چێشتخانەیەك سكرتێری كۆشكی سپی دەردەكات
2018-06-24 10:01:56
(درەو میدیا):
چێشتخانەیەكی ئەمریكا، پێشوازی لە سارە ساندەرز سكرتێری رۆژنامەوانیی كۆشكی سپی ناكات و لە چێشتخانەكە دەریدەكات، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا كاردەكات.
ئێوارەی رۆژی هەینی خاوەنی چێشتخانەی " رێد هین " لە شاری لیكسینگتۆن لە ولایەتی ڤێرجینیا داوا لە سارە ساندەرز و خێزانەكەی دەكات دەستبەجێ چێشخانەكەی بەجێبهێڵن.
لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بەوە ساندەرز لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی:" رەفتاری خاوەنی چێشتخانەكە كەسایەتی ئەو زیاتر ئاشكرا دەكات نەك من".
لای خۆشیەوە ستیفانی ویلكینسۆن وتی بە بڕوای ئەو سارە ساندەرز بۆ ئیدارەیەكی " نا مرۆیی و نا ئەخلاقی" كاردەكات.
ستیفانی كە چێشتخانەكەی 26 كورسی تێدایە و خواردنەكانی راستەوخۆ لە كێڵگەكانەوە دەهێنێت لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست رایگەیاند داوای لە كارمەندەكانی كردوووە كە كە داوا لە وتەبێژەكەی ترەمپ بكەن چێشتخانەكەی بەجێبهێڵێت و ئەوانیش جێبەجێیان كردووە.
دەركردنی سكرتێری رۆژنامەوانیی كۆشكی سپی لە چێشتخانەیەك، دووەم رووداوە لەم ماوەیەدا رووبدات و لە چەند رۆژی رابردووشدا كریستین نیلسین وەزیری ئاسایاشی ناوخۆی ئەمریكا لە چێشتخانەیەكی مەكسیكی لە واشنتۆن دی سی رووبەڕووی سوكایەتی پێكردن بووەوە.
ئە دوو رووداوە دوای ئەوە دێت كە حكومەت ئەمریكا رووبەرووی فشاری زۆر بوەتەوە، بەهۆی سیاسەتەكانییەوە، بە تایبەتیش جیاكردنەوەی منداڵانی كۆچبەر لە دایك و باوكیان لەسەر سنوری مەكسیك.