Draw Media

 وەرەقەی دارایی یەكێتیی بۆ دانوستان لەگەڵ پارتیدا

 وەرەقەی دارایی یەكێتیی بۆ دانوستان لەگەڵ پارتیدا

2023-05-08 13:08:44


راپۆرت: درەو
(كۆكردنەوەی داهات مەركەزی بێت- هەرێم یەك سیولەی دارایی هەبێت- لیژنەی وزاری داهات‌و سیولە بەڕێوەببات- لە خەرجییەكان‌و پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچەدا هاوكێشەی 43% بە 47% لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا هەڵبوەشێتەوە) ئەمە كرۆكی وەرەقەیەكی داراییە كە تیمی یەكێتیی بۆ دانوستان لەگەڵ  تیمی پارتی‌و گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت ئامادەی كردووە، وردەكاری وەرەقە داراییەكەی یەكێتیی لەم راپۆرتەدا. 

یەكەم دیدار دوای 6 مانگ 
دوای زیاتر لە (6) مانگ بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و سەرۆكی تیمی یەكێتیی لە حكومەت، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران‌و جێگری سەرۆكی پارتی بینی. 
ئەم دیدارە دوای چەند رۆژێك دێت لە سەردانی خاتوو (باربارا لیف) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان، سەردانێك كە تێیدا كێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی تێدا تاوتوێ كراو پەیامی واشنتۆن لەوبارەیەوە بە هەردوو لایەنەكە گەیەندرا.

وەرەقەی دارایی یەكێتیی بۆ دانوستان
دیدارەكەی قوباد تاڵەبانی پێشەكییەك بوو بۆ دەستپێكردنی دانوستان بۆ گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە كە وادەی كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانە، دارا رەشید وەزیری پلاندانان بە نوێنەرایەتی تیمی یەكێتیی دەچێتە ناو كۆبونەوەكە‌و وەرەقەی دارایی یەكێتیی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت دەخاتەڕوو.  
بۆ ئەم دانوستانە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، یەكێتیی وەرەقەیەكی دارایی ئامادە كردووە بەناوی "بنەماكانی رێكخستنەوەی دارایی هەرێمی كوردستان". 
(درەو) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە، كرۆكی وەرەقە داراییەكەی یەكێتیی بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی‌و گەڕانەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەستكەوتووە. 

وەرەقەیەك‌و چەند تەوەرێك
(درەو) زانیویەتی، ئەو وەرەقە داراییەی یەكێتی بۆ دانوستان  لەگەڵ پارتی ئامادەی كردووە لە چەند تەوەرێك پێكدێت كە ئەمانەن: 
•    داهاتەكان
•    خەرجییەكان‌و دەسەڵاتی خەرجكردن
•    پڕكردنەوەی كورتهێنان
•    لیژنەی باڵای وزاری بۆ بڕیاردان‌و بەدواداچوون‌و وەرگرتنی داهاتە جۆراوجۆرەكان‌و گرتنەبەری رێكاری پێویست لەحاڵەتی جێبەجێنەكردنی بنەماكاندا

پرۆژەی یەكێتیی بۆ كۆكردنەوەی (داهاتەكان) چییە ؟
بەگوێرەی ئەو وەرەقە داراییەی یەكێتی بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی ئامادەی كردووە، داوا كراوە بەڕێوەبردنی داهاتەكان‌و سیولە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن لیژنەیەكی وزارییەوە بەڕێوەببرێت، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە یەكێتی نیگەرانە لە كۆكردنەوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی داهاتەكان لە دەستی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیراندا. 
لەمبارەیەوە یەكێتیی لە وەرەقەكەیدا داوا دەكات:  
•    كۆكردنەوەی داهاتەكان لەسەر بنەمای چەسپاندنی "شەراكەتی راستەقینە" بێت‌و لەسەرتاسەری هەرێم "مەركەزی" بێت.
•    تۆماركردنی سەرجەم داهاتەكان لە وەزارەتی دارایی بەشێوەی "مەركەزی". راگرتنی بڕیاری تەرخانكردنی رێژەیەك لە داهاتی ناوخۆی وەزارەتەكان بۆ خۆیان. كۆكردنەوەی گشت داهاتەكان لە یەك گەنجینەی گشتیدا. داخستنی سەرجەم ئەژمێرە بانكییەكانی وەزارەتەكان لە بانكە ئەهلییەكان‌و گواستنەوەی رەسیدی وەزارەتەكان لە بانكە ئەهلییەكانەوە بۆ حسابی بانكی حكومی. 
•     رێكخستن‌و دابەشكردنی یەكسانی سویلە "نەختینە"ی دارایی بەشێوەی "مەركەزی" بێت لە وەزارەتی دارایی‌و ئابوری. هەرێمی كوردستان یەك سیولەی دارایی هەبێت. 
•    ئاڕاستەكردن‌و بەڕێوەبردنی (داهات)‌و (سیولە) بەشێوەی مەركەزی بێت لەژێر سەرپەرەشتی لیژنەیەكی باڵای وزاری بەپێی ئاستی ئەو دەسەڵاتانەی كە دەستنیشان دەكرێت بۆ هەریەكە لە: 
-    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
-    جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
-    وەزیری دارایی‌و ئابوری
-    وەزیری پلاندانان
-    سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران

كێ دەسەڵاتی خەرجكردنی هەبێت ؟ 
هاوشێوەی داهاتەكان، یەكێتیی دەیەوێت لەم دانوستانەدا لەگەڵ پارتی، دەسەڵاتی خەرجكردن لەناو حكومەت بەوشێوەیە رێكبخاتەوە كە دەیەوێت، بۆ ئەمەش داوا دەكات: 
•    دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی خەرجییەكان لەنێوان (سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی‌و ئابوری، وەزیری پلاندانان، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران) رێكبخرێتەوە، ئەمەش بۆ سەرجەم جۆرەكانی خەرجی لەنمونەی خەرجی (موچە، بەكاربردن، پرۆژەكانی وەبەرهێنان). 
•    هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی (43%) بۆ سلێمانی‌و (57%) بۆ هەولێرو دهۆك لە بابەتی خەرجییەكان. دابەشكردنی داهاتی گشتیی لەسەر بنەمای "شایستەبوون". 

كورتهێنانی خەرجی موچە چۆن پڕبكرێتەوە ؟
بەگوێرەی وەرەقە داراییەكەی یەكێتیی، داوای ئەوە دەكرێت پڕكردنەوەی كورتهێنان بۆ موچە بەشێوەی "مەركەزی" بێت، ئەمەی دوای ئەوەی كە دابینكردنی "سیولە" بە مەركەزی دەكرێت، واتە لەم بابەتەشدا بە هەمان شێوە یەكێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی 43% بەرامبەر بە 57% دەكات لەگەڵ پارتی. 
لەپاڵ ئەمەدا، یەكێتیی داوا دەكات "پرۆژە ستراتیژییەكان" سەرلەنوێ پێناسە بكرێنەوە. 

ئەگەر رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا !
وەرەقە داراییەكەی یەكێتیی، ئەگەری جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنی لەسەر وەرەقە داراییەكە خستوەتەڕوو، بۆ ئەم حاڵەتە داوای پێكهێنانی "لیژنەی باڵای وزاری" كردووە بۆ بەدواداچوون. 
ئەو لیژنە باڵا وزارییەی كە یەكێتیی پێشنیازی دروستكردنی كردووە، پێكدێت لە هەریەكە لە: 
-    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
-    جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
-    وەزیری دارایی‌و ئابوری
-    وەزیری پلاندانان
-    سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران
-    سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand