Draw Media

چوار پەرلەمانتاری تر دەستیان لەكاركێشایەوە

چوار پەرلەمانتاری تر دەستیان لەكاركێشایەوە

2023-05-16 14:22:47


 درەو:
چوار ئەندامی تری پەرلەمانی كوردستان دەستیان لەكاركێشایەوە (ئاشنا عەبدوڵا، دابان محەمەد، شیرین ئەمین، دیاری ئەنوەر).
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) دوێنێ (دابان محەمەد و دیاری ئەنوەر) دەستلەكاركێشانەوەیان ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كردووەو ئەمڕۆش (ئاشنا عەبدوڵا) دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكردوو بڕیارە رۆژی یەكشەمەش (شیرین ئەمین) دەستلەكاركێشانەوە پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بكات.
ئەم چوار پەرلەمانتارە بەهۆی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان  لە 6/11/2022 لە پەرلەمانی كوردستان كشانەوەو بایكۆتی پەرلەمان و كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستانیانكرد.
(درەو) زانیویەتی دەسلەكاركێشانەوەی ئەم چوار پەرلەمانتارە كە سیانیان پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان  بوون و یەكێكیشیان پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ بووە،فراكسیۆنی گۆڕان بەردەوام چاوی لە دەستلەركاكێشانەوەیان بووە بۆ ئەوەی شوێنگرەوەیان بۆ دابنێت، (درەو) زانیویەتی بەردەوام فراكسیۆنی گۆڕان فشاریان لەسەرۆكایەتی پەرلەمانكردووە، بۆ ئەوەی شوێنگرەوەكانیان دیاریبكەن. 
لە دوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانەوە فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵ، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، چوار پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ) لە پەرلەمانی كوردستان كشانەوەو بایكۆتی پەرلەمان و دانیشتنەكانیان كرد، بەكۆی گشتی (22) پەرلەمانتارە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە بایكۆتی پەرلەمانیان كرد، تا ئێستا (18) پەرلەمانتاریان دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەركردووەو تەنیا (4) پەرلەمانتاریان دەمێنێت كە لەدەرەوەی پەرلەمان بن و دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشنەكردووە.
•    بڕیارە سبەینێ لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا دەستلەكاركێشانەوەی (7) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری بخرێتەوە دەنگدانەوە.
•     پێشتر دەستلەكاركێشانەوەی (5) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو پەسەندكرا، بزوتنەوەی ئیسلامیش شوێنگرەوەی بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكگرتووی پڕەوەكرد
•    هەریەك لە عەلی حەمە ساڵح و شایان عەسكەری دەستلەركاركێشانەوەیان پێشكەشكرد و پەسەندكران،  گۆڕان هەریەك لە (دلێر عەبدولخالق و سۆز عەبدولقادر)ی خستنە شوێنیان. 
•    لە ئێستاشدا چوار پەرلەمانتاری دیكە دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردووە، سیانیان لیستی گۆڕان شوێنگرەوەیان بۆ دادەنێت و یەكێكیشیان لیستی نەوەی نوێ شوێنگرەوەیان بۆ دادەنێت. 
•    لە ئێستادا تەنیا فراكسیۆنی نەوەی نوێ ماوە كە بایكۆتی پەرلەمانیان كردووەو لەدەرەوەی پەرلەمان ماونەتەوەو بەڵام بەفەرمی دەستیان لەكارنەكێشاوەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand