Draw Media

لێكەوتەكانی پەشیمانیی چوارچێوەی شیعی لەرێككەوتنەكەیان لەگەڵ سوننەكان

لێكەوتەكانی پەشیمانیی چوارچێوەی شیعی لەرێككەوتنەكەیان لەگەڵ سوننەكان

2023-05-20 08:24:04


یاسین تەها- خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاكان، هەروەها شارەزا لە كاروباری عێراق

دەسپێك

ڕێككەوتنی هێزەكانی چوارچێوەی شیعی لەگەڵ دوو هێزە حوكمڕانەكەی هەرێمی كوردستان‌و هاوپەیمانیی سیادەی سوننە (خەنجەرو حەلبوسی)، بەشێك بوو لە پێداویستییەكانی تێپەڕاندن‌و خستنەسەرپێی حكومەتی "چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی" بە سەرۆكایەتیی "محەمەد شیاع سودانی" لە كۆتایییەكانی ئۆكتۆبەری 2022، پاش ئەوەی توانییان سەدر بخەنە دۆخێكەوە كە لە پرۆسەی سیاسی بكشێتەوەو گۆڕەپانەكەیان بۆ چۆڵ بكات‌و دەستبەرداری حكومەتی زۆرینە بێت لە دەرەنجامی شەڕی خوێناویی لایەنگرانی‌و چەكدارە شیعەكان لە ناوچەی سەوزی بەغدا (كۆتاییی ئابی 2022). ئەم ڕێككەوتنانە كە بە پاكێجی جیاجیا كراون، دواتر بوونە هەوێنی دروستكردنی هاوپەیمانیی هەمەچەشنی "ئیدارەی دەوڵەت" بۆ زۆرینەی هێزە سیاسی‌و پەرلەمانییەكانی هەرسێ پێكهاتەكە (شیعە، سوننە، كورد). هەندێك لە بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتنانەیش بەدەق خراونەتە بەرنامەی كاری حكومەت‌و هەندێكی تریان خشتەی كاتییان بۆ دانراوە؛ بەڵام پاش تێپەڕبوونی شەش مانگ لە تەمەنی حكومەت، ئێستا هەندێك لە لایەنە سەرەكییەكانی ناو چوارچێوەی شیعە، پەشیمانن لەو گفت‌و بەڵێنانەی داویانە بە هێزە سوننەكان‌و بەنیازن جێبەجێی نەكەن. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی هۆكاری ئەو پەشیمانییەو لێكەوتەكانی لەسەر پرۆسەی سیاسی‌و لەوانەیش پەیوەندی‌و مامەڵەی شیعە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەڵوێستە دەكات.

مەرج‌و داواكارییەكانی نوێنەرانی سوننە
هاوپەیمانیی سیادەی سوننە كە لە یەكگرتنی پەرلەمانتارەكانی خەمیس خەنجەر (14 كورسی)و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان (39 كورسی) پێكدێت‌و لەگەڵ نوێنەرە سوننەكانی تر دەگەنە 71 كورسی([1])، بەر لەوەی توشی جیابوونەوەو ناكۆكیی ناوخۆییی توند ببنەوە، كۆمەڵێك داواكاری‌و پێشمەرجی هاوبەشیان هەبوو لە دەسپێكی پێكهێنانی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی (ئۆكتۆبەری 2022). ئەم داواكارییانەیش كە كرانە مەرجی بەشداری لە حكومەت، زەقترینیان بریتی بوون لە: ئاشكراكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنەكانی ناوچە سوننەكان، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان، قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی پرۆسە سەربازییەكان، كۆتاییهێنان بە دۆسیەی لێپرسینەوەو دادگەری (ڕیشەكێشكردنی بەعس)، كە وەك شمشێرێك خراوەتە سەر گەردنی كەسایەتی‌و فیگەرەكانی سوننە، هەروەها دەركردنی لێبوردنی گشتی بۆ هەموو ئەو كەسانەی بێتاوانن لە زیندانەكانی عێراق ([2]) كە بەشی زۆریان سوننەن‌و بەپێی ماددەی 4ی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر حوكم دراون. ئەم مەرج‌و داواكارییانەیش بەشێك بوون لە هەڵمەت‌و گفتی هێزە سیاسییە سوننەكان لە پارێزگاكانی خۆیان لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021؛ سەرجەمیشیان گرنگیی زۆریان هەیە بە لای بنكە جەماوەرییەكانی سوننەوە. جگە لەم مەرجانەیشی كە سەرەكین، هێزە سوننەكان خوازیارو پێداگری ئەوەیش بوون بڵاوبوونەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شارو بنكە سوننەكان كۆتاییی پێ بهێنرێت كە هەندێك بە "داگیركردن" ناوی دەبەن‌و لە پاش كۆنترۆڵكردنەوەیان لە دەستی داعش (2014_2017)، بووەتە ئەمری واقع‌و بەم هۆیەیشەوە هەندێك شار بوونەتە محەڕەمە لە سوننەكان وەك "جرف الصخر"و عۆجەو "العویصات"و هەندێك ناوچەی تری شارەكانی تری سەڵاحەددین‌و ئەنبارو نەینەواو دیالە ([3]).
هەر پەیوەست بە داواكارییەكانی سەرەوە، هێزە سوننەكان هەندێك داواكاریی تریان لە دانوستانەكاندا زەق كردووەتەوە لەگەڵ شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە لە هەموو كابینەكانی پێشوودا هەیانبووە، لەوانەیش: هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كە بووەتە پاساوی دەستگیركردنی هەزاران كەس لەناوچە سوننەنشینەكان لەسەر بنەمای سكاڵای قینلەدڵانە، هەروەها لەژێر ناونیشانی قەرەبوو و ئاوەدانكردنەوەیشدا چاویان لەسەر بوودجەی تایبەت بوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگا وێرانەكانی جەنگی داعش ([4]) كە سودی دارایی‌و سیاسییشی تێدایە بۆ هێزە سیاسییە سوننەكان. 

هەر بەپێی ئەو دزەكردنانەیشی هەن، جگە لە هەموو ئەو خواست‌و مەرجانەی سەرەوە، ڕێككەوتنی هێزە سوننەكان لەگەڵ چوارچێوەی شیعی لەناو بازنەی هاوپەیمانیی "ئیدارەی دەوڵەت"، چەند شتێكی تری بۆ زیاد كراوە، لەوانەیش هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەمنی بۆ هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەی لە چنگی داعش ڕزگار كراون؛ لەمەیش هەستیارتر شمولكردنی بێسەروشوێنكراوەكانی سوننەیە بە یاسای قوربانیانی تیرۆر. ئەو كاتەیشی كە هێزە سوننەكان ئەم مەرجانەیان دەخستە بەردەم لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، شیعەكان پێویستیی زۆریان بە ڕێككەوتن هەبوو لەگەڵ كوردو سوننە بۆ ئەوەی كۆتایی بە "بنبەستی سیاسی" بهێنن‌و بەخێرایی بۆشایی سەدر پڕ بكەنەوەو ڕكابەرەكەیان بخەنە گۆشەیەكی تەنیاو ئیحراجەوە. هەر لەبەر  ئەمەیش بەخێرایی‌و بەزارەكی ڕازی بوون لەسەر داواكارییەكانی سوننەو، كردیانە گفت لەسەر خۆیان، لەوانەیش: هەمواركردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی، دورخستنەوەی هێزەكانی حەشد لە شارەكان‌و جێگرتنەوەیان بە سوپاو، تەرخانكردنی بودجە بۆ ئەو ناوچە سوننانەی كە لە جەنگی داعشدا وێران بووبوون ([5]). لەبارەی هەندێكی تر لەو داواكارییانەوە، محەمەد سودانی لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، كە هەندێك لەوانە "داواكارییەك نین جێبەجێكردنیان مەحاڵ بێت." ([6])

سڕكردنی داواكانی سوننەو هەڵوێستی هێزە شیعەكان
پاش پێكهێنانی حكومەتی سودانی (27ی ئۆكتۆبەری 2022)و تێپەڕبوونی زیاتر لە 100 ڕۆژ بەسەر دەستبەكاربوونیدا، وردە وردە سڕكردن‌و فەرامۆشكردنی داواكاری‌و پێشمەرجەكانی نوێنەرانی هێزە سوننەكانی بەشدار لە هاوپەیمانیی "ئیدارەی دەوڵەت" دەستیپێكردو دەركەوت؛ كێشەكەیش ئەو كاتە، بوو بە جێگەی باس‌و خواس كە كۆمەڵێك كەسایەتیی سیاسی‌و پەرلەمانتاری سوننە ئاماژەیان بەوەدا پابەندی بە جێبەجێكردنی هەندێك دۆسیەوە نییەو هیچ گەرەنتییەكیش لە ڕێككەوتنەكەدا نییە لایەنی بەرامبەر (چوارچێوەی شیعی) پابەند بكات بە جێبەجێكردنیان ([7]). هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا هەندێك لایەنی شیعەی ناو هاوپەیمانییەكەیش بەئاشكرا كەوتنە دروستكردنی بەربەست‌و، هەڕەشەی ڕاگرتن‌و پەكخستنی ڕێككەوتنەكەیان كرد لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی سوننە، لە كاتێكدا كەمتر بە لای ڕێككەوتنی شیعەو لایەنە كوردییەكاندا دەچن‌و ئەوە بە كێشەی زۆر گەورە نابینن، بەپێچەوانەی سەردەمی كازمی (2020_2022)و پێشتریش هی عەبادییەوە (2014_2018) ([8]). لەم نێوەیشدا ئەمینداری بزوتنەوەی عەسایب قەیس خەزعەلی كە حزبەكەی یەكێك لە كۆڵەكە ڕاگرەكانی كابینەی سودانییە لەناو چوارچێوەی شیعی، نزیكەی شەش مانگ پاش پێكهێنانی حكومەت نەیشاردەوە كە، ڕاستە هەندێك لە بڕگەكانی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ سوننە "نیشتمانین" بەڵام هەندێكی تریان "ناواقعین"! لە خستنەڕووی وردەكارییەكانیشدا جەختی لەوە كردەوە هیچ بەنیاز نین یاسایەكی تایبەت بە لێبوردنی گشتی دەربكەن بۆ گیراوەكان‌و، تەنیا بڕگەیەك لە یاسای پێشوو بە هاوكاریی ئەنجومەنی دادوەری هەموار دەكەنەوە.
سەبارەت بەوانەیشی بێسەروشوێنن وتی: "هەندێكیان لەگەڵ داعش ڕۆیشتوون"و جەختی كردەوە كە شیعەكان بێسەروشوێنیان زیاترە لە سوننەكان. بۆ ئاوارەكانیش پێداگریی كرد "پێویستە تێوەگلاوەكان لە بێتاوانەكان جیا بكرێنەوە." هەروەها مانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شارەكانی سوننەنشین بە "پێویست‌و ئەركێكی ئەمنی-سەربازی" دایە قەڵەم. بۆ پرسی "لێپرسینەوەو دادگەری"یش كە "ڕیشەكێشكردنی بەعس"ی جارانە، سوننەكانی بێهیوا كردو وتی "هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیە، نادەستوورییە." ([9]) ئەگەرچی تەنیا خەزعەلی بەزەقی‌و ئاشكرا ئەم داواكارییانەی سوننە ڕەتدەكاتەوە، بەڵام هیچ لە هاوتا شیعەكانی قسەكانی ڕەتناكەنەوەو لەسەر هەندێكیشیان نیمچە كۆدەنگییان هەیە لە چەشنی هێشتنەوەی "لێپرسینەوەو دادگەری"و، سەركردەو ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانن لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیەی تایبەتە بە ڕیشەكێشكردنی بەعسییەكان‌و، هۆشدارییان دا كە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی "گەڕانەوەی حزبی بەعس بۆ عێراق" ([10])؛ هەر ئەمەیش وایكرد ئەو هەنگاوانەی محەمەد شیاع سودانی پەكیان بكەوێت كە كۆتاییی 2022 بڕیاری لێدا بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەزگەكەو گواستنەوەی دۆسیەكانی بۆ دادگەكان لەڕێگەی گواستنەوەی ئەرشیف‌و دۆسییەكانی بۆ دەزگەی دادوەری تا ئەم پرسە ببێتە یاسایی‌و لە ڕێكای ئیداری‌و سیاسی دوربخرێتەوەو هەر كەس سكاڵای لە بەعسییەكانی پێشوو هەیە، پەنا بۆ دادگە ببات ([11]).
هەندێك لایەنی تری شیعە لەبری دژایەتیی ڕاستەوخۆی مەرج‌و داواكارییە پەسەندكراوەكانی سوننە، پاساوی تر دەهێننەوەو باس لەوە دەكەن، مەبەستیانە "تیرۆریستان" سودمەند نەبن لە یاسای لێبوردنی گشتی‌و پێویستیان بە وردبینی‌و  لێكۆڵینەوەی زیاترە ([12]). سەبارەت بە ئاوارەكانیش هیچ هەنگاوێكی كردەیی‌و جددی نابینرێت بۆ گێڕانەوەیان بۆ جێگەی خۆیان، بەتایبەت لەو شارۆچكانەی دەوروبەری بەغدا كە ئاوەدانكردنەوەیان ڤیتۆی لایەنە شیعەكانی لەسەرە. بەم پێیەیش سەرەكیترین بەش كە تائێستا لە ڕێككەوتنی چوارچێوەی شیعی‌و هێزە سوننەكان جێبەجێ كرابێت، زیاتر پێدانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و دابەشكردنی وەزارەتەكانە؛ لە دەرەوەی ئەوانەیش داواكارییەكانی تر بەهەڵپەسێردراوی‌و لەناو گێژاودا ماونەتەوەو ئەمەیش شەرمەزاریی زۆری بۆ فراكسیۆنە سوننەكان لە بەرامبەر جەماوەرەكەیان دروست كردووە ([13]).

هۆكاری پەشیمانبوونەوەی هێزە شیعەكان
بۆچوونێكی زاڵ هەیە پێیوایە لایەنە سوننەكان دڵنیابوون لەوەی شیعەكان داواكارییەكانیان جێبەجێ ناكەن، بەڵام بۆ فریودانی ڕایگشتیی خۆیان وایان پیشان داوە كە ڕێككەوتنیان كردووەو چاوەڕوانی ئەنجامن ([14]). لایەنگرانی ئەم بۆچوونە بەرنامەی كاری حكومەتەكانی پێشووی پاش 2005 بەنموونە دەهێننەوە كە سەرجەمیان ئەو گفتانەیان بە ناوچە سوننەكان داوە بەبێ ئەوەی بتوانن یان بیانەوێت جێبەجێی بكەن؛ لە ئێستایشدا كە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە، تا كۆتایی 2023 لایەنە شیعە حوكمڕانەكان ناچن كۆمەڵێك دەستكەوت ببەخشنە ڕكابەرە سوننەكانیان‌و بەهێزیان ناكەن لەڕێگەی جێبەجێكردنی مەرج‌و داواكارییەكانیانەوە ([15])، بەتایبەت كە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، خۆیشیان ناكۆكی‌و دووبەرەكییان تێ كەوتووەو هیچ لایەكیان ناچنە ژێرباری ڕیسكی نەرمكێشی بۆ هێزە سوننەكان. 
بەڵام بۆچوونێكی تر هەیە خۆدزینەوەی هێزە شیعەكان لە جێبەجێكردنی داواكاریی ناوچە سوننەكان پەیوەست دەكاتەوە بەوەی ئەوان خاوەن هەرێمێكی دەستووری نین لە شێوەی هەرێمی كوردستان تا بتوانن كێبركێی هاوتایی لەگەڵ شیعەكان بكەن، هەروەها پاڵپشتی‌و كۆمەكی دەرەكییشیان كەمە. ئەمەیش وا دەكات هەڵوێستیان بەرامبەر شیعەكان لاواز بێت، بەتایبەت كە ئەوان خزێنراونەتە ناو شوناسێكی مەزهەبیی دابڕێنراو لە شوناسە نەتەوەیییەكەیان كە خاڵی هاوبەشیانە لەگەڵ شیعە؛ بەهۆی عەرەببوونیشەوە ناتوانن ببنە تەواوكەرو بەشێك لە هەرێمی كوردستان. بەم هۆیەیشەوە بە كەمایەتییەك‌و ئەڵقەیەكی لاواز لەناو هاوكێشەیەكی ئاڵۆزدا ماونەتەوە كە بریتییە لە زۆرینەیەكی مەزهەبی (شیعە) بەرامبەر دوو كەمینە (سوننەو كورد). یەكێك لەو كەمینانەیش مافی فیدراڵی‌و گەرەنتیی دەستوری‌و جوگرافیای تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام ئەوی دیكەیان (سوننە) نییەتی‌و، بەم هۆیەوە بەگەمارۆدراوی‌و لەناو قەیراندا ماوەتەوە ([16])و؛ هەر ئەمەیش وایكردووە پەراوێزی جموجۆڵ‌و یاریكردنی بەرتەسك بێت. بۆ نموونە ئەو كاتەی حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، مۆڵەتی دوو هەفتەی بە خۆی بەخشی لە 30ی ئازاری 2023و بایكۆتی دانیشتنەكانی بودجەی كرد، ئەوجا حكومەتی سودانی هەندێك جموجۆڵی سنورداری كرد بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی نوێنەرانی سوننە ([17])، بەتایبەت لەبواری یاسای لێبوردنی گشتی‌و، لە گفتی دەركردنی لێبوردنی گشتییەوە هاتە سەر خستنەڕووی ڕەشنووسێكی كۆنی نیوەچڵی پرۆژەیاسایەك ([18]) كە هێشتا ڕوون نییە تێدەپەڕێت یان نا.
لەناوخۆی شیعەكاندا جێبەجێكردنی خواستەكانی هێزەكانی سوننە كێشەی زۆری بەدوادا دێت، بۆ نموونە كشاندنەوەی هێزەكانی حەشد، بە نەرمكێشی‌و بەفیڕۆدانی خوێنی قوربانییەكانی ئەم هێزانە لێكدەدرێتەوە، بەتایبەت سەردەمێك هەندێك لەو شارە سوننانە لە چەشنی "جرف الصخر" لە بابل‌و ناوچەكانی پشتێنەی بەغدا سەرچاوەی كێشەو ناسەقامگیریی ناوچە شیعەكان‌و هەناردەكردنی بۆمب‌و ئۆتۆمبێلی خۆكوژ بوون. هەندێك لەو شارانەیش تاوانی گەورەیان خراوەتە ئەستۆ لە چەشنی عۆجەی نزیك لە بنكەی سەربازیی سپایكەر كە دەوروبەری هەزار گەنجی شیعەی تێدا كۆمەڵكوژ كرا (حوزەیرانی 2014). داواكارییەكانی تری وەك ئاشكراكردنی بێسەروشوێنەكان لێكەوتەی جینائی‌و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی هەیە كە هیچ كەس‌و لایەنێك ناچێتە ژێری بارێكی وەها قورسەوە. بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانیش قەیرانەكە لە داگیركردنی گوندو ناوچەكانیان گەورەترەو، ئەوانە بوونەتە كەرەستەی موزایەدەی سیاسی.
بەهۆی ئەوەیشی ئیرادەیەكی سیاسیی گەورە نابینرێت كە پاكتاوی ئەم دۆسیە كەڵەكەبووە هەستیارانەی نێوان شیعەو سوننە بكات‌و دۆخی هەرێمایەتیی ناوچەكەیش شڵۆقەو ئەمریكییەكان وەك جاران سەرپەرشتیی وردەكاریی دۆسیەی عێراق ناكەن، سەرجەم دۆسییەكانی نێوان هێزە شیعەكان‌و سوننەكان لە گێژاودا ماوەتەوە، جیاواز لە پرسە كەڵەكەبووەكانی نێوان بەغداو هەرێم كە هەندێك بەرەوپێشچوون بەخۆیانەوە دەبینن، بەتایبەت لە دۆسیەكانی نەوت‌و بودجەو پڕكردنەوەی بۆشایییە ئەمنییەكانی نێوان هەرێم‌و سنورەكانی دیالەو كەركوك‌و نەینەوا.

لێكەوتەی ناكۆكییەكانی هێزە شیعەو سوننەكان لەسەر هەرێم
لەناو هێزە سوننەكان ناوبەناو گلەیی‌و گازندە هەیە كە سڕكردنی داواكارییەكانیان لە كاتێكدایە كە حكومەتی سودانی بەڕووی داواكارییە كوردییەكان كراوەیە. لە لێكدانەوەی هۆكاری ئەمەیشدا تەنانەت هەندێك لایەنی پەڕگیری شیعە نایشارنەوە، ئەوان تائێستا بەدیل‌و جێگرەوەیەكیان نییە بۆ هاوپەیمانێتیی شیعەو كورد لەناو پرۆسەی سیاسی ([19])؛ بەو واتایەی هاوكێشە نوێیەكەی سەردەمی سودانی هاوشێوەی هاوكێشەكەی پاش 2003 دەبێت، كە شیعەكان بە ڕازیكردنی هەرێمی كوردستان حوكمڕانیی خۆیان لەبەرچاوی دنیای دەرەوە بە فرەچەشن‌و بنكەفراوان وێنا دەكەن. هەر لەم نێوەیشدا هەندێك زانیاریی تر باس لەوە دەكەن محەمەد شیاع سودانی‌و سەرۆكایەتیی هەرێم، كاریان كردووە بۆ ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە دۆسیەكانی هەرێم، بەتایبەت نەوت‌و بودجە، نەرمی بنوێنێت؛ لەبەرامبەریشدا هەرێمی كوردستان هاوكاریی حكومەتی سودانی بكات بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە ئەوروپییەكانی، بەتایبەت لە ڕێگەی فەڕەنساوە ([20]). ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو وێنە باوەی هەیە كە حكومەتی سودانی تەنیا هی شیعەو پاشكۆی سیاسەتەكانی ئێرانە، كاڵ ببێتەوەو بەدەردی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی نەڕوات (2018_2020).
ئەو بەدەنگەوەهاتنەی شیعەكان بۆ هەندێك پرسی كوردی‌و فەرامۆشكردنی سوننەكان لە هەمان كاتدا، دەكرێت ئاماژە بێت بۆ ئەوەی كە چوارچێوەی شیعەی حوكمڕان ئەمەیان پێ باشترە لەوەی بچنە ژێر باری خواستەكانی سوننە كە جگە لەوەی لە ئێستادا زۆر پەرتەوازەو پەرشوبڵاو و دژبەیەكن، كارتی گوشاری بەهێزیشیان نییەو سەرۆكی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی كە دەركەوتووترین فیگەریانە لە ئێستادا خراوەتە ژێر گوشاری زۆرەوە. هەروەها خۆیشی نایشارێتەوە كە لە ئێستادا ئەمریكا بارودۆخی عێراق‌و ناوچەكەی وەك جاران لا مەبەست نییەو لە جێگەی تر سەرقاڵە (ئاسیاو ئۆكراینا) ([21]). ئەمەیش بە مانای لاوازبوون‌و نەمانی گوشارە ئەمریكییەكانە بۆ دروستكردنی باڵانس لە عێراق.

فەرامۆشكردنی هێزە سوننەكان لە عێراق ئەگەرچی لە بەرژەوەندیی كەیسەكانی هەرێمە لە مەودای نزیكداو شیعەكان ناچار دەكات لەبری لەدەستدانی پشتیوانیی زۆرینەی نوێنەرانی دوو پێكهاتە دەست بەوی تریانەوە بگرن، بەڵام لە دوورمەودادا زیانی ئەوەیشی هەیە عێراق نابێتە فرەچەشن لە ڕووی جەمسەرەكانی حوكمڕانی‌و، دەرفەتی بەفیدراڵیبوونی ڕاستەقینە زیاتر لەدەست دەدات لەڕێگەی دروستكردنی لامەركەزی‌و ئەگەری دروستبوونی هەرێمێكی ترەوە؛ ئیتر چ لە نەینەواو سەڵاحەددین بێت یان ئەنبارو ڕۆژاوای عێراق. بۆیە لێكەوتەی ئەم پەیوەندییەی هێزە شیعەكان‌و هێزە سوننەكان لەسەر كوردستان دوو سەرەیەو، لەلایەك باشەو لەلاكەی تر خراپ. لە دەرەوەی ئەوەیش سەركەوتنی زیاتر لەم پەراوێزخستن‌و بەڵێننەبردنەسەرە هانی لایەنە شیعە باڵادەستەكان دەدات كە پابەند نەبن بە ڕێككەوتن‌و گفتە سیاسییەكان‌و خۆیشیان بدزنەوە لە گەرەنتیدان‌و خۆپەیوەستكردن پێیانەوە لە داهاتوودا، بەتایبەت كە ئەمە خەریكە بەتەواوەتی دەبێتە شتێكی باو.  

پوختەو ڕاسپاردە
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە كە دەسەڵات‌و سێبەریان بەسەر 180 كورسیی ناوچە شیعەكانەوە هەیە، لە پاش ناچاركردنی سەدر بە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی (حوزەیرانی 2022)، هەروەها پێكدادانە خوێناوییەكانی ناوچەی سەوز لە (29ی ئابی 2022) زۆر مەبەستیان بوو كۆتایی بە بنبەستی سیاسی بهێنن‌و حكومەتی خۆیان بخەنە سەرپێ‌و سەردەمی تایبەت بە خۆیان دەستپێبكەن، لەم پێناوەیشدا دوو پاكێج مەرج‌و داواكاریی سوننەو دوو هێزە كوردییەكەیان پەسەندكرد (48 كورسی)؛ بەڵام پاش ڕەوینەوەی مەترسییەكان‌و متمانەوەرگرتنی حكومەت، خۆیان لە جێبەجێكردنی مەرج‌و داواكاریی سوننەكان دەدزنەوە، لە كاتێكدا لە ئاست داواكارییە كوردییەكان هەوڵ دەدەن جۆرێك لە نەرمی بنوێنن ئەگەرچی بەڕووكەشیش بێت. ئەمەیش بە جۆرێك لە جۆرەكان گەڕانەوەیە بۆ پڕەنسیپی هاوپەیمانیی شیعە _ كورد لە پاش 2003 كە دەستوری 2005و دابەشكردنی پۆستە سیادییەكانی لێكەوتەوە.
ئەزموونی هێزە سوننەكان لە پەرتەوازەیی‌و نەبوونی گەرەنتیی دەستوری‌و هەرێمیی تایبەت‌و لاوازبوونیان لە بەردەم پێكهاتەی شیعی، لە كاتێكدا دەشێت لە دەرەوەی عێراق (وڵاتانی عەرەبی) قوڵایی ستراتیژییان هەبێت، وانەو پەندێكی گرنگی تێدایە بۆ لایەنەكانی هەرێمی كوردستان كە هەر كات بچنە هەمان بارودۆخی سوننەوە، ئەگەری هەیە هەرێمیش بكەوێتە بەر هەمان دەرەنجام. بۆ ڕێگەگرتن لەمەیش جگە لە باشكردنی حوكمڕانی‌و ئاشتبوونەوە لەگەڵ جەماوەرو بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ، دەستگرتن بە دەستوری 2005و ڕێگەگرتن لە هەمواركردنی لەوكاتەی هەرێم لاوازە، دەشێت ببێتە لەمپەر لەبەردەم خواستی سەپاندنی ناوەندگەراییی شیعی لە عێراق، بەتایبەت كە مەترسیی ئەوەیش هەیە ئێران‌و توركیاو سوریا ببنە فاكتەری یارمەتیدەر بۆ هاتنەدیی ئەم خەونە لەمێژینەی شیعەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتیی عێراق.
 

([1])  https://bit.ly/41HdBPv

([2])  https://bit.ly/42Ii1Hd

([3])  https://bit.ly/41MMkLE

([4])  https://bit.ly/3MzsMpV

([5])  https://bit.ly/3WcxWvd

([6])  https://bit.ly/42IPeCj

([7])  https://bit.ly/458IzDe

([8])  https://bit.ly/454hqBo

([9])  https://bit.ly/42JAjrK

([10])  https://bit.ly/3pM6yI7

([11])  https://bit.ly/430ndpI

([12])  https://bit.ly/41MMkLE

([13]) https://bit.ly/454DbRv   

([14])  https://bit.ly/3OnqIlY

([15]) https://bit.ly/458IzDe   

([16]) https://bit.ly/41DoC4l   

([17])  https://bit.ly/3WcEDwY

([18])  https://bit.ly/3IjuwRw

([19])  https://bit.ly/42JAjrK

([20])  https://bit.ly/3pOJEzR

([21])  https://bit.ly/3MbnhfE

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand