Draw Media

دانوستانی پارتی‌و یەكێتیی بەرەو كوێ دەڕوات ؟

دانوستانی پارتی‌و یەكێتیی بەرەو كوێ دەڕوات ؟

2023-05-10 12:50:20


راپۆرت: درەو
نیوەڕۆخوانەكەی مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی هێندە كتوپڕ بوو، سەركردەكانی پارتی‌و یەكێتیش تائێستا باوەڕیان نەكردووە، بەگوێرەی گفتوگۆ بەراییەكان ئەوەی تائێستا رێككەوتنی لەسەر كراوە ئەوەیە وەرەقە داراییەكەی یەكێتیی دەخرێتە بەردەم تیمی وزاری پارتی‌و هەردوولا پێكەوە رێككەوتنی لەسەر دەكەن، كەیسی عەقید (هاوكار جاف) لیژنەی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتیی پێكەوە یەكلایی دەكەنەوە، گۆڕانكارییە وزارییەكانیش دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردن، لێكنزیكبونەوەكە هێندە خێرایە قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی هەردوو حزب بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەڵام ئەم بابەتە هێشتا رێككەوتنی لەسەر نەكراوە. وردەكاری دانوستانی پارتی‌و یەكێتیی لەم راپۆرتەدا. 

ئامادەكردنی رەشنوسی رێككەوتن
دوای زیاتر لە (6) مانگ دابڕان، رۆژی دوو شەممەی ئەم هەفتەیە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كۆبونەوە. 
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەو كۆبونەوەیەدا كە ماوەی چەند كاتژمێرێكی خایاندووە، سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی لەسەر هەموو بابەتە كێشەلەسەرەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی گفتوگۆیان كردووە. 
ئێستا لە یەكەم هەنگاودا، پارتی‌و یەكێتیی هەڵمەتی میدیاییان لەدژی یەكتر راگرتووە، لەدوای دیدارەكەی مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانییەوە، چەند كۆبونەوەیەك تایبەت بە پرسی ئاشتەوایی نێوان پارتی‌و یەكێتیی كراوە، لەوانە: 
•    كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی. 
•    كۆبونەوەی تیمی وزاری پارتی‌و یەكێتیی لەرێگەی نوێنەرەكانیانەوە. 
هەموو ئەم كۆبونەوانە بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی كۆتایی رێككەوتننامەی ئەمجارەی نێوان پارتی‌و یەكێتییە، رێككەوتننامەیەك كە تێیدا كێشەكانی نێوان هەردوو حزب دابەشكراون بەسەر چەند  تەوەرێكدا، واتە هەردوو حزب بەنیازی ئەوەن رێككەوتنێكی گشتگیر بكەن. 

وەرەقەی دارایی !
بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی‌و گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتیی لە حكومەت، وەرەقەیەكی دارایی ئامادە كردووە. 
لەم وەرەقەیەدا كە (درەو) پێشتر دەقەكەی بڵاوكردەوە، یەكێتیی داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی 43% بە 57% دەكات لەنێوان سلێمانی‌و هەولێردا  لەبابەتی پڕكردنەوەی كورتهێنانی خەرجی موچەدا.
لەپاڵ ئەمەدا، یەكێتیی داوا دەكات (كۆكردنەوەی داهات مەركەزی بێت- هەرێم یەك سیولەی دارایی هەبێت- لیژنەی وزاری داهات‌و سیولە بەڕێوەببات). 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە دیدارەكەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی باسی لە ناوەڕۆكی ئەم وەرەقە داراییە كردووە‌و مەسرور بارزانی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی تیمی وزاری هەردوو حزب گفتوگۆی لەبارەوە بكەن‌و ئامادەی بكەن بەمەبەستی پەسەندكردنی لە ئەنجومەنی وەزیران. 

دۆسیەی ئەمنیی
ئۆكتۆبەری 2022 ئۆتۆمبێلی عەقید (هاوكار جاف) ئەفسەری دەزگای زانیاریی یەكێتیی لە هەولێر تەقییەوە، هاوكار جاف كوژرا، لەدوای ئەم رووداوە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دانپێدانانی تۆمەتبارانی رووداوەكەی بڵاوكردەوە، فەرماندەی هێزی دژەتیرۆری یەكێتیی تۆمەتباركرد بە نەخشەداڕێژەری تەقینەوەكە، ئیتر لێرەوە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی ئاڵۆزی تێكەوت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی بایكۆت كرد. 
یەكێتیی ناڕازی بوو لەوەی پارتی لەرێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە دانپێدانانەكانی بڵاوكردەوەتەوە بەبێ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتیی‌و دروستكردنی لیژنەی هاوبەش تایبەت بە رووداوەكە. 
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەفەرمی بەرپرسیارێتی هێرشەكەی خستە ئەستۆی یەكێتیی، لە لێدوانێكدا وتی: یەكێتیی دەیەوێت كەیسی هاوكار جاف دابخات، بەڵام ئەو كەیسەكە داناخات. 
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەچوارچێوەی ئەو دانوستانەی كە چەند رۆژی رابردوودا لەنێوان هەردوو حزبدا هەبووە بۆ رێككەوتن، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی جارێكی تر لیژنەیەكی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتیی لێكۆڵینەوە لەسەر كەیسی تیرۆركردنی عەقید (هاوكار جاف) بكەن، ئەنجامەكەی هەر شتێك بێت، سەرۆكی حكومەت پێوەی پابەند دەبێت.
بابەتێكی تری ئەمنیی كێشە لەسەر لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی، كە بەهەمان شێوە پەیوەندی بە دۆخی دوای تیرۆركردنی (هاوكار جاف)ەوە هەیە، پرسی راگرتنی نەسریەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتییە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە كە مانگانە بڕەكەی (549 )ملیۆن دینارە. (درەو) زانیویەتی، یەكێك لەو بابەتانەی كە هەردوولا لە دانوستانەكانیاندا دەیانەوێت چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، بابەتی ئەم پارەیە. 

گۆڕانكاری وزاری‌و پۆستەكان  
گۆڕانكاری وزاریی یەكێك لەو بابەتانەیە كە بەهۆی كێشەی نێوان پارتی‌و یەكێتییەوە پەكیكەوت، یەكێتیی ئێستا لەناو حكومەت دوو پۆستی بەتاڵی هەیە كە یەكەمیان پۆستی وەزیری (پێشمەرگە)یە‌و وەزیرەكەی كە (شۆڕش ئیسماعیل)یە بەفەرمی دەستی لەكاركێشاوەتەوە‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەستلەكاركێشانەوە پەسەندكردووە، یەكێتیی  بۆ شوێنی (شۆڕش ئیسماعیل) بەفەرمی (رێباز بێركۆتی) كاندید كردووە، مەسرور بارزانی كاندیدەكەی یەكێتیی پەسەندكردووە‌و رەوانەی پەرلەمانی كردووە بۆ پەسەندكردن. 
پۆستە بەتاڵەكەی تری یەكێتیی لە ئەنجومەنی وەزیران پۆستەكەی خالید شوانییە (وەزیری هەرێمە بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد)، شوانی دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە‌و پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت، یەكێتی بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی لە ئەنجومەنی وەزیران (ئەحمەد عەسكەری) كاندیدە كردووە، بەهەمان شێوە مەسرور بارزانی ئەم گۆڕانكارییەی یەكێتیشی پەسەندكردووە‌و ناوی ئەحمەد عەسكەری ناردووە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پێدانی متمانە. 
سەرباری پۆستە وزارییەكان، یەكێتیی دەیەوێت (چەتۆ ساڵح) بریكاری وەزیری ناوخۆ بگۆڕێت، بەڵام ئەم گۆڕانكارییە پێویستی بەوەیە چەتۆ ساڵح دەستلەكاربكێشێتەوە، بەڵام ئەو ئامادە نییە دەستلەكاربكێشێتەوە، ئەمەش بابەتێكە كە هەردوولا لە دانوستانەكانیاندا دەیانەوێت یەكلای بكەنەوە. 
لەبەرامبەردا پارتیش دەیەوێت چەند گۆڕانكارییەك لە تیمی خۆی بكات لە حكومەت‌و پەرلەمان، چونكە لە كۆنگرەی 14ی پارتیدا بڕیار لەسەر ئەوە دراوە ئەوانەی پۆستی ئەندامی مەكتەبی پارتی وەردەگرن نابێت پۆستی حكومییان هەبێت، لەناو تیمی پارتیدا لە حكومەت (پشتیوان سادق) وەزیری ئەوقاف‌و كاروباری ئاینیی پۆستی ئەندامی مەكتەبی سیاسی وەرگرتووە‌و پارتی (ئەحمەد كانیی) بۆ شوێنگرەوەی كاندیدكردووە، سەرباری ئەمە هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەهەمان شێوە پۆستی مەكتەبی سیاسی وەرگرتووە‌و پارتی بڕیاریداوە بیگۆڕێت‌و (زانا مەلا خالید)ی بۆ شوێنەكەی كاندید كردووە. 
بەهۆی ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتییەوە هەموو ئەم گۆڕانكارییانە راوەستان‌و پەرلەمان نەیخستە بەرنامەی كارەوە.
(درەو) زانیویەتی، مەسرور بارزانی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی گۆڕانكارییە وزارییەكانی هەردوولا لە پەرلەمان پەسەند بكرێت. 
هەروەها یەكێتیی دەیەوێت هەندێك گۆڕانكاری لە پۆستی پارێزگارو ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتیدا بكات، ئەم گۆڕانكارییانە بەهۆی ناكۆكی هەردوو حزبەكەوە لەلایەن مەسرور بارزانییەوە راگیرا، لەم دانوستانانەدا ئەم پرسەش یەكلایی دەكرێتەوە. 

لیستی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتیی !
دیدارەكەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ مەسرور بارزانی هێندە كتوپڕ بوو، زۆرێك لە سەركردایەتی پارتی‌و یەكێتیی ئاگادار نەبوون.
دیدارە كتوپڕەكەی نێوان سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی، دوای سەردانە كتوپڕەكەی باربارا لیف یاریدەدەری سەرۆكی ئەمریكا هات بۆ هەرێمی كوردستان، سەردانێكدا كە تێیدا واشنتۆن هۆشداری بە هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە دا، لەزوترین كاتدا پەیوەندییەكانی نێوانیان ئاسایی بكەنەوە‌و هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بكەن. 
هەندێك لە سەرچاوەكان لەناو پارتی‌و یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، لێكنزیكبوونەوەكەی نێوان مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی ئەوەندە چوەتە پێشەوە كە قسەوباس لەبارەی ئەوە دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، هەردوو حزب هاوشێوەی ساڵانی 2005و 2009 یە یەك لیست بچنە ناو هەڵبژاردنەوە. 
پارتی‌و یەكێتیی لەسەر یاسای هەڵبژاردن ناكۆكن، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە كورسی كۆتاكان‌و چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی پارێزگاكانەوە هەیە لە شێوازی فرەبازنەیی هەڵبژاردندا، ئەگەر لەسەر یەك لیستی رێككەوتن بكەن، ئەوا هەموو كێشەكانی نێوانیان لەبارەی هەڵبژاردنەوە سفر دەبێتەوە، بەڵام یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە دەكەوێتە گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حزب لە هەفتەی داهاتوودا. 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand