Draw Media

گۆڕان لە رێككەوتنەكەی پارتی‌و یەكێتیی نیگەرانە

گۆڕان لە رێككەوتنەكەی پارتی‌و یەكێتیی نیگەرانە

2023-05-14 13:48:34


 
(درەو): 
بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانە لە رێككەوتنەكەی پارتی‌و یەكێتیی، دانا عەبدولكەریم لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی حكومەتدا قسەی كرد، تیمی یەكێتیی وەڵامی داوەتەوە، مەسرور بارزانی كۆتایی بە مشتومڕەكان هێناو رێككەوتنەكەی كرد بە بڕیاری حكومەت، گۆڕان دەڵێ:" رێككەوتنەكە لەسەر حسابی دەسەڵاتەكانی وەزیری دارایی كراوە"، بەڵام وەزیری دارایی خۆی رازییە‌و دەڵێ" گرنگ نییە". 
دوای زیاتر لە (6) مانگ لە بایكۆتكردن، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران گەڕایەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت، تیمی یەكێتیش لەگەڵ قوباد تاڵەبانی گەڕایەوە. 
گەڕانەوەی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت، دوای رێككەوتنی هەریەكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران هات لەسەر بەڕێوەبردنی داهات‌و خەرجییەكانی هەرێم لەرێگەی لیژنەی وزارییەوە.
سەرباری ئەمە، سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی چیتر لەسەر بنەمای 47% بەرامبەر بە 53% لە پرسی پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچەدا مامەڵە نەكرێت‌و بابەتی موچە بكرێت بە "سیادی"، ئەمە یەكێك بوو لە خواستە سەرەكییەكانی یەكێتیی بۆ چارەسەری كورتهێنانی خەرجی موچە لە سلێمانی كە مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەرداوە. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە كە سەرۆكی تیمی بزوتنەوەی گۆڕانە لە حكومەت، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی حكومەتدا ناڕەزایەتی دەربڕیوە سەبارەت بە رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر پرسی داهات‌و خەرجییەكان‌و رایگەیاندووە، ئەم رێككەوتنە لەسەر حسابی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی وەزیری داراییە كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە. 
بەهەمان شێوەی دانا عەبدولكەریم، هەر لە تیمی وزاری گۆڕان، كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ناڕەزایەتی دەربڕیوە. 
ناڕەزایەتی تیمی گۆڕان لە رێككەوتنەكە، تیمی پارتی‌و یەكێتیی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران شۆك كردووە.
(درەو) زانیویەتی، دارا رەشید وەزیری پلاندانان لە تیمی یەكێتیی وەڵامی ناڕەزایەتییەكان تیمی گۆڕانی داوەتەوە‌و وتویەتی: پێشتریش وەزیری دارایی هەر دەسەڵاتی نەبووە، ئەگەر هەیبووە بۆچی ئەو هەموو كێشەیە روویداوە. 
وەزیرەكەی یەكێتیی رایگەیاندووە، هەر لایەنێك دژی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتیی بێت، دیارە دەیەوێت دوو ئیدارەیی سەرهەڵبداتەوە. 
مشتومڕی تیمی یەكێتیی‌و گۆڕان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی توڕەكردووە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی مشتومڕی هەردوولای راگرتووە‌و رایگەیاندووە: ئەو بابەتە یەكلابوەتەوە‌و بڕیاری لەسەر دراوە، بەمشێوەیە وەرەقە داراییەكەی یەكێتیی كردووە بە بڕیاری حكومەت. 
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایش بەپێچەوانەی نیگەرانی تیمی گۆڕانەوە رایگەیاندووە:" ئەو وردەكارییانە زۆر گرنگ نین، بابەتە گەورەكە گرنگە، بۆیە من كێشەم نییە".
واتا وەزیری دارایی ناڕازیی نەبووە لەوەی دەسەڵاتی كۆكردنەوەی داهات‌و خەرجكردن لەرێگەی لیژنەی وزاری هاوبەشەوە بێت.  
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتیی بەمشێوەیە: 
•    كێشەی ئەمنیی‌و كەیسی كوژرانی عەقید (هاوكار جاف) بدرێتە دەست دادگا‌و لیژنەی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتیی
•    كێشە حزبییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی بدرێتە دەست مەكتەبی سیاسی هەردوولا
•    كێشە دارایی‌و ئیدارییەكان‌و ئاڵوگۆڕی پۆستەكان لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا یەكلابكرێتەوە
بەپێی قسەی عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حكومەتدا:
•    پرسی كۆكردنەوەی داهات‌و خەرجییەكان‌و موچەی موچەخۆران‌و كێشە ئەمنییەكان تاوتوێ كراون‌و بڕیاری كۆتایی لێدراوە.
•    موچە دەبێتە سیادی‌و ئەولەویەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و وەزارەتی دارایی‌و ئابوری دەبێت‌و خەرجییەكانیش بە ڕەچاوكردنی رێژەی دانیشتوانی پارێزگاكان دەبێت‌و هەر گرفتێكی كورتهێنان هەبوو لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە چارەسەر دەكرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand