پێگەی كورد لە قۆناغی داهاتووی توركیادا
2018-06-24 10:36:06
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
بەیانی ئەمڕۆ خەڵكی توركیا جارێكی تر رویان لە سندوقەكانی دەنگدان كردەوە و لە هەڵبژاردنێكی پێشوەختەدا سەرۆك و پەرلەمانێكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان هەڵدەبژێرن.
لەم هەڵبژاردنەدا 56 ملیۆن و 322 هەزار و 632 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەموو دەنگدەرێك دوو كارتی دەنگدان پڕدەكاتەوە كارتێك بۆ سەرۆكایەتی و كارتێك بۆ هەڵبژاردنی كاندیدە بۆ پڕكردنەوەی (600) كورسی پەرلەمان.
لەم هەڵبژاردنەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ (پێنج) كاندیددا ركابەرێتی بردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار دەكات، لەناویاندا سەلاحەدین دەمیرتاش كاندیدی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) و موحەڕەم ئینجە كاندیدی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە).
پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات جگە لە بردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەددا پارێزگاریش بكات لەو زۆرینەیەی كە لە پەرلەماندا هەیەتی.
ئەم هەڵبژاردنە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا یەكەمین هەڵبژاردنە كە ركابەرێتی تێیدا بەهێز بێت لە بنەڕەتەوە بڕیاربوو مانگی تشرینی دووەمی 2019 بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەردۆغان كردی بە هەڵبژاردنێكی پێشوەخت.
خەڵكی توركیا لەكاتێكدا روو لە سندوقەكانی دەنگدان دەكەن كە هێشتا ئەو وڵاتە لەژێر یاسای باری نائاسایی بەڕێوەدەچێت كە ئەردۆغان لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی تەموزی 2016 وە سەپاندویەتی.
لەدوای هەڵبژاردنی ئەمڕۆوە سیستمی نوێی حوكمڕانی لە توركیا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە سیستمی سەرۆكایەتییە و چیتر پەرلەمان ئەو دەسەڵاتەی نامێنێت.
ئەردۆغان و ئینجە چییان بە یەكتر وت ؟
لەم هەڵبژاردنەدا ئەردۆغان رووبەڕوی ركابەرێتی سەختی موحەڕەم ئینجە كاندیدی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) دەبێتەوە، كۆبونەوە جەماوەرییە گەورەكانی ئینجە نەك هەر لە ناوخۆی توركیا لە دەرەوەش قسەوباسی لەبارەیەوە دەكرێت.
دوێنێ لە دوایەمین رۆژی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە كۆبونەوەیەكی جەماوەریدا لە شاری ئیستانبوڵ كە لانی كەم دوو ملیۆن كەس ئادەبوون، ئینجە وتی: " توركیا لەژێر ئیدارەی ئەردۆغاندا خەریكە بەرەو حوكمی دەسەڵاتخوازانە دەڕوات".
ئینجە كە بە كامپەینە ئاگرینەكانی هەناسەیەكی بۆ گیانی شەكەتی ئۆپۆزسیۆن لە توركیا گەڕاندەوە رایگەیاند" ئەگەر ئەردۆغان سەركەوێت بەردەوام دەبێت لە گوێگرتن لە تەلەفۆنەكانتان. ترس بەردەوام دەبێت. بەڵام ئەگەر ئینجە سەركەوێت دادگاكان سەربەخۆ دەبن".
بەپێچەوانەی ئەردۆغانەوە، ئینجە بەڵێنیدا ئەگەر لە هەڵبژاردن سەركەوێت لە پۆستی سەرۆك كۆماردا كەسێكی حزبی نەبێت و واز لە حزبەكەی بهێنێت و لەماوەی 48 كاتژمێردا یاسای باری نائاسایی هەڵگرێت.
لەبەرامبەردا لە وتارێكدا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە لایەنگرەكانی خۆی وت" ئایا سبەینێ زللەیەكی عوسمانی لە نەیارەكانمان دەدەن ؟".
ئەردۆغان موحەڕەم ئینجەی ركابەری كە پێشتر مامۆستا و 16 ساڵ پەرلەمانتار بووە تۆمەتباركرد بەوەی " بەهرەی سەركردایەتیكردنی تێدا نییە".
ئەردۆغان وەكو ئاماژەیەك بۆ موحەڕەم ئینجە وتی" ئەوەی كە مامۆستای فیزیا بێت یەك واتای هەیە، ئەمە شتێكی جیاوازە لە ئیدارەدانی وڵات. ئەوەی كە ببیت بە سەرۆك شتێكە كە پێویستی بە شارەزایی هەیە".
ئەردۆغان هاوكات بەڵێنی بە لایەنگرەكانی دا ئەگەر لە هەڵبژاردندا سەركەوێت، ژمارەیەك پرۆژەی ژێرخانی گەورە بۆ بەهێزكردنی ئابوری وڵات بنیاددەنێت.
پێگەی كورد لە هەڵبژاردنی توركیادا ؟
پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) سەرباری سنوری بانگەشەی هەڵبژاردنی بازنەی كوردی تێپەڕاندووە، بەڵام هەروەكو پارتێكی كوردی تەماشا دەكرێت.
ئەم پارتە لە هەڵبژاردنی رابردووی توركیادا بۆ جاری یەكەم بەربەستی 10%ی تێپەڕاند و بە (59) كورسی چوە ناو پەرلەمانی توركیا، ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا جارێكی تر بتوانێت بەربەستی 10% تێپەڕێنێت كە راپرسییەكان پێشبینی دەكەن، رەنگە ئەردۆغان زۆرینە لەناو پەرلەمان لەدەستبدات، بەمەش جارێكی پێگەی ئەو پارتە لە گۆڕەپانی سیاسی توركیا بەهێز دەبێتەوە.
پرسی سەرەكی بانگەشەی هەڵبژاردن
بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارەی توركیا سەرباری دۆزی كورد و پەكەكە، قەیرانی دابەزینی بەهای لیرەی توركی و هەڵاوسانی ئابوری بەرێژەی 11% تەوەری سەرەكی بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندیدەكان بوو.
ترسی ساختەكاری
سەرباری ئەوەی توركیا مێژویەكی هەیە لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام هێشتا هەڵبژاردن لەو وڵاتە ترسی ساختەكاری لەسەرە.
بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆ چەند بابەتێك هەن كە ترسیان دروستكردووە لەسەر پرۆسەكە:
یەكەم: فشاری دەوڵەت و پارتی دەسەڵاتدار لەسەر دەنگدەران و ترساندنیان بەتایبەتی لە ناوچەكانی باكوری كوردستان كە رەنگە كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان هەبێت.
دووەم: ترسی دزینی دەنگ و ساختەكردنی ئەگەرێكی مەترسیداری ترە لەسەر پرۆسەكە، بەتایبەتی لەكاتێكدا یاسای نوێی هەڵبژاردنی توركیا رێگە بەوە دەدات ئەو كارتانەی دەنگدانیش ئەژمار بكرێن كە ممۆری ئەنجومەنی هەڵبژاردنەكانیان لەسەر نییە.
دەسەڵاتەكانی سەرۆكی نوێی توركیا
مانگی نیسانی 2017 لە توركیا ریفراندۆمێك بەڕێوەچوو بۆ بڕیاردان لەسەر گۆڕینی ژمارەیەك مادەی دەستور، ئەردۆغان و لایەنگرەكانی بە جیاوازییەكی كەم ریفراندۆمەكەیان بردەوە و بەپێی ئەو ئەنجامە سیستمی حوكمڕانی توركیا لە پەرلەمانییەوە گۆڕدرا بۆ سەرۆكایەتی، سیستمی نوێی سەرۆكایەتی راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەپێی سیستمی نوێی سەرۆكایەتی توركیا، پۆستی سەرۆك وەزیران نامێنێت و پەرلەمانیش ئەو رۆڵەی كە ئێستا هەیەتی چیتر نامێنێ و هەموو دەسەڵاتەكان لە دەستی سەرۆك كۆماردا كۆدەبێتەوە.
سەرۆك كۆمار ئەم دەسەڵاتانەی هەیە:
• دامەزراندنی گەورە دەسەڵاتدارانی وڵات بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكەوە
• دەسەڵاتی دەستوەردان لە سیستمی یاسایی وڵات
• دەسەڵاتی سەپاندنی باری نائاسایی