Draw Media

كاتژمێر 11ی شەو ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا رادەگەیەنرێت

كاتژمێر 11ی شەو ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا رادەگەیەنرێت

2018-06-24 09:28:42


(درەو میدیا):
كاتژمێر 11ی ئەمشەو بەكاتی توركیا ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیی توركیا رادەگەیەنرێت.

دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی توركیا كاتژمێر هەشتی بەیانی بەكاتی ناوخۆی توركیا دەستیپێكرد  و كاتژمێر پێنجی ئێوارە كۆتایی دێت و بە گوێرەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا سەرەتا جیاكردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڕێوەدەچێت و پاشان دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان جیادەكرێنەوە.
سەعدی گوڤەن سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان، رایگەیاند لیژنەكە كاردەكات بۆئەوەی پێش نیوەی شەو ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رابگەیەنێت.
گوڤەن وتیشی بە بڕوای ئەو نزیكەی كاتژمێر 11ی شەو بەكاتی ناوخۆی توركیا ئەنجامەكان رادەگەیەندرێن.
گوڤەن رونیشیكردەوە نوێنەرانی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن لە هەموو ناوەندێكی جیاكردنەوەی دەنگەكان ئامادەدەبن و كۆنوسی خۆیان ئامادەدەكەن و رەوانەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان و بارەگای حزبەكانیان دەكەن.
ئاماژەیبەوەشدا توركیا تاكە وڵاتە كە رێگە بە هاوڵاتیانیش دەدرێت چاودێری پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بكەن و وتیشی زیاتر لە 500 چاودێری 49 وڵاتی جیهان بەشدارن لە چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكاندا.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand