Draw Media

دوو حاجییه‌كه‌ له‌نێوان (كۆنگره‌)و (به‌یعه‌ت)دا

دوو حاجییه‌كه‌ له‌نێوان (كۆنگره‌)و (به‌یعه‌ت)دا

2023-05-11 11:07:02


(دره‌و):

ئه‌مڕۆ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی بوو به‌ خاوه‌نی دوو رابه‌ر، یه‌كێكیان ده‌ڵێ شه‌رعیه‌تی "كۆنگره‌"ی هه‌یه‌، ئه‌وی تر شه‌رعیه‌تی "به‌یعه‌ت"ی به‌ده‌ستهێنا، كێشه‌ی ته‌ره‌فه‌ ناكۆكه‌كانی بزوتنه‌وه‌ هێشتا له‌ فه‌رمانگه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ردوو حاجییه‌كه‌ خۆیان به‌ خاوه‌نی ناوی "بزوتنه‌وه‌" ده‌زانن.

لە ھۆڵی (ھونەر)ی سلێمانی لایەنگرەکانی وەکو رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، (بەیعەت)یان بە (کامیل حاجی عەلی)دا، ئەمە ناوی لێنراوە کۆنگرەی ١٤ی بزوتنەوەی ئیسلامی، کۆنگرەیەک کە سندوقی دەنگدانی تێدا دانەنراو بە (بەیعەت) کۆتایی ھات.
رۆژی ٥ی شوباتی ٢٠٢٢ کۆنگرەی ١٤ی بزوتنەوەی ئیسلامی لە ھەولێر بەڕێوەچوو، لەم کۆنگرەیەدا تەنیا یەک کاندید ھەبوو بۆ پۆستی رابەری گشتی کە ئەویش کامیل حاجی عەلی بوو، بەڵام بەھۆی ئەو سەقفەی بۆ دەنگی رابەر دانرابوو، وەکو رابەر دانەنراو (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) وەکو رابەری بزوتنەوەکە مایەوە.
ئەم دۆخە ناکۆکییەکی نوێی لەناو بزوتنەوەدا دروستکرد، کامیل حاجی عەلی و لایەنگرەکانی ئەنجامی کۆنگرەکەیان رەتکردەوە، ھەردوو تەرەفی ناکۆک کێشەکانیان بردە فەرمانگەو حزب و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆمسیۆن ھێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە لەبارەی ئەوەی کام یەکێک لەو دوو تەرەفە دەبێت بە خاوەنی ناوی (بزوتنەوەی ئیسلامی)، بەڵام ئێستا ئەم دوو تەرەفە دوو بزوتنەوەی ئیسلامییان دروستکردووە.
کامیل حاجی عەلی دەڵێ" بەپێی نووسراوی فەرمانگەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان  ژمارە ش.ح/خ/ ٤۷٦ لەبەرواری ۲/ ۳ / ۲٠۲۲ ئەنجامی کۆنگرەی ١٤ هەڵوەشاوەتەوە و داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی کۆنگرەیەکی گشتی نوێ لەبزووتنەوە کراوە". بەپێی قسەی حاجی کامیل، بۆ ئەو "کۆنگرە"ی ئەمڕۆ کردویانە، ڕەزامەندی کۆمیسیۆنیان وەرگرتووە".
لە بەرامبەردا لایەنگرانی حاجی عیرفان بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەوەی ئەمڕۆ لایەنگرانی کامیل حاجی عەلی کردیان، ئاماژە بە نوسراوێکی فەرمانگەی حزبە سیاسییەکان دەکەن لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کە دوێنێ دەرچووەو تێیدا داوا کراوە کۆنگرەکەی ئەمڕۆ رابگیرێت تا ئەوکاتەی وردبینی لەو داوایانەدا دەکرێت کە سەبارەت بە دواخستنی کۆنگرەکەو وەرگرتنی رێوشوێنی گونجاو، تۆمارکراون.
رەنگە ئەمە ھۆکارەکە بێت لە کۆنگرەکەی ئەمڕۆدا لایەنگرانی حاجی کامیل سندوقی دەنگدانیان دانەناو بە "بەیعەت" کۆتاییان پێھێنا، واتا ھێشتا چارەنوسی حزبەکە لەنێوان ھەردوو حاجییەکەدا لەڕووی یاساییەوە یەکلانەبووەتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand