردن نەكراوە. 
سازدانی هەڵبژاردن پێویستە بەماوەی (6) مانگ ئامادەكاریی هەیە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمەوە، ئێستا بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتییەوە كۆمسیۆن كەمتر لە (6) مانگ كاتی لەبەردەستدا ماوە، ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك لە كۆمسیارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن باسلەوە دەكەن تەنانەت ماوەی شەش مانگیشە كەمە بۆ ئامادەكاریی، چونكە بەوتەی ئەوان ئەمجارە وەكو ئەوەی پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتنیان لەسەر كردووە هەڵبژاردن بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەدەچێت‌و ئەمە شێوازێكە كە ئەوان ئەزمونیان تێیدا نییە‌و پێویستیان بەكاتی زیاتر هەیە. 
لەناو ئەم كێشمەكێشەدا، هەندێك لەوانەی ئاگاداری دانوستانەكانن پێشبینی دەكەن بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن لە كوردستان دوابكەوێت‌و بۆ ماوەی یەك وەرزی تر تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژبكرێتەوە‌و هەڵبژاردنەكە بخرێتە بەهاری ساڵی داهاتووەوە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand