كێ شوێنی پەرلەمانتارانی كۆمەڵ دەگرێتەوە؟
2023-05-08 14:26:32
(درەو):
ئەگەر لەناو لیستی کۆمەڵدا كەس نەبوو شوێنیان بگرێتەوە، ئەوا کورسییەکانی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی کوردستان دابەشدەكرێت بەسەر لیستە براوەكاندا، بەجۆرێك (٣) كورسی بۆ پارتی، (٢) كورسی بۆ یەکێتیی، کورسییەک بۆ گۆڕان و کورسییەک بۆ بزووتنەوە، ئەگەرێکیش ھەیە ھەر شوێنەکانیان پڕنەکرێتەوە.
ئەمڕۆ (7) پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی دادگەریی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمانی کوردستان کرد، بەڵام تائێستا شوێنگرەوەكانیان دیاری نەكراوەو نازانرێت كێ شوێنیان دەگرێتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بۆ شوێنگرەوەی پەرلەمانتارانی كۆمەڵی دادگەریی، ئەگەر لەناو لیستی كۆمەڵ خۆیدا كەسانێك هەبن بیانەوێت شوێنیان بگرنەوە ئەوا دەتوانن، واتا بەپێی ریزبەندی (7) كاندیدی ناو لیستی كۆمەڵ بۆ هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان شوێنیان دەگرنەوە، بەڵام ئەگەر هیچ كاندیدێكی کۆمەڵ ئامادەنەبوو بچێتە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان، ئەوا چەند بۆچونێك هەیە بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكانیان، ئەمە لەبەرئەوەی هیچ مادەیەكی یاسایی روون و راشکاو نییە ئاماژە بەم بابەتە بکات، بۆیە تەنیا بۆچوون هەیە بۆ ئەو مەبەستەو بۆچوونەکانیش بەمشێوەیەن:
* بۆچوونی یەکەم: دابەشكردنی کورسییەکان بەسەر ئەو لیستانەی كە دەنگی پێویستیان نەهێناوە بۆ چونە پەرلەمان.
* بۆچوونی دووەم: دابەشكردنی کورسییەکان بەسەر لیستە براوەكانی پەرلەمانی بەپێی رێژەی کورسییەکانیان بەم شێوەیە:
- لیستی پارتی (45) كورسی، واتا (45 كورسی دابەشی 100 كورسی لێكدانی 7 كورسی كۆمەڵ) = بە 3 كورسی، واتا سێ كورسی كۆمەڵی دادگەریی بۆ پارتی دەچێت.
- لیستی یەكێتی (22) كورسی، واتا (22 كورسی دابەشی 100 كورسی لێكدانی 7 كورسی كۆمەڵ) = بە 2 كورسی، واتا دوو كورسی كۆمەڵی دادگەریی بۆ یەكێتی دەچێت.
- لیستی گۆڕان ئێستا (9) كورسی، واتا (9 كورسی دابەشی 100 كورسی لێكدانی 7 كورسی كۆمەڵ) = بە 1 كورسی، واتا یهك كورسی كۆمەڵی دادگەریی بۆ گۆڕان دەچێت.
رەنگە کورسییەکیش بۆ بزووتنەوەی ئیسلامی بچێت.
سەرباری ئەم بۆچوونانە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلومانی کوردستان لەو وادەیەدا بەڕێوەبچێت کە دیاریکراوە، شوێنگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی کۆمەڵی دادگەریی پڕنەکرێتەوەو ھەر بە بەتاڵی بھێڵدرێتەوە.