Draw Media

چاوپێكەوتنی بەرپرسی هۆبەی ئەمریکا لە دەزگای هەوالگری عێراق

 چاوپێكەوتنی بەرپرسی هۆبەی ئەمریکا لە دەزگای هەوالگری عێراق

2023-05-13 09:50:56


(درەو):
سالم جومەیلی، بەرپرسی هۆبەی ئەمریکا لە دەزگای هەوالگری عێراقی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بۆ رۆژنامەی (الشرق الاوسط):
🔹کاتێک سەدام حسێن لە زیندانی ئەمریکییەکان بوو، فرسەتیان بە دوو سەرکردەی دیاری عێراق دا سەدام ببینن، ئەوانیش مەسعود بارزانی و ئەیاد عەلاوی بوون، هەردوکیان دیدارەکەیان رەتکردەوە، مەسعود بارزانی وتی، دڵخۆشبوون بە کارەساتی خەڵک لە کاتی شکستدا لە سیفەتی پیاوان نییە، بە ئاشکرا بارزانی رایگەیاند، ئەمریکا نیزامی سەدامی روخاندووە نەک ئۆپسزیۆن.
 🔹ئێران لە داگیرکردنی عێراقدا کارئاسانی بۆ ئەمریکا کرد،ئێران لە رێگەی ئەحمەد چەلەبییەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان لێکتێگەیشتنی کردبوو، رێگەی بە فڕۆکە ئەمریکییەکاندا ئاسمانی ئێران بەکاربهێنن.
🔹هەواڵگری ئەمریکا نەیدەتوانی لەسلێمانی چەک و تەقەمەنی بگەیەنێتە جەلال تاڵەبانی، چونکە دەبوو لە رێگەی ئاسمانی (تورکیا، سوریا، ئێران) ئەم پرۆسەیە ئەنجامبدات، قاسم سلێمانی خۆی هەستا بەو کارەو چەکەکانی گەیاندە جەلال تاڵەبانی.
🔹ئێرانییەکان لە لایەکەوە کارئاسانییان بۆ داگیرکاری عێراق دەکرد و هاوکاتیش کارئاسانیان بۆ ئەبو موسعەب زەرقاوی کرد لە رێگەی خاکی وڵاتەکەیەوە بگاتە عێراق.
🔹لە نێوان سەدام حسێن و جەلال تاڵەبانی کەناڵێکی پەیوەندی هەبوو کە ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگری پەیوەندییەکەی رێکدەخست.
🔹کاتێک ئەندامانی گروپی قاعیدە لە ساڵی (2001) لە رێگەی ئێرانەوە هاتنە عێراق، جەلال تاڵەبانی نیگەران بوو کە قاعیدە پشتیوانی گروپی ئەنسارولئیسلامی کوردستان دەکات، گروپە توندڕەوەکان هێرشیان کردە سەر چەکدارانی یەکێتی نیشتمانی و (40) کەسیان لە یەکێتی کوشت، جەلال تاڵەبانی، داوای هاوکاری سەربازی و دارایی لە بەغداد کرد، هاوکارییەکانی بۆ دابینکرا، تاڵەبانی لە نامەیەکدا سوپاسی سەدام حسێن دەکات و لە نامەکەدا دەڵێت، "پەیمانی شەرەفی پیاوانەتان پێدەدەم ئەو چەکانە لە دژی رۆڵەکانی گەلی عێراق بەکارنەهێنین و دڕکێک بێت لە دژی دوژمنانی عێراق".
🔹پێش لەشکرکێشی ئەمریکا، ئێران پشتیوانی سەربازی تاڵەبانی دەکرد، سەدام پەیامێکی توندی بۆ تاڵەبانی نارد و بە "بەکرێگیراو" و "سیخوڕ" ناوی برد و لێی پرسی: کەی کۆتایی بە بەکرێگیراویی دەهێنیت؟ تاڵەبانی لە وەڵامدا وتی: ئەگەر بتوانم تۆ لاببەم، دەمکرد، بەڵام دەترسم بەدیلەکە لە تۆ خراپتر بێت، دەشزانم کێ لە حزبەکەی من لەگەڵ هەواڵگری عێراق کار دەکات، ناوەکانیشی دەستنیشان کرد و گوتی "بە ئاگاداری من لەگەڵ ئێوە کار دەکەن، تاڵەبانی بە ئەفسەرەکەی هەواڵگری وت بە سەدام بڵێ ئەو بەکرێگیراوە دەبێتە سەرۆککۆماری عێراق.
🔹سەدام حسێن روبەڕوبوونەوەیەکی توند و دورودرێژی لەگەڵ بارزانی هەبوو، بەڵام سەدام مەسعود بارزانی بە پاشکۆی دەوڵەتانی بیانی تۆمەتبار نەدەکرد، سەدام پێی وابوو مەسعود بارزانی پیاوێکە رێز لە قسەی خۆی دەگرێت، هەر لەبەر ئەوەش بوو کاتێک تاڵەبانی بە پشتیوانی ئێران هێرشی کردە سەر هەولێر سەدام هێزی بۆ پشتیوانی بارزانی نارد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand